كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڵای كردەوە، نموونەی سەرەتایی فۆرمی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان پەسەندكراوە، هەروەها بۆ هەڵبژاردنەكە دوو ملیۆن و ٨٨٨ هەزار و ١٦٢ كەس مافی دەنگدانیان هەیە.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەبارەت بە پەسەندكردنی نموونەی فۆرمی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و ژمارەی دەنگدەران و بنكەكانى دەنگدان ڕاگەیاندنراوێكی بڵاو كردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە دوایین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی كۆمسیاراندا نموونەی سەرەتایی فۆڕمی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پەسەند كراوە، هەر بازنەیەكی هەڵبژاردنیش فۆرمی دەنگدانی تایبەت بەخۆی دەبێت.
ئاماژە بەوەشكراوە، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دوو ملیۆن و ٨٨٨ هەزار و ١٦٢ كەس مافی دەنگدانیان هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش حەوت هەزار و ٤٧ بنكەی دەنگدان و هەزار و ٤٢٧ ناوەندی دەنگدان لە پارێزگاكانی هەرێم دادەندرێن.
بڕیارە ڕۆژی ٢٠ـی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤ـی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت، هەروەها هەڵبژاردنەكە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە بەڕێوە دەبرێت.