وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە بەغدا هیچ پاساوێکی ڕەوای بۆ دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بێت و دەڵێت، پەڵپگرتنی سیاسییە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ یەکشەممە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی دواکەوتنی مووچە ڕایگەیاند، هۆکاری دواکەوتنی مووچە ئەوە نییە کە دەوترێت 30 هەزار کەس بۆ لیستی مووچە زیادکراوە، بەڵکو پەڵپ پێگرتنی سیاسیی و برسیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستانە.
وتیشی، حکومەتی عێراق هیچ بیانوویەکی مەعقولی بەدەستەوە نییە بۆ دواخستنی مووچە و هەرێمی کوردستان هیچ هەڵەیەکی نییە و هەموو داواکارییەکانی حکومەتی عێراق و بەتایبەتیش وەزارەتی دارایی جێبەجێ کردووە.
پێشەوا هەورامانی ڕاشیگەیاند، دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستوور و بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیشە کە تێیدا هاتبوو نابێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە هیچ دۆخێکدا تێکەڵی پرسە سیاسییەکان بکرێت و بەدیل بگیرێت.
جەختیشیکردەوە کە زیاتر لە 50 ڕۆژە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە هۆکاری ناڕەوا بەدیلگیراوە.