ئەرشەد ساڵحی، سەركردەی لە پێكهاتەی توركمان و ئەندامی پەرلەمانی عێراق پێشنیار دەكات، سەرۆكی دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاكانی عێراق كە لە پێكهاتەی عەرەبە، بەشێوەیەكی كاتی بكرێتە پارێزگاری كەركوك تا لانیكەم ئیمزا لەسەر نوسراوەكانی موچەی فەرمانبەرانی دیوان و ئەنجومەنی پارێزگاكە بكات تا ئەو كاتەی رێككەوتن لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوكەوە دەكرێت.
ئاوێنە: ئەرشەد ساڵحی، كە سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤە لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، لەسەر بنەمای ئەو سكاڵایانەی وەك سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ پێمان گەیشتون لە فەرمانبەرانی دیوانی پارێزگاو سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگاوە لەبارەی خەرج نەكردنی موچەكانیان لەبەر بونی چەند رێكارێكی دارایی بەهۆی نەبونی حكومەتی خۆجێی لە كەركوك، من پێشنیار دەكەم و نوسراو بۆ سەرۆك وەزیران و وەزارەتی دارایی دەكەم كە ئەحمەد فەتلاوی، سەرۆكی دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاكان، بەشێوەی كاتی بكرێتە پارێزگاری كەركوك.
وتوشیەتی، پێشنیارەكەی بۆ ئەوەیە كە تاوەكو ناوبراو ئیمزای نوسراوەكانی پارێزگای كەركوك بكات لانیكەم نوسراوەكانی موچە و "چونكە من ماف دەدەم بە فەرمانبەرانی دیوانی پارێزگاو سەرۆكایەتی ئەنجومەن كە موچە گرنگەو ژیانیان لەسەر موچەیە."
ئەرشەد ساڵحی پێشی وایە دانانی پارێزگارێكی كاتی بۆ كەركوك، دەشبێتە هۆكارێكی تر بۆ ئەوەی پەلەبكەن لە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك، بۆئەوەی پارێزگای كەركوك لەوڕوەوە لە بۆشاییدا نەمێنێتەوە.
وتوشیەتی"بۆچی فەرمانبەر بەهۆی رێك نەكەوتنی لایەنە سیاسییەكانەوە لەسەر پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی زیانمەند بێت."