قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران سەرپەرشتی کۆبونەوەی لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری کرد و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ چارەسەرکردنی هەر تێبینییەکی تەکنیکی ئەگەر هەبێت لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق و تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری داراییەوە لەسەر داتا و زانیارییەکانی موچەخۆرانی هەرێم لەپێناو خێراتر کردنی پرۆسەی تەمویل کردن و دابەشکرنی موچە.
بهگوێرهی راگهیهندراوێكی نوسینگهی جێگری سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی ئهمڕۆ سەرپەرشتی کۆبونەوەی لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری کرد و گفتوگۆکرا لەسەر هەنگاوەکانی جێبەجێکردن و تەواوکردنی قۆناغی دوەمی پڕۆژەی تۆماری بایۆمەتری.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبونی وەزیری دارایی و ئابوری و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون، لە چوارچێوەی بەرەوپێشچونەکانی پڕۆسەی یەکخستنەوەی رێکارە ژمێریاریی و داراییەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق و وردبینی هاوبەشی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێم و بەهەند وەرگرتنی تێبینی و راسپاردەکانیان سەبارەت بە میلاک و لیستی موچەی موچەخۆرانی هەرێم پشتبەست بە تۆماری بایۆمەتری بەڕێوەچو، بە ئاراستەی لابردنی هەر بەربەست و ئاستەنگێک لە بەردەم خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران.
له راگهیهندراوهكهدا هاتوه، پاش گفتۆگۆکردن لەسەر دواهەنگاوەکان و کارکردن و خستنەڕوی راسپاردەکانی لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری، کۆبونەوەکە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ چارەسەرکردنی هەر تێبینییەکی تەکنیکی ئەگەر هەبێت لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق و تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری داراییەوە لەسەر داتا و زانیارییەکانی موچەخۆرانی هەرێم لەپێناو خێراتر کردنی پرۆسەی تەمویل کردن و دابەشکرنی موچە.
ئهوهش خراوهتهڕو، "حکومەتی هەرێم شەفافانە لیستی موچەی سەرجەم موچەخۆرانی لەسەر بنەمای داتا و زانیارییەکانی بایۆمەتری هەمو مانگێک لەگەڵ تەرازوی پێداچونەوەی داهات وخەرجییەکان پێشکەش بە حکومەتی فیدڕاڵیی کردوە و لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانەش مانگانە تەمویلی موچەخۆرانی هەرێم دەکرێت و گرنگە ڕێگە نەدرێت هیچ بەربەستێکی تەکنیکی ڕێگر بێت لەم پرۆسەیەدا، بۆیە لیژنەی باڵا هەمو وەزارەت و دامەزراوە و دەستە و فەرمانگەکان و یەکە ژمێریارییەکانی راسپارد کە؛ هەماهەنگی زیاتریان هەبێت بۆ ئەوەی پڕۆسەی ئامادەکردنی لیستی موچە خێراتر و بێ کەم وکوڕی بێت".
ئهوهش هاتوه، هەر لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا هەر موچەخۆرێک تۆمار نەکرابێت و گرفتی یاسایی نەبێت ئاسانکاری بۆ بکرێت بۆ تۆمارکردن بەپێی رێکار و میکانیزمە کارپێکراوەکان.