خامەنەیی بۆ سودانی: دەبێت بەجددی روبەڕوی داگیركارییەكانی ئەمریكا لە عێراق ببینەوە
  2025-01-08       236       

عەلی خامەنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، بونی ھێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بە "نایاسایی" ناودەبات و دەشڵێت، ئەمریكییەكان هەوڵی ئەوە دەدەن كە بونی خۆیان لە عێراق فراوانتر بكەن، بۆیە دەبێت بەجددی روبەڕوی ئەم "داگیركارییە"ی ئەوان ببینەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ چوارشەممە، عەلی خامەنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، لە تاران لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوەتەوە.

عەلی خامەنەیی لە كۆبونەوەكەدا ستایشی هەنگاوەكانی سودانی كردوە لە بواری ئاوەدانكردنەوەو ئاسایشداو وتویەتی "عێراق تا ئاوەدانتر و خاوەن ئاسایشی زیاتر بێت لە بەرژەوەندی كۆماری ئیسلامی ئێرانیشدایە."

رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتوشیەتی، حەشدی شەعبی یەكێكە لە پێكهێنەرە سەرەكییەكانی دەسەڵات لە عێراق و دەبێت بایەخ بە پاراستن و زیاتر بەهێزكردنی بدرێت.

خامەنەیی لە كۆبونەوەكەدا، بونی هێزە "داگیركەرەكان"ی ئەمریكای لە عێراق بە "نایاسایی و دژبە بەرژەوەندی خەڵك و حكومەتی عێراق" ناوبردوەو جەختی كردۆتەوە كە "بەڵگەكان نیشانی دەدەن، ئەمریكییەكان هەوڵ بۆ زیاتر جێگیربون و فراوانكردنی بونی خۆیان لە عێراق دەدەن، بۆیە دەبێت بەجددی روبەڕوی ئەم داگیركارییە ببینەوە."

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ئاماژەدان بە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بەتایبەت دۆخی سوریا، وتویەتی"رۆڵی حكومەتە بێگانەكان لەو دۆخانەدا بەتەواوەتی بەرچاو دەكەوێت."

بەپێی راگەیەندراوەكەی نوسینگەی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، لە كۆبونەوەكەدا، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەداوە كە "خەڵك، حەشدی شەعبی، یەكپارچەیی و یەكڕیزیی گەل" و "مەرجەعیەت"، پێكهێنەری دەسەڵاتن لە عێراق و وتوشیەتی، هەڵوێستی بنەڕەتی عێراق پشتیوانیكردن بوە لە خەڵكی غەززەو لوبنان و بەرەی "مقاوەمە" لە ناوچەكە.

سودانی لەبارەی دۆخی سوریاو رۆڵی وڵاتانی بێگانە لە گۆڕانكارییەكانی ئەو وڵاتەدا وتی، هەڵوێستی عێراق هەمیشە پشتیوانیكردن لە خەڵكی سوریاو پاراستنی سەربەخۆیی و سەروەریی ئەو وڵاتەو پێكهێنانی حكومەتێكی گشتگیر بوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×