بەگوێرەی ئەنجامە نارەسمییەكانی هەڵبژاردنی بەریتانیا، پارتی كرێكارانی ئۆپۆزسیۆن سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێناو پارتی پارێزگارانیش دوای 14 ساڵ فەرمانڕەوایی، روبەڕوی گەورەترین شكست بوەوە.
ئاوێنە: بەپێی ئەنجامە ناڕەمسییەكان، لە هەڵبژاردنە گشتییەكانی پەرلەمانی بەریتانیادا، پارتی كرێكارانی ئۆپۆزسیۆن توانیویەتی 410 كورسی لە كۆی 650 كورسی بەدەستبهێنێت و پارتی پارێزگارانی فەرمانڕەواش روبەروی گەورەترین شكست ببێتەوە كە بەگوێرەی ئەنجامەكان تەنیا 117 كورسی بەدەستهێناوە.
بەپێی میدیای بەریتانیا، بەپێی ئەنجامەكان پارتی پارێزگارانی فەرمانڕەوا روبەڕوی گەورەترین شكست بۆتەوە لە سەردەمی دامەزراندنییەوە لە سەدەی نۆزەدەیەمەوە تاوەكو ئێستا.
ریشی سوناك، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا دانی بەوەدانا كە پارتی كرێكارانی ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆكایەتی كییەر ستارمەر لە هەڵبژاردنەكەدا سەركەوتنی بەدەستهێناوە.
لای خۆیشییەوە كییەر ستارمەر كە لە چەند سەعاتی داهاتودا پۆستی سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە وەردەگرێت، لەنێو لایەنگرانیدا رایگەیاند، "گۆڕانكاری لە ئێستاوە دەستپێدەكات."
لەدوای راگەیاندنی رەسمی ئەنجامەكان، ئەگەر پارتی فەرمانڕەوا زۆرینەی لە پەرلەمان لە دەستدابێت، ئەوا سەرۆك وەزیران دەچێتە بەردەم پاشاو لەوێ دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستەكەی پێشكەش دەكات.
لە پاش ئەوەی شا چارلزی سێیەم، پاشای بەریتانیا، سەرۆكی ئەو حزبەكەی كە زۆرترین كورسییەكانی پەرلەمانی بەدەسهێناوە، وەك سەرۆك وەزیران رادەستپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەتەكەی.