پەرلەمانی عێراق كۆبونەوەكانی وەرزی دووەمی ساڵی یاسادانانی سێیەم ده‌ستپێكرده‌وه، به‌ڵام له‌كارنامه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌دا هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق نه‌كرا. ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانیش ده‌ڵێت، هەڵنه‌بژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق لەبەرژەوەندی شیعەکاندایه.
ئاوێنه: ئەمڕۆ شه‌ممه، پشوی پەرلەمانی عێراق كۆتاییهات‌و یەكەمین كۆبونەوەی وەرزی دووەمی ساڵی یاسادانانی سێیەم به‌ڕێوه‌چو.
بەگوێرەی خشتەی كاری دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌مان كه فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاویكردووەتەوە، دانیشتنی ئەمڕۆ چوار بڕگەی لەخۆگرتبو، له‌وانه هەمواری یەكەمی یاسای دامەزراوەی شەهیدان، پەسەندكردنی رێككەوتننامەی خزمەتگوزاری ئاسمانی نێوان عێراق و ئازەربیجان, پرۆژە یاسای دەزگای هەواڵگری نیشتمانی و هەمواری یاسای پاسپۆرتە، بەڵام بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق لەخشتەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا نه‌بو, هیچ ئاماژەیەكیش نیە لەبارەی رێككەوتنی سوننەكان لەسەر ئەو پۆستە.
له‌وباره‌یه‌وه غەریب ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق له‌لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق ئەوەندەی پەیوەندی بەئاڵۆزی نێوماڵی سوننە هەیە، کەمتر پەیوەندیی بەلایەنەکانی دیکەوە هەیە، بەڵام لەبەرژەوەندی بەشێک لەشیعەکان دایە کە پەرلەمان بەو شێوەیەی ئێستە بمێنێتەوە، هاوکات ئەوەی کە گرنگە خۆڕێکخستنەوەی نێو ماڵی سوننەیە بۆ چارەکردنی پرسەکە.
رۆژی 14ی 11ی 2023، به‌هۆی سكاڵایه‌كی په‌رله‌مانتار (له‌یس دلێمی)، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق محه‌مه‌د حه‌لبوسی له‌سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق دورخسته‌وه، لەوکاتەوە كورسییه‌كه‌ی حه‌لبوسی چۆڵ بووەو به‌هۆی ناكۆكییه سیاسییه‌كانه‌وه تائێستا نه‌توانراوه سه‌رۆكێكی نوێ بۆ په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێت.