دژە تیرۆری پارتی دەڵێت: لە سلێمانی لەژێر ناوی دەزگا ئەمنییەكاندا هاوڵاتیان دەڕفێندرێن و دەكوژرێن
  2024-07-30       299       

دژە تیرۆری كوردستان(پارتی) دەڵێت، لە سلێمانی "رۆژانە لەژێر ناوی دەزگا سەربازی و ئەمنییەكاندا..هاوڵاتیان دور لە پرەنسیپی یاسایی دەستگیردەكرێن، دەڕفێندرێن و ئازار دەدرێن و دەكوژرێن" دەشڵێت، ئەو روداوانە "مایەی نیگەرانی و هەڵوەستەر لەسەركردنن."

ئاوێنە: دژە تیرۆری پارتی، ئەمشەو سێشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"ئەو ڕوداوە نەخوازراوانەی ماوەیەکە لە شاری سلێمانی و دەوروبەری ڕودەدەن مایەی نیگەرانی و جێی هەڵوەستە لەسەر کردنن، بەداخەوە ڕوداوەکان ڕۆژانە لەژێر ناوی دەزگا سەربازی و ئەمنییەکاندا ئەنجام دەدرێن کە تێیاندا هاونیشتمانییان دور لە پرەنسیپی یاسایی دەستگیردەکرێن، دەڕفێندرێن، ئازار دەدرێن و دەکوژرێن."

دژە تیرۆری پارتی ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەم کردەوانە "ناو و گەورەیی دەزگا سەربازی و ئەمنییەکان…دەخاتە ژێر پرسیار و لەکەداریان دەکات و ترس و دڵەڕاوکێ و تۆقاندن بڵاودەکەنەوە."

دژە تیرۆری پارتی وتوشیەتی"ئەرکی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان، پاراستنی ئاسایش و سەروماڵی هاوڵاتییانە، نەک بەکارھێنانیان لە ململانێیە سیاسییەکان بۆ کوشتوبڕی خەڵکی سڤیل و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن کە لەگەڵ پرەنسیپی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان ناگونجێت."

جەختیشی كردۆتەوە كە "نابێت و ناکرێت دەزگا سەربازی و ئەمنییەکان تێکەڵ بە ململانێی کەسی و سیاسی و حیزبی بکرێن و لە بەرژەوەندیی تایبەت و تاکلایەنە بەکاربهێنرێن."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×