ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسعود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئێران لە تاران كۆبونەوە. لە كۆبونەوەكەدا نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی پزیكشیانی كرد تا لە میانی سەردانە چاوەڕوانكراوەكەیدا بۆ بەغدا سەردانی هەولێر بكات.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری نوێی ئێران كۆبوەتەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لەمیانی كۆبونەوەكەدا، پزیشكیان سوپاسی نێچیرڤان بارزانی و وەفدی هاوڕێی كردوە بۆ بەشداریكردنیان لە رێوڕسەمی سوێندخواردنیدا وەك سەرۆك كۆماری نوێی ئێران و جەختیشی كردۆتەوە كە تاران خوازیاری پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و زیاتركردنی هاریكاری هاوبەشە لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، نێچیرڤان بارزانی لە كۆبونەوەكەدا جەختی كردۆتەوە كە ئێران وڵاتێكی "دراوسێی گرنگە" و كاردەكەن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران.
بەپێی راگەیەندراوەكە لە كۆبونەوەكەدا نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی پزیشكیانی كردوە كە لەمیانی سەردانە چاوەڕوانكراوەكەیدا بۆ بەغدا، سەردانی هەولێریش بكات.
لەبەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا نێچیرڤان بارزانی خواستی هەرێمی كوردستان دوپاتكردۆتەوە بۆ زیادكردنی ژمارەی ئەو زیارەتكارە ئێرانییەی كە لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە بەرەو باشوری عێراق دەڕۆن لەگەڵ زیادكردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پەرەپێدانی لەنێوان هەردو وڵاتدا.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا نێچیرڤان بارزانی جەختی كردۆتەوە كە هەرێمی كوردستان بەهیچ شێوەیەك نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ ئێران و وڵاتانی دراوسێ.
هەروەك لە كۆبونەوەكەدا ئاماژە بە هاریكاریی ئەمنی ی كارای نێوان ئێران و عێراق و هەرێمی كوردستان كراوە بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیری و ئارامی.