ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، تیمی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم لە راپۆرتی خۆیان لەبارەی وردبینی لیستی موچەی هێزە ئەمنییەكانەوە تەواوكردوەو رایانگەیاندوە كە تێبینییەكانی ئەوان نابێت ببنە مایەی خەرج نەكردنی موچەی هێزە ئەمنییەكان.
ئاوێنە: ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی رایگەیاند، "تیمی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم راپۆرتی خۆیان لەبارەی وردبینی لیستی موچەوە تەواو كردوە، لەنێو راپۆرتەكەش ئەو تێبینیانەی كە هەن هیچیان نابنە رێگر لەبەردەم خەرجكردنی موچەی هێزە ئەمنییەكان لەلایەن بەغداوە."
وتیشی، ئەوەی جێی خۆشحاڵییە لە راپۆرتەكەدا دیوانی چاودێری خۆی وتویەتی، ئەم تێبینییانەی ئێمە نابێت ببنە مایەی خەرج نەكردنی موچەكانی هێزە ئەمنییەكان، بۆیە جێی خۆشحاڵییە كە بەغدا موچەی هێزە ئەمنییەكانیش وەكو مەدەنییەكان دوا نەخات و بە یەك پاكێج موچەكانیان بنێردرێت.