ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاریی هەرێمی کوردستان داوا لە بنکە و ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، گۆرانی و موزیکی کوردی پەخش بکەن و تابلۆی هونەرمەندانی کوردستان هەڵبواسن.
سەرۆکی دەستەکە دەڵێت، جگە لە بایەخی ئابووریی، گەشتوگوزار بۆ هەرێمی کوردستان رەهەندێکی نیشتمانیشی هەیە و ئامرازێکی بەهێزە بۆ ئاشناکردنی گەشتییاران بە مێژوو، شوناس، فەرهەنگ و کولتووری کوردستان.
راشیگەیاندووە، میوزیک و تابلۆ رۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن لە ناساندنی بەهاکانی نەتەوە و فەرهەنگ و داب و نەریتی وڵاتان بە گەشتیاران.
بەوتەى سەرۆکى دەستەى گەشتوگوزار"بەکارهێنانی موزیک و گۆرانی کوردیی رەسەن لە لایەن ناوچە گەشتیارییەکانەوە، دەکرێت ببێتە پردێک بۆ بەیەکەوە بەستنەوەی رۆحییەت و هەستی گەشتیاران بە کوردستان و ئەزموونێکی لەبیرنەکراو بێت بۆ گەشتیاران".
ئەمەل جەلال روونیدەکاتەوە "دوای بەدواداچوون، بۆمان دەرکەوتووە زۆرینەی بنکە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر میوزیکی بیانی پەخش دەکەن و دیوارەکانیان بە تابلۆی هونەرمەندانی بیانیی و وێنەی وڵاتانی تر رازاندۆتەوە، کە سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئەمە بە مایەی نیگەرانیی و هەڵوەستە لەسەرکردن ناودەبات و دەشڵێت: ئەوە یەکناگرێتەوە لەگەڵ ئامانجی ستراتیژیی ئەواندا، کە پاراستنی شوناس و فەرهەنگی نەتەوەییە.
سەرۆکی دەستەکە داوا لە سەرجەم بنکە گەشتیارییەکان و چێشتخانە، هۆتێل، مۆتێل و ناوچە گەشتیارییەکانی دیکە دەکات، بە ئەرکی نیشتمانیی و مۆراڵی خۆیان هەڵبستن و ببن بە بەشێک لە پاراستنی فەرهەنگی وڵات، لە رێگەی زیاتر پشتبەستن بە میوزیک و گۆرانی کوردیی و بەکارهێنانی تابلۆی هونەرمەندانی کوردستان و گەشتیاران ئاشنا بکەن بە سروشتی ناوازە و مێژووی پڕشنگدار و شوێنەوارە دێرینەکانی کوردستان.