دۆسیەیەكی نوێ بۆ ئەو دو رۆژنامەنوسە كرایەوە كە روماڵی كوژرانی ژینا ئەمینی-یان كردبو
  2024-01-15       476       

رۆژێك دوای ئەوەی بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازادكران، لە دادگا دۆسیەیەكی نوێ بۆ هەردو رۆژنامەنوس نیلوفەر حامیدی و ئیلاهە محەمەدی، ئەو دو رۆژنامەنوسەی كە روماڵی كوژرانی ژینا ئەمینی-یان كردبو، كرایەوە.

ئاوێنە: نیلوفەر حامیدی و ئیلاهە محەمەد، دوێنێ لەدوای یەك ساڵ و چوار مانگ زیندانی، بە دانانی بارمتەی 10 ملیار تمەن ئازادكران و وێنەكانی كاتی ئازادبونیان بەشێوەیەكی بەرفراوان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرانەوە.

ئەمڕۆ پێگەی رەسمی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، دوێنێ لەدوای ئازادكردنی كاتی ئەو دو رۆژنامەنوسە، چەند وێنەیەكیان بەبێ حیجاب لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراوەتەوە، لەبەرامبەر ئەوەدا، بەهۆی ئەوەی كە ئەو كارە "تاوانە" دۆسیەیەكی نوێ بۆ هەردو رۆژنامەنوسەكە لە دادگای شۆڕش كراوەتەوە.

بەوەش ئەو دو رۆژنامەنوسە لەكاتێكدا كە چاوەڕێی بڕیاری دادگای پێداچونەوەن لەبارەی دۆسیەی پێشویان، ئێستا دۆسیەیەكی نوێیان روبەڕودەكرێتەوە.

دوێنێ دادگای پێداچونەوە لە تاران بڕیاریدا بە ئازادكردنی ئەو دو رۆژنامەنوسە بەشێوەیەكی كاتی و بەدانانی بارمتە تا ئەو كاتەی بڕیاری دادگاكە لەبارەی دۆسیەكەیان دەردەچێت. بەڵام بەپێی بڕیاری دادگای پێداچونەوە هەردوكیان قەدەغەی چونە دەرەوەی وڵاتیان لەسەرە.

هەر دوێنی ژمارەیەكی زۆر لە بەكارهێنانەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، هونەرمەندان و رۆژنامەنوسان و چالاكانی مەدەنی و سیاسی خۆشحاڵیان بەرامبەر ئازادكردنی ئەو دو رۆژنامەنوسە نیشاندا.

ئەمجەد ئەمینی، باوكی ژینا ئەمینی، لە پەیامێكدا لە ئینستاگرام نوسبوی، بەڕێزان نیلوفەر حامیدی و ئیلاهە محەمەدی، ئازادیی ئێوە لەدوای 400 رۆژ بەرگەگرتنی زیندان و دوریتان لە خێزانەكانتان، هەمو ئیمەی خۆشحاڵ كرد.

تۆمەتە نوێیەكەی نیلوفەر حامیدی و ئیلاهە محەمەدی، لابردنی حیجابە.

ئەو دو رۆژنامەنوسە پێشتر لەسەر روماڵكردنی كوژرانی ژینا ئەمنی بە "هاوكاریكردنی حكومەتی ئەمریكاو پیلانگێڕی و دەستێكەڵكردن بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی وڵات و پڕوپاگەندە دژی رژێمی كوماری ئیسلامی" تۆمەتباركرابون.

لەسەر ئەو دۆسیەیە لەلایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە لە رۆژی 22ی 10ی ساڵی رابردو، واتە نزیكەی ساڵێك لەدوای دەستگیركردنیان، ئیلاهە محەمەدی بە 12 ساڵ زیندانی و نیلوفەر حامیدی بە 13 ساڵ زیندانی سزادران و لەئێستادا چاوەڕێی بڕیاری دادگای پێداچونەوەن لەوبارەیەوە.

ئەمڕۆ هاوكات لەگەڵ ئەوەی پێگەی رەسمی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، رایگەیاند، دۆسیەی نوێ لەسەر بێ حیجابی بۆ ئەو دو رۆژنامەنوسە كراوەتەوە، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند، روبەڕوی بێ حیجابی دەبنەوەو لەو روەشەوە هیچ دودڵ نین.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×