ئەندامێكی تیمی كوردستانی رێكخراوی CPTی ئەمریكی ئاشكرایكرد، بەهۆی بۆردومانەکانی ئەمڕۆی سوپای تورکیا لە دەڤەری بەرواری باڵا، ئاگر لە پێنج گوند کەوتۆتەوە و دانیشتوانی گوندێکیش گیریان خواردوە.
ئاوێنە: كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی رێكخراوی CPTی ئەمریكی لە راگەیەندراوێكدا وتی، بەهۆی بەردەوامی شەڕ و بۆردومانی چڕی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپبارانەکانی تورکیا لە دەڤەری بەرواری باڵا، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، ئاگر گەیشتۆتە ناو گوندەکانی “مێرگا قەسرێ، گرێ سۆر، ئەلکیشکێ، جمبلکێ و بێلیزانێ".
ئەوەشی خستۆتەڕو، ئاگرەکەی گوندی ئەلکیشکێ گەیشتۆتە ناو ماڵی گوندنشینان و باخ و بێستانی جوتیارەکان و گۆڕستانی گوندەکەشی گرتۆتەوە. بەهۆی بڵێسەی ئاگرەکە، شەقامی سەرەکی بۆ چونە ژورەوە یاخود هاتنە دەرەوە لە ناو گوندەکە داخراوە.
كامەران عوسمان ئاماژەی بەوەشداوە، ژمارەیەک لە گوندنشینان توانیویانە خۆیان دەرباز بکەن و لە گوندەکە بێنە دەرەوە، بەڵام لە ئێستادا 19 خێزانی ناو گوندەکە گیریان خواردوەو داوای بە هاناوەچون دەکەن بۆ دەربازکردنیان.
ئەوەی خستۆتەڕو، ڕێژەی دارستان و پوش و پاوەنی سوتاو بەهۆی شەڕ و بۆردومانەکانی ئەمڕۆی سوپای تورکیا لە دەڤەری بەرواری باڵا، بە 2400 دۆنم زەوی دەخەمڵێندرێت.