پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، داواکارییەکانیان لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیاریان لێدراوەو دەسەڵاتە کارگێڕی و داراییەكان بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابەزێندران.
ئاوێنە: وەفدێكی ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان، سەردانى پارێزگاى سلێمانییان کرد و دواى کۆبونەوەیان، لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگارى سلێمانى رایگەیاند، داواكارییەكانیان لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران بڕیارییان لەسەر دراوە.
وتیشی"ئەتوانم بڵێم ئەمە بۆ یەكەمجارە لەماوەی حوكمڕانی و نۆ كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، لە ماوەیەكی پێوانەییدا ئەو داواكارییانەی كە هەیە لە ئاستی بەڵێندا نەمێننەوەو ببن بە بڕیار.
ئێمە سوپاسی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جێگرەكەی دەكەین."
جەختیشی كردەوە كە "ئەم بڕیارانە كاریگەرییان لەسەر ئاستی خزمەتگوزارییەكان و پێویستی دامودەزگاكان دەبێت و حكومەتە خۆجێیەكان دەتوانن باشتر كاربكەن."
وتیشی"لەسەر بنەمای دەسەڵاتەكان تا ئاستی دەسەڵاتە كارگێڕی و داراییەكان، بۆ یەكەمجار ئەوەی داوامان دەكرد لەرابردودا كە لامەركەزیەت لەسەر بنەمای كارگێڕی و دارایی جێبەجێ بكرێت، ئەمڕۆ بە بڕیار ئەو دەسەڵاتانە بۆ پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان دابەزێندران، كە ئەمە هەنگاوێكی زۆر زۆر گرنگە."
وتیشی، رەزامەندى لەسەر بودجە و نەسرییەى پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دراوە.
هێمای بۆ ئەوەش كرد"ئەم بڕیارانە دەبنە مایەی پڕۆسەیەكی پەرەپێدان و بیناكردنی گەورە لە زۆنەكەدا. كۆی ئەو داواكاریی و پێداویستییانەی كە هەبون لەڕوی كردەییەوە جێبەجێ كراون."