یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) لە رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند، دو ژن و منداڵێکی ئێزیدییان ڕزگارکردون.
ئاوێنە: یەپەژە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەو دو ژنەی ڕزگارکراون عەزیزە خالدی 25 ساڵ و تەواف داود چەتۆی 24 ساڵانن کە لە 3ی ئابی 2014 لە لایەن چەكدارانی داعشەوە لە شەنگال ڕفێندران.
هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە كە منداڵە بەناوی خوناڤ کە لە کەمپی هۆل ڕزگارکراوە، لەتەمەنی دو مانگیدا بوە کاتێک ڕفێندراوە.
ئەوەش خراوەتەڕو، عەزیزە خالید-یش لە کەمپی هۆل ڕزگارکراوە، بەڵام تەواف چەتۆ لەسەر سنوری سوریا- عێراق ڕزگارکراوە، لەو کاتەی ویستویەتی خۆی ڕزگاربکات لەدەستی چەكدارانی دعاش.
یەپەژە وتوشیەتی، منداڵە ئێزیدییەکە لە لایەن عەزیزە خالیدەوە لە کەمپی هۆل گەورە کراوە.
بەرپرسی نوسینگەی پەیوەندییەکانی یەپەژە لەنا حسێن و وتەبێژی ڕاگەیاندنی یەپەژە ڕوکەن جەمال پێشوازییان لە ژنە ڕزگارکراوە ئێزیدییەکان کردوە.
لەمیانی پێشوازیکردنەکە لەنا حسێن وتی: "یەکینەکانمان لە ساڵی 2014 تا ئەمڕۆ سەدان ژنی ئێزیدییان ڕزگارکردون. پاراستنی شەنگال و ژنانی شەنگال وەک ئەرکی خۆمان دەبینین."
هەر لەو بارەوە ڕوکەن جەمال ئاماژەی بەوەدا لەساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژی شەنگالدا ڕزگارکردنی ژنانی ئێزیدی بۆ ئەوان سەرفرازییە.