یەشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا جهختدهكاتهوه، ئەنكەرە هێزە سەربازییەکانی لەو زەویانەی کە لەباکوری سوریا (ڕۆژئاواى كوردستان) داگیریکردون ناکشێنێتەوە، دهشڵێت:"ئەگەر چەند مەرجێکی دیاریکراو جێبەجێبکرێن، دەکرێت بونی ئەو هێزانە لەبەرچاو بگیرێت".
ئاوێنە: دوابەدوای مانۆڕەکانی “EFES-2024”وەزیری بەرگریی تورکیا وتی:"ئامادەین هەموو پشتیوانییەکی مومکین پێشکەش بکەین سەبارەت بەپەسەندکردنی دەستورێکی گشتگیر، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئازاد، ئاساییکردنەوەی بەرفراوانو دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی سەلامەت (لەسوریا)، تەنها دوای ئەوەی ئەوانە ئەنجامدراو سنورەکانمان بەتەواوەتیی سەلامەت بون، ئەوکاتە دەتوانین بیر لەکشانەوەی (سەربازەکان) بکەینەوە ئەگەر پێویستبوو."
لەچەند ڕۆژی ڕابردودا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا هەڕەشەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێی بۆ سەر ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەری باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریای کرد، ئەگەر ئیدارەی خۆسەر هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان ئەنجامبدات کە بڕیارە 11ی ئەم مانگە ئەنجامبدرێت.
پێشتریش، دەوڵەت باخچەلی هاوپەیمانی ئەردۆغان سەرۆکی پارتی توندڕەوی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی، داوای لەحکومەتی وڵاتەکەی کرد هاوپەیمانی ڕژێمی سوریا بکاتو ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆ سەر ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر دەستپێبکات، ئەویش ئەگەرهاتو هەڵبژاردنە ناوخۆییانەی کە بڕیارە لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت.
ئەنكەرە بەبانگەشەی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا، سێ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەخاکی سوریا کردوەو دواتر ژمارەیەک شارو شارۆچکەکانی باکوری سوریاو ڕۆژئاوای کوردستانی داگیرکرد، هەروەک دوای ئۆپەراسیۆنەکانی گۆڕینی دیمۆگرافی، سیاسەتی تورککردنی لەو ناوچانەدا پەیڕەوکرد، لەهەنگاوێکدا کە چاودێران هۆشدارییاندا لەوەی ئەنکەرە نیازی هەیە لەداهاتودا هاوشێوەی لیوای ئەسکەندەرون ئەو زەویانە بخاتەسەر تورکیا.