مینا قازی ژنێکی تێکۆشەر، کە زۆر زوو درکی بە پێویستی هەبوونی هێزی ژنان کرد و کاری بۆ بەڕێکخستن و دامەزراوەییان کرد، هاوکات ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان و ڕۆڵێکی کارای هەبوو لە پرسە سیاسییەکاندا.
ئەمڕۆ ساڵڕۆژی کۆچی دوایی یەکێکە لە ژنە پێشەنگ و تێکۆشەرەکانی کورد، کە لەسەردەمی خۆیدا کاریگەری زۆی هەبووە و ڕۆڵێکی گرنگی بۆ ژنانی نەتەوەکەی گێڕاوە، بە زوویی درکی بە پێویستیی هەبوونی توانا و تێڕوانینی ژنان کردووە، هەربۆیە هەوڵی بۆ هۆشیارکردنەوە و بە دامەزراوەیکردنی ژنان داوە.
مینا قازی، ژنێکی لێهاتووی سەردەمی خۆی بووە و ڕۆڵێکی کارای هەبووە لە پرسە سیاسییەکاندا و تێڕوانین و دیدی جیاوازتری هەبووە بۆ دۆخەکان.
مینا ئەسکەندەریی ناسراو بە “مینا خانمی قازی” لە ساڵی ١٩٠٨ لە شاری مهاباد لە دایک بووە، لە ساڵەکانی ١٩٢٧ – ١٩٢٨ لەگەڵ پێشەوا قازی محەمەد ژیانی هاوژینی پێک دەهێنن، سەرەڕای ئەوەی خوێندەوارییەکی باشی نەبووە، بەڵام پاڵپشت و یاریدەدەری پێشەوا بووە لە هەموو بوارەکاندا.
دامەزراندنی ڕێکخراوی ژنان
ئەو ژنە تێکۆشەرە لە کاتی دامەزرانی کۆماری کوردستاندا، هەستی بە پێویستی هێزی ژن کرد، هەر بۆیە بیرۆکەی دامەزراندنی ڕێکخراوێکی تایبەت بە ژنان دادەڕێژێت و دواتر بەناوی “یایا” دەستبە کار و خەباتی ژنان دەکات.
بەمجۆرە مینا قازی لەو هەولومەرجەدا و لە کاتێکدا، کە داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بەشداری ژنان لە چالاکیی سیاسیدا ئاستەنگ بوون، توانی ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕێ لە دەسپێکی هاتنە مەیدانی ژنان بۆ گۆڕەپانی خەباتی سیاسیی.
فشاری ڕژێم و ئاستەنگەکانی ژیان لە هەڵوێستە نیشتمان پەروەرانەکانی ساردی ناکەنەوە
کاتێک ڕژێمی ئێران پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی لە سێدارە دەدات، ژیانی مینا خان و منداڵەکانی بەردەوام چاوی دەسەڵاتداران و سیخوڕەکانی لەسەر بووە، بەڵام ماڵەکەی مینا خانم وەک ئەندامی حزبی دیموکراتی کوردستان ببووە حەشارگەیەک بۆهەموو شۆڕشگێڕانی کورد.
مینا خان و منداڵەکانی ئازایانە ڕووبەڕووی ڕژێمی داگیرکاری ئێران دەبوونەوە، هەموو ئەو هەڕەشە و گرتن و ئازاردانانەی مینا خان و منداڵەکانی بۆ یەکجاریش نەبووە هۆی پەشیمان بوونەوەیان لەو هەڵوێستە نیشتیمانپەروەریەی کە هەیانبوو، دوای گیان بەختکردنی عیسمەت خانم، عیفەت خانیش لە ساڵی ١٩٨٩ بە پلانێکی تیرۆرستی لە وڵاتی سوید شەهید کرا، کاکە ڕەشی کوریشی چەندیین جار توشی گرتن و ئەشکەنجە بووەوە، مینا خانیش بەدەر نەبوو لە ئازاری زیندان و ئەشکەنجە، جگە لە ئازاری لەدەستدانی منداڵەکانی و خەمی کوردستان.
مینا خانم لە ساڵی ١٩٨٤ بۆ ماوەی ١١ مانگ زیندانی کرا، ئەمە لە کاتێکدا بوو کە تەمەنی لە سەروو ٧٠ ساڵەوە بوو، لە زینداندا توشی سەختی و ناخۆشی زۆر دەبێت و ئەوانەش دەبنە هۆکار بۆ نەخۆش کەوتنی.
ئەو ژنە تێکۆشەرە ٣٨ ساڵی تەمەن بوو کاتێک قازی محەممەد لە سێدارە دەدرێت، بۆیە لەو کاتەوە، جگە لە دایکایەتی، ئەرکی باوکایەتیی منداڵەکانیشی کەوتە ئەستۆ، خاتوو مینا ٩ منداڵی هەبووە، تەنها خۆی توانی هەموویان بنێرێتە خوێندنگە و بەشێکیشیان زانکۆ تەواو بکەن و منداڵەکانی بە بیری کوردایەتی و نەتەوەییەوە گۆش کرد.
مینا قازی، لە ساڵی ١٩٩١ ڕوو دەکاتە وڵاتی ئەڵمانیا و پاش ماوەیەکی کەم دەگەڕێتەوە مهاباد، لە ساڵەکانی١٩٩٥ و١٩٩٦ بە مەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی ڕوو دەکاتەوە دەرەوەی کوردستان و پاش ئەوەی لە چارەسەرەکان نائومێد دەبێ، دەگەڕێتەوە بۆ مهاباد و لە ڕۆژی ١ـی شووباتی ١٩٩٨ بە یەکجاری چاوەکانی لێکدەنێ و ماڵئاوایی لە ژیان دەکات.
میناخانم تا دوا ساتەکانی ژیانی، ئاواتی سەربەخۆیی و ئازادیی کورد و کوردستانی لە دڵدا بوو، لە وتووێژێکدا لەگەڵ گۆڤاری “وارڤین” دەڵێت: هەرچەندە باش دەزانم، کە گەلی کورد لە داهاتوویەکی نێزیکدا سەردەکەوێ و دەگاتە ئامانجە مێژووییەکەی خۆی، ئاواتم ئەوەیە، کە رۆژێک تەواوی کوردستان ببێتە یەک…”