قالیباف داوا لە لایەنگرانی دەكات لەگەڕی دوەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێراندا دەنگ بە جەلیلی بدەن
  2024-06-29       580       

محەمەدباقر قالیباف كە لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری ئێراندا زیاتر لە 13%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، داوا لە لایەنگرانی دەكات لە گەڕی دوەمی هەڵبژاردنەكەدا دەنگ بە سەعید جەلیلی بدەن.

ئاوێنە: محەمەدباقر قالیباف، كە سەرۆكی پەرلەمانی ئێرانە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی "هێشتا رێگەكە كۆتایی نەهاتوە" و "دەبێت هەمومان هەوڵبدەین تا كاندیدی بەرەی شۆڕش د.جەلیلی وەك چواردەیەمین سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت."

ئەمڕۆ شەممە، موحسین ئیسلامی، وتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران، رایگەیاند، لە کۆی 24 ملیۆن و 535 هەزار و 185 دەنگی راستی جیاکراوە، مەسعود پزیشکیان، كاندیدی ریفۆرمخوازەکان 10 ملیۆن و 415 هەزار و 991 دەنگی بەدەستهێناوە؛ سەعید جەلیلی، سکرتێری پێشوتری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران 9 ملیۆن و 473 هەزار و 298 دەنگی بردوەتەوە، محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران 3 ملیۆن و 383 هەزار و 340 دەنگی بەدەستهێناوە و مستەفا پورمحەمەدی، وەزیری داد و ناوخۆی پێشتری ئێرانیش 206 هەزار و 397 دەنگی بەدەستهێناوە.

بەگوێرەی مادەی 117ی دەستوری ئێران، لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا پێویستە كاندید (50+1%)ی دەنگەکان بەدەستبێنێت بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆککۆمار. بەوەش پزیشكیان و جەلیلی لە گەڕی دوەمی هەڵبژاردنەكەدا بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆمار كێبڕكێ دەكەن.

قالیباف لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەیدا وتویەتی"وێڕی ئەوەی كە من رێزم هەیە بۆ خودی د. پزیشكیان، بەڵام بەهۆی نیگەرانی لە هەندێك لە كەسانی دەوروبەری، داوا لە هەمو هێزە شۆڕشگێرەكان و لایەنگرانی خۆم دەكەم كە هاوكاربن تا ئەو رەوتەی هۆكاری بەشێكی زۆری كێشە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانی ئەمڕۆمانە، نەگەڕێتەوە سەر دەسەڵات."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×