سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق ئاشکرایکرد، وردبینییان بۆ لیستی موچەخۆرانی هەرێمو داهاتە نەوتیو نانەوتییەکان ئەنجامداوەو پرۆسەکە کۆتاییهاتوە.
بەگوێرەی میدیای یەکێتی، لەسبەینێوە ڕێکارەکانی ناردنی موچەی مانگی 7ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.
عەمار سوبحی سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بەکەناڵی عێراقییەی ڕاگەیاندوە، "دیوانی چاودێریی دارایی ئەو ئەرکەی پێیسپێردرابوو بۆ وردبینیکردنی داهاتی نەوتیو نانەوتی بەئەنجامی گەیاندوە".
وتیشی، "ڕاپۆرتێکی تایبەتیان لەوبارەیەوە ئاڕاستەی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقو لایەنە پەیوەندیدارەکان کردوە".
ڕاشیگەیاند، "دیوانی چاودێریی دارایی تەواوی ئەو بەربەستانەی تێپەڕاندوە کە لەبەردەمیدابون، لەوردبینیکردنی لیستی موچەخۆرانی هەرێم، پاش وردبینیکردنیان بەشێوەی تاک تاک".
سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، "وردبینییان بۆ داتای داهاتو خەرجییەکان کردوە، دوای بەردەستخستنی داتاکان لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستانەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانیان لەئەنجامەکانیش ئاگادارکردوەتەوە، وردبینیییەکە ئامانج لێی ڕاستکردنەوەیە".
ئەوەشی ئاشکراکرد، "هەندێک زانیاریی لەدامەزراوەکانی هەرێم بەشێوەیەکی ورد نەگەیشتوەتە دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، لەپێناو گەیشتن بەئەنجامێک کە بتوانرێت پشتی پێببەسترێت".