دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان داوا لە دۆست و لایەنگرانی دەكات لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەنگ بە لیستی "هاوپەیمانی كەركوك هێزو ئیرادەمانە" بدەن كە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و حزبی شیوعی كوردستان پێكهاتوە.
ئاوێنە: دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە بەیاننامەیەکدا هەڵوێستی حیزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بە تایبەت لە پارێزگای کەرکوک ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، "گەلانی کەرکوک لە ساڵی 2005ەوە لەو پڕۆسەیە بێبەشن و هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە کەرکوک بەڕێوە نەچوە، ئەویش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەو کێشمەکێشە سیاسییە ناوخۆی و هەرێمیانەی لەسەر کەرکوک چەندە قوڵ و فراوانن، دوای 18 ساڵ ئێستا دەرفەتێک هاتوەتە پێشەوە تاوەکو خەڵکی کەرکوک لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە بتوانن نوێنەرانی خۆیان بۆ ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێرن."
وتوشیەتی"تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، بەڕەچاو کردنی دۆخی تایبەتی کەرکوک هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ ئەوەدا بوین کە هەڵبژاردن لە چوارچێوەی پڕۆسەیەکی دیموکراتییدا خزمەت بە ئاشتی و پێکەوەژیانی گەلان بکات لە کەرکوکدا، بۆ ئەوەش زۆرترین هەوڵ و تێکۆشانمان کرد، کە هێزە کوردییەکان بە یەک لیست و پڕۆژە بەشداری ئەم پرۆسەیە بکەن، بەداخەوە دەستێوەردان و پرۆژەی هێزە هەرێمییەکان بە یارمەتی هێزی بەکرێگیراوی ناوخۆیی ڕێگر بون لەوەی بەرژەوەندی کەرکوک و کەرکوکییەکان لە پرۆژەیەکدا خزمەت بە گەلان وپێکهاتەکانی دیکەی کەرکوکیش بکات."
هێمای بۆ ئەوەش كردوە"کەرکوک بەشێکە لە قوڵایی ستراتیژیەت و سیاسەت و ڕێکخستنی ئێمە، هەر لەو چوارچێوەیەدا و بە خوێندنەوەی ئێمە بۆ ڕەوشی ئێستای کەرکوک، ئەم شارە لەژێر هەڕەشەیەکی جدیدایە، هێڵێک کە فاشیزمی نەتەوەیی و ئایینی بە نوێنەرایەتی فاشیزمی عەرەبی کە بەشێک لە عەرەبە سوننەکان پێشەنگایەتی دەکەن، وە فاشیزمی تورکمانی کە بەرەی تورکمانی پێشەنگایەتی دەکات، فاشیزمی کوردی کە پارتی دیموکرات پێشەنگایەتی دەکات ئەجێندا و بەرنامە داڕێژەریشی تورکیایە، دەیانەوێت شاری کەرکوک بەرەو هەڵوەشانەوەیەکی مێژویی کولتوری سیاسی هونەری و لێک ترازانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ببەن کە هەزاران ساڵە نەتەوەکانی کەرکوک لەپێناو پێکەوە ژیاندا کردویانەتە بەشێک لە پیرۆزی و ئەخلاقی کۆمەڵگەی کەرکوک تاوەکو پێکەوە بەئاشتیانە بژین."
ئەوەشی خستۆتەڕو"ئێمه وەک تەڤگەری ئازادی لەسەر و هەمو تێبینی و سەرنجەکانمان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن و هێزە کوردییەکان، پێمان وایە بەرژەوەندییەکانی کەرکوک لە هەمو بیرکردنەوە بچوک و حیزبییەکان گەورەترە، بۆیە بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین کە بەرامبەر بە کەرکوک واجبی خۆمان پێکبێنین و هەم دەنگ بدەین هەم بانگەوازی بۆ هەمو هاوڵاتیان کەرکوک بکەین کە بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکەیان بکەن، چونکە ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە دۆکۆمێنتێکی مێژویی بۆ کەرکوک و ڕێژەی نەتەوەکان دیاری دەکات بۆیە گرنگە تەواوی کورد لەکەرکوک بەشدار بێت و لە مەترسیەکانی پرۆژەی داگیرکاران لەکەرکوک هۆشیار بێت."
لە كۆتاییشدا وتویەتی"ئێمە لە تەڤگەری ئازادی بە وردبونەوەمان لە کۆی لیستە کوردییەکان پێمان وایە لیستی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە، کە لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و حیزبی شیوعی کوردستان پێکهاتوە، باشترین و گونجاوترین هەڵبژاردەیە کە دەنگی پێ بدەین، بێگومان ئەم لیستە دەرفەتی پڕۆژەی هەمومانی تێدایە لە داهاتودا بۆ بەیەکەوە ژیانی دیموکراتیانەی گەلان و باوەڕیەکان کار بکەین و تاکە لیستە کە لەو چوارچێوەیەدا دەتوانێت خزمەت بە کەرکوک و کەرکوکییەکان بێ جیاوازی بکات، لە کۆتاییدا داوا لە ئەندامان و دۆستان و هەمو ئەو کەرکوکییە بەڕێزانە دەکەین کە گوێ لە ڕای ئێمە دەگرن دەنگی خۆیان بە لیستی هاوپەریمانی کەرکوک هێزو ئیرادەمانە بدەن."