پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، تۆمەتبارێك كە ناوی خۆی ناوە "عەنتەر" و "دادخواز"ێك و كەسێكی دیكەی برینداركردبو و هەڕەشەی لە زیاتر لە 15 ماڵە ئاوارەی عەرەب كردبو، دەستگیركرا.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، تۆمەتبارێکیان بە ناوی (ا. خ. ج) کە ناوی لە خوی ناوە (عەنتەر)، بە ڕەگەز عەرەب لەدایکبوی 1992، دەستگیر کرد، کە فەرمانی دەستگیرکردنی هەبو.
وتوشیەتی، ناوبراو هەڵساوە بە بریندارکردنی هاوڵاتییەکی ئاوارەی عەرەب کە دانیشتوی کۆمەڵگای کانی قرژاڵە بو لە سنوری پارێزگای هەولێر و هەروەها هەڕەشەی لە چەندین ماڵیش کردبو، جگە لەوەش بە چەقۆ لە دادخوازی دابو.
بەپێی راگەیەندراوەكە، دوای ئەنجامدانی ئەم تاوانانە، تۆمەتباری ناوبراو هەڵاتبو بۆ پارێزگای موسڵ و لەوێ رۆژانە لە رێگای سۆشیاڵ میدیا بە چەک خۆی نمایش دەکردو هەڕەشەی لە خەڵک دەکرد، دوای گەڕانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان و پاش کۆکردنەوەی زانیاری، توانرا تۆمەتباری ناوبراو دەستگیربکرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، تۆمەتبار دانی نا بە ئەنجامدانی ئەم تاوانانە و ئامادەی پێش دادوەری لێکۆڵینەوە کرا، دادوەر بڕیاری دا بە راگرتنی تۆمەتبار بەپێی ماددەی 405 بڕگەی31 لە یاسای سزادان.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، تۆمەتباری ئامەژەپێکراو، کە هەڕەشەی لە زیاتر لە 15 ماڵی عەرەبی ئاوارە کردبو لە کۆمەڵگای کانی گڕژاڵە، دوای دەستگیرکردنی، سەرجەم ماڵەکان گەڕانەوە شوێنی خۆیان.