كۆمكاری عەرەبی لە دانیشتنی نائاسایی ئەمڕۆیدا كە لەسەر داوای عێراق بەڕێوەچو، پڕۆژە بڕیارێكی بۆ ئیدانەكردنی هێرشەكەی ئێران بۆ سەر هەولێر پەسەندكرد كە لە حەوت بڕگە پێكهاتوە.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێك كە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە بڵاوكراوەتەوە كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا پڕۆژە بڕیارێكی پەسەندكردوە كە لە حەوت بڕگە پێكهاتوەو تێیدا بەتوندی ئیدانەی هێرشەكەی ئێرانی بۆ سەر هەولێر كردوە.
كۆمكاری عەرەبی جەختی كردۆتەوە كە هێرشەكەی سەر هەولێر دەستدرێژییەكی رونە بۆ سەر سەروەریی عێراق و ئاسایشی خەڵكەكەو هەروەها پێشێلكردنێكی دیاری پرەنسیپەكانی دراوسێیەتی باش و پەیماننامەو نەریتە نێودەوڵەتییەكانە.
هەروەها بڕیارەكەی كۆمكاری عەرەبی ئیدانەی سەرجەم ئەو پاساو و بیانوانەی كردوە كە ئێران بۆ هێرشەكەی هێناونەتەوەو وتویەتی، ئەو پاساوانە ماف بەهیچ دەوڵەتێك نادەن پێشێلی سەروەری وڵاتێكی دیكە بكات و ژیانی هاوڵاتیانی بخاتە مەترسییەوە.
بڕیارەكەی كۆمكاری عەرەبی سەرجەم لێكەوتەكان و سەرەنجامەكانی ئەو پیشێلكارییەی خستۆتە ئەستۆی ئێران و رایگەیاندوە، هێرشەكە، پێشینەیەكی مەترسیدارەو دوبارەبونەوەی رەنگە ببێتە مایەی تێكدانی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەكە بەتەواوەتی.
هەروەك بڕیارەكە جەختی لەسەر یەكپارچەیی و سەروەریی خاكی عێراق كردۆتەوە لەبەرامبەر هەر دەستدرێژی و پێشێلكارییەكی دەرەكیدا و تەئكیدیشی لە سەر مافی عێراق كردۆتەوە بۆ پەنابردنە بەر سەرجەم ئامڕازە دیپلۆماسی و یاساییەكان بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پێشێلكارییانە.
بڕیارەكە داوای لە وڵاتانی عەرەبی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردوە بە هەماهەنگی لەگەڵ عێراق پشتیوانی پێویست كۆبكەنەوە بەمەبەستی دەركردنی چەند بڕیارێك بۆ ئیدانەكردنی هێرشەكەی سەر هەولێر.
وێڕای ئەوەش كۆمكاری عەرەبی لە بڕیارەكەیدا، ئەنجومەنی باڵیۆزانی عەرەبی لە نیویۆرك، جنێف، ڤییەنا، برۆكسل، واشنتۆن، لەندەن، پاریس، پەكین و مۆسكۆ راسپاردوە تا بڕیارەكە بگەیەننە وەزارەتەكانی دەرەوەی ئەو وڵاتانەو هەروەها بیگەیەننە ئەو رێكخراوە نێودەوڵەتییانەی كە لەو وڵاتانە كاردەكەن.
بڕیارەكە داواشی كردوە ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەبی بەدواداچون بۆ ئەم بابەتە بكات و قسە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان بكات لەبارەی ناوەڕۆكی بڕیارەكەوە، لەگەڵ بەدواداچون بۆ ئەو سكاڵایەی كە عێراق پێشكەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردوەو راپۆرتێكیش لەوبارەیەوە بخاتە بەردەم خولی داهاتوی ئەنجومەنی كۆمكاری عەرەبی.