ئێران كۆتایی بە لێكۆڵینەوەكانی لەبارەى ڕووداوی كەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران هێنا، هاوكات هۆكاری كەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەرەكەی گەڕاندەوە بۆ زۆری ژمارەی سەرنشینەكان لە ناو هێلیكۆپتەرەكەدا.
ئاوێنە: حكومەتی ئێران لە بارەی كۆتاییهاتنی لێكۆڵینەوەكان لەبارەى كەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەرەكەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆككۆماری پێشووی وڵاتەکەیان ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، ژمارەی سەرنشینانی هێلیكۆپتەرەكەی ئیبراهیم ڕەئیسی ژمارەی ئاسایی تێپەڕاند بوو، بۆیە نەیتوانیوە لە بەرزی پێویست بفڕێت و لە بارودۆخێكی تەماویدا خۆی بە شاخێكدا كێشاوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، هێزە هەواڵگرییەكانی ئێران لە دۆسێیەی ڕەئیسیدا لێكۆڵینەوەیان لە ٣٠ هەزار كەس كردووە و هەموو شتێك ئاماژە بەوە دەكات كە هیچ هۆكارێكی مرۆیی لە كەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەرەكەدا نەبووە.
ئاماژە بەوەشكراوە، لە لێكۆڵینەوەكاندا كە ئەنجام دراون، هیچ نیشانەیەكی بوونی ماددەی كیمیایی و مادەی زیانبەخش نەدۆزراوەتەوە، هەروەها هیچ شوێنەواری برینێكی فیشەك یان شتێكی هاوشێوە لەسەر داروپەردووی هێلیكۆپتەرەكە بەدی نەكراوە و كۆپتەرەكەی سەرۆك كۆمار دوای پێكدادانی لەگەڵ شاخەكەدا سووتا.
١٩ـی ئایار هەواڵی دیارنەمانی ئەو هێلیكۆپتەرەی كە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆكی ئێرانی و تیمێكی یاوەری هەڵگرت بوو بڵاوكرایەوە، دوای زیاتر ١٢ كاتژمێر لە گەڕان بە دوایدا، پاشماوەی هێلیكۆپتەرەكە لە ناوچەی دارستانی دیزمار لەنێوان گوندەكانی ئاوزی و پیرداودا و تەرمی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران و حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوە و حەوت كەسی دیكە لە تیمەكەی دۆزرایەوە.