جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) جەختی لەمەترسی تێوەگلانی حکومەتی عێراق لەپلانە داگیرکارییەکانی تورکیا کردەوەو جەختی لەوەکردەوە، ئەمە زیان بەعێراق دەگەیەنێت.
ئاوێنە: بایک لەچاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی ستێرک تیڤی نزیکە لەپەکەکە، ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە حکومەتی عێراق هاوکاریی سیاسەتی جینۆسایدی تورکیا نەکاتو هۆشداریشیدا لەئەگەری زیانە گریمانکراوەکانی ئەو هاوکارییە.
بایک لەبەشێکی قسەکانیدا وتی:“پێمخۆشە ئەم دەرفەتە بقۆزمەوەو حکومەتی عێراق ئاگاداربکەمەوە؛ خزمەت بەسیاسەتی جینۆسایدی دەوڵەتی تورکیا نەکات، چونکە ئەمە زیانێکی زۆر بەعێراق دەگەیەنێت".
هەروەک داوای لەنەیارانی هاوپەیمانی تورکیا لەعێراقو هەرێمی کوردستان کرد بەشێوەیەکی کاریگەر دژی ئەم هاوپەیمانییە بوەستنەوە.
هاوسەرۆکی کەجەکە هەروەک وتویەتی:"سەرۆک کۆماری تورکیا ئەردۆغان دەستبەرداری ئامانجە فراوانخوازییەکانی لەسوریا نەبوە، هەروەها بوە هۆی وێرانکارییەکی بەرفراوانو ئاوارەبونی ملیۆنان کەس، بەڵام لەگەڵ گۆڕینی تاکتیکەکانیدا داوای دیدار لەبەشار ئەسەدی سەرۆکی ڕژێمی سوریا دەکات".