بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان سەربە ئاسایشی گشتی هەولێر رایگەیاند، باندێكی مەترسیداری ماددەی هۆشبەر بە 85 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیركراون و دەشڵێت، ئەو باندە مانگانە زیاتر لە 100 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەرییان لە هەولێرو دهۆك و شارەكانی تر ساغ كردۆتەوە.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتی ماددە هۆشبەرەكان سەربە ئاسایشی گشتی هەولێر، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"لە پرۆسەیەکی بەدواداچون و کۆکردنەوەی زانیاری ورددا کە نزیکەی هەفتەیەکی خایاند، دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچون و چاودێری، لە چالاکییەکدا توانییان باندێکی مەترسیداری ماددەی هۆشبەر دەستگیر بکەن کە پێکهاتون لە سێ تۆمەتبار و هاوکات بڕی 85 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەریش لە جۆری کریستاڵیان پێوە گیرا."
بەڕێوەبەرایەتییەكە ئاماژەی بەوەشداوە "لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەدا دەرکەوت کە ئەم باندە کۆگایەکیان هەیە لە یەکێک لەباخ (مەزرەعە)کانی دەوروبەری شاری هەولێرو ئەم ماددە هۆشبەرانەیان لە سنوری قەڵادزێوە دەهێنا بۆ ئەم کۆگایەو لە شاری هەولێر و دهۆک و چەند شارێکی تر ساغیان دەکردەوە."
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتی ماددە هۆشبەرەكان جەختی كردۆتەوە كە "ئەم باندە بەیەکێک لە باندە هەرە مەترسیدارەکانی ماددەی هۆشبەر هەژمارە دەکرێ و وەک لە دانپێدانانی ئەندامانی باندەکەدا دەرکەوتوه کە مانگانە زیاتر لە 100 کیلۆگرامیان لە هەولێر و دهۆک و شارەکانی تر ساغ دەکردەوە."