پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق هۆکاری دواكەوتنی موچەی فەرمانبەران بۆ پابەند نەبونی حکومەتی هەرێم دەگەڕێنێتەوەو دەڵێت،"هەرێم هیچ هەنگاوێک نانێت و نایەوێت موچە بکەوێتە سەر سکەی خۆی تا ئەم کێشەیە كۆتایی بێت."
ئاوێنە: دارا سێکانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕاستی نایەوێت موچە بکەوێتە سەر سکەی خۆی و ئەم کێشەیە کۆتایی پێبێت، حكومەتی هەرێم پێیوایە دەبێت موچە لە پێش دەستی خۆیدا بێت و کەی ویستی خەرجی بکات و کەی ویستی پاشەکەوتی بکات و کەی ویستی لێبڕین بکات و کەی ویستی خەرجی نەکات."
وتیشی،"گەر موچە تەوتین بکرێت ئەو کاتە موچە لە 100% گەرەنتی دەبێت و مانگانە دەچێتە سەر هەژماری فەرمانبەران، هەرێمیش پێوایە دەبێت موچە لە دەستی خۆیدا بێت و مانگانە وەک خێر و سەدەقە بیدات بەو خەڵکە کە لە پای ئەرک و ماف و شەونخونی خۆیان دەبێت وەریبگرن."
ئەوەش لەكاتێكدایە كە پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی کۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە هەڵەبجە، وتی"هۆکاری نەناردنی موچەی فەرامانبەرانی هەرێم، ئەوەنیە 30 هەزار کەس لە لیستی موچەدا زیادکرابێت، بەڵکو هۆکارەکە ئەوەیە دیسان دەیگەڕێنێنەوە بۆ پەڵپ لێگرتنێکی سیاسی دیکە، ئەمە برسیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و هیچ موبەڕڕێکی مەعقول بە دەست ئەوانەوە نیە کە موچەی خەڵکی هەرێمی کوردستانیان بڕیوە و بەداخەوە ئەمە پێچەوانەی دەستوری عێراق و پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵیە."
وتیشی،" ئێوە ئاگادارن دادگای فیدرالی ڕایگەیاند کە لە هیچ دۆخێکدا نابێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێکەڵی پرسە سیاسیەکان بکرێت و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە دیل بگیرێت و خەڵکی برسی بکرێت، ئەمە بیانو گرتنێکی ناڕەوایە و پێچەوانەی دەستورە و پێچەوانەی یاساکانی مافی مرۆڤە و هەمو ئەخلاقێکی سیاسی و ڕێکەوتنە سیاسیەکانە."
بەڵام دارا سێکانیانی وتی"کێشەی نەناردنی موچە ئەتوانم بڵێم زۆر ڕونە ئەویش بە هۆی ئەوەوەیە خۆمان دەزانین، موچە دو پاڵپشتی بەهێزی هەبو یەکەمیان مەسەلەی بابەتی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیە و دوەمیان یاسای بودجە کە دەنگی لەسەر دراوە لە ململانێ ڕزگاری بو، بەڵام کۆمەڵێ ڕێکاری کارگێڕی و ئیداری هەن کە پێویستە بگیرێنە بەر، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ جێبەجێی بکات، کەچی بە داخەوە ئەتوانم بڵێم حکومەتی هەرێمی کوردستان بە جدی کەمتەرخەم بوە و بە جۆرێک لە جۆرەکان بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی وەکو پێویست تەفسیری بۆ نەکرد و مامەڵەی لەگەڵ نەکرد."
وتیشی،" لە 21ی 2ی 2024ەوە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەسەر موچە دەرچوە کەچی ئەمڕۆ کە 25ی مانگی هەشتە، تا ئێستا پرۆسەی تەوتین نەکراوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕاستی ئامادەنەبو بیکات، بڕگەی دوەم بریتی بو لە ڕادەستکردنی لیست و داتا و زانیاری ئەویش بەڕاستی وەکو پێویست هەر ئامادەنەبو و هەرجارە و بەشێوازیک بو و پڕ لە هەڵە و کەموکوڕی و هەر جارە و بەشێوازێکی جیاواز، سێیەمیشان وەکو پێویست ئەتوانم بڵێم داهاتی ڕادەست نەکردوە."
ئەو ئەندامە کوردەی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەشکرد "ڕاستە بەغدا پابەندکراوە بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، بەڵام کۆمەڵێک ڕێکاری کارگێری و ئیداری و دارایی هەیە پێویستە هەردولا بیگرنە بەر. وتیشی،"من پێم وایە پشکی زۆری کەمتەرخەمیەکە لە نەناردنی موچە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوەیە و بێباکانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە هەستیارەدا دەکات کە بریتیە لە قوتی خەڵک و بژێوی و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم."