عەلی باپیر: "قەوارەی زایۆنی" لنگەفرتێی كۆتاییەتی
  2024-07-31       1122       

عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان كوشتنی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لەلایەن ئیسرائیلەوە، بە "لینگەفرتەی كۆتایی قەوارەی زایۆنی" ناودەبات و دەشڵێت، لەبەرئەوەی ئیسماعیل هەنیە میوانی ئێران بوە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت تاران "وەڵامێكی پڕ بە پێستی هەبێت."

ئاوێنە: عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە پەیامێكدا لەبارەی كوژرانی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماسەوە وتویەتی"كوشتنی كەسی یەكەمی حەماس لە لایەن قەوارەی زایۆنییەوە، لە كاتێكدا بانگێشتی فەڕمیی دەوڵەتێك كراوە، بەڵگەیەكی دیكەی سەلمێنەری دڕندایەتیی قەوارەی زایۆنی و گوێنەدانیەتی بە سەرجەم پڕەنسیپەكانی مرۆڤایەتیی و كاری دیپلۆماسیی و، ئەوپەڕی داڕوخانی ڕەوشت و ئاكاری سیاسی."

عەلی باپیر پێی وایە "ئێرانیش بەرپرسیارییەتێکی گەورەی کەوتە سەرشان کە بەو شێوە قێزەونە میوانێكی گەورەو گرنگی وەك هەنییە لە ماڵەكەیدا بكوژرێ، بۆیە چاوەڕوان دەكرێ ئێران وەڵامێكی پڕ بە پێستی هەبێ."

سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان پێشی وایە "ئەو جۆرە پەلامار و پەلەقاژانەی قەوارەی زایۆنیی لینگەفرتەی كۆتایینی و، ئێستا بە خێرایی بەرەو مەرگ و لێك هەڵوەشان دەچێ و سەرەنجامییش تێکڕای ئەو دەوڵەت و حیزب و ڕێکخراو کەسایەتییانەی هاوسۆز و هاوکاری فەڵەستینییەکان بون، سەربەرزی دنیا و قیامەت دەبن و، ئەوانەش کە بێ هەست و هەڵوێست بون، یان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئاویان بە ئاشی قەوارەی زایۆنی دا کردوەو دەکەن، عەیبداریی و شەرمەزاریی دنیاو قیامەتیان بۆ دەمێنێتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×