حكومەتی هەرێم رایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ یەكشەممە، بڕیاریدا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، سەرجەم وانەبێژانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت بکرێنە گرێبەست.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان کرد.
بەپێی راگەیەندراوەكە "سەرۆکی حکومەت سوپاسی مامۆستایان و وانەبێژانی کرد کە سەرەڕای دۆخی سەختی دارایی، کۆڵیان نەداوە و درێژەیان بە ئەرک و پەیامی پیرۆزی خۆیان داوەو بەرپرسیاریەتی خۆیان بەجێگەیاندوە."
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە "بەشێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکرێت، هەر بۆ نمونە لە ئاستی حکومەتی فیدراڵدا، لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا، تەنیا لە ماوەی ساڵێکدا، نزیکەی یەک ملیۆن کەس دامەزراون، بەڵام تەنانەت یەک کەسیان بۆ هەرێمی کوردستان دانەمەزراندوە."
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"سەرۆکی حکومەت دوای گوێگرتنی لە خواست و داواکارییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ، بڕیاریدا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکومەت هەرێم، سەرجەم وانەبێژانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت بکرێنە گرێبەست."