سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی شاره‌زایانی رێبه‌ری ئێران هه‌ڵبژێردرا
  2024-05-21       369       


محه‌مه‌د عه‌لی موحیدی كرمانی به‌كۆی 88 ئه‌ندام به‌ به‌ده‌ستهێنانی 55 ده‌نگ وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێی ئه‌نجومه‌نی شاره‌زایانی رێبه‌ری ئێران هه‌ڵبژێردرا كه‌ ماوه‌ی وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ بۆ دو ساڵ ده‌بێت.

 به‌ پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی ئه‌نجومه‌نی شاره‌زایانی رێبه‌ری ئێران، محه‌مه‌د عه‌لی موحیدی كرمانی بۆ ماوه‌ی دو ساڵ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی شاره‌زایان وه‌رده‌گرێت.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی خولی شه‌شه‌می ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شاره‌زایان له‌ بینای كۆنی ئه‌نجومه‌نی شۆرای ئیسلامی له‌ تارانی پایته‌خت به‌ڕێوه‌چو.

دو چه‌پكه‌ گوڵ له‌سه‌ر دو كورسی چۆڵی ئیبراهیم ره‌ئیسی سه‌رۆك كۆمار، محه‌مه‌د عه‌لی ئالهاشم نوێنه‌ری فیقیهی و پێشنوێژ و وتارخوێنی هه‌ینی له‌ ته‌ورێز دانران.

هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شاره‌زایان بۆ هه‌ڵبژاردنی 88 ئه‌ندام ڕۆژی 1ی (ئازار/3)ی ئه‌مساڵ، هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی شورای ئیسلامی به‌ڕێوه‌چو.

ئه‌نجومه‌نی شاره‌زایانی سه‌ركردایه‌تی به‌ ئامانجی هه‌ڵبژاردنی سه‌ركرده‌كان و چاودێریكردنی ئه‌دای كاركردنیان پێكهێنرا، ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ له‌ 88 ئه‌ندام پێكدێت كه‌ ئه‌ركی گرنگیان له‌ هه‌یكه‌لی كۆماری ئیسلامی ئێراندا هه‌یه‌.

ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی شاره‌زایان یه‌كێك له‌ داموده‌زگاكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌ و ئه‌ركی سه‌ره‌كیی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ هه‌ڵبژاردنی ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران و چاودێریكردنی ئه‌دای كاره‌كانیه‌تی، ماوه‌ی كاركردنی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ هه‌شت ساڵه‌، ئه‌ندامه‌كانی له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×