ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق بەبۆنەی ٨ـی مارس، پێشوازی لە كۆمەڵێك ژنی سەركەوتووی عێراقی كرد، كە لە بوارە جیاوازەكاندا كار دەكەن، لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر مافەكانی ژنان كرایەوە، كە حكومەت گرنگییەكی تەواوی پێ دەدات، هەروەك لە كارنامەی حكومەتیشدا هاتووە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لە بارەی كۆبوونەوەی محەمەد شیاع سوودانی لەگەڵ ژمارەیەك ژنی سەركەوتوو، بەبۆنەی ٨ـی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ئەمڕۆ، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەبۆنەی ٨ـی مارس پێشوازی لە كۆمەڵێك ژنی سەركەوتووی عێراقی كرد، كە لە بوارە جیاوازەكاندا كار دەكەن، هەروەها سوودانی پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی ئەو ژنانە كرد.
ئاماژە بەوەشكراوە، لە كۆبوونەوەكەدا سوودانی جەختی لەسەر پەرۆشی ئەنجوومەنی باڵای ژنان كردەوە، بۆ پاراستنی دیالۆگ لەگەڵ ئەو ژنانەى لە بواری مافەكانی ژنان كار دەكەن، ئەمەش وەك بەشێك لە ڕێبازی حكومەت بۆ گرنگییدان بە واقیعی ژنانی عێراق.
سوودانی وتیشی: حكومەتەكەی سێ وەزیری ژنی تێدایە، ئەمە جگە لە بوونی دەیان ژنی دیكەی سەركەوتوو، كە لە كەرتە جیاجیاكانی حكومەتدا كار دەكەن، هەروەها ستایشی كارەكانی ئەو ژنانەی كرد، كە لە بوارە جیاجیاكاندا سەركەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە، كار دەكەن بۆ زیادكردنی ڕێژەی ژنان لە كەرتە جیاوازەكاندا.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا سوودانی جەختی لەسەر كارەكانی حكومەت كردەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی هەژاریی و بێكاریی و ڕەخساندنی هەلی كار و دەستەبەركردنی خوێندن بۆ ژنان، هەروەها چارەسەركردنی پرسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.
سوودانی لە كۆتایدا وتی: ئامادەیی حكومەت ڕادەگەیەنین بۆ پشتیوانییكردنی هەر بۆنەیەك یان چالاكیەكی ژنانی عەرەبی یان نێودەوڵەتی، كە لە عێراق بەڕێوەبچێت، بۆ ئەوەی بەشداربێت لە ئاگاداركردنەوەی جیهان لە واقیعی پێشكەوتنی ژنانی وڵاتمان.