لێکەوتەکانی دوای کوشتنی قاسمی سولەیمانی
ئارام هادی
2020-01-03   872
تائێستا کاردانەوەکانی دوای کوشتنی (قاسم سولەیمانی و ئەبو مهدی موهەندیس)تەنها لەچوار چێوەی گوتاری توند دایە، ئاخۆ چەند ڕۆژی ئایندە گوتارەکان دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە؟، یاخود بەرە و ساردبونەوە دەچن؟، باوەڕناکەم لەئێستادا کەس بتوانێت بەبێ (ڕەنگە و ئەگەر)، شرۆڤەیەکی دروست و بابەتیانەی لێکەوتەکانی ئەم ڕووداوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆبکات، چونکە جارێ زووە و هاوکات کردەوەکانیتری ئەمریکاش لەسەر کاردانەوەکانی ئیران دەوەستێت لەداهاتودا، هەرچی ئیرانیشە لەلایەک لەپرسەیەکی سێ ڕۆژیدایە و لەلایەکیتر بەبێ لەبەرچاوگرتنی زەرەر و زیانەکان و کۆدەنگی بڕیاربەدەستانی وڵاتەکەی و ڕاوێژکردن بە دۆست و هاوپەیمانەکانی هیچ هەنگاوێک نانێت.
هەرچەنده زووە بۆ خوێندنەوەی دۆخەکە و شرۆڤەکردنی لێکەوتەکانی دوای کوژرانی ئەو دوانە، جارێ ناشزانین ئایا ئەمریکا لێرەدا ستۆپ بە کردەوەکانی دژبە ئیران و هیلالی شیعی دێنێت، یا لانیکەم تا هەڵوەشاندنەوەی حشدی شعبی لەعیراق (جا بە یاسابێت، یا بەزۆر و چاوترسێن و کوشتنی سەرکردەکانیتری حشد)دەبێت، یان ئەم ڕووداوە تاچەند دەبێتە هۆکارێک بۆ پێشخستنی شەڕی ناوخۆیی شیعەکان؟، کەچاوەڕوانکراوه ڕووبدات.
ڕەنگە ترامپ بۆ ئەوەش ئەمکارەی کردبێت لەلایەک فشارە ناوخۆییەکانی سەرخۆی پێ لاببات، لەلایەکیتر وەک دەستکەوت لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکەی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی بەکاری بهێنێت کە لەکۆتاییەکانی ئەمساڵ دەست پێدەکات و کوشتنی (ابوبکر بغدادی و قاسم سولەیمانی)زامنی چوارساڵیتری سەرۆکایەتیەکەی بن.
هەرچی پەیوەندی بە شەڕی ڕاستەوخۆی (ئەمریکا و ئیران)بەرامبەر یەکترهەیە، بۆ ئێستا زووە و دەکرێت ئەمە یەکێک بێت لە ئامادەکاریەکان بۆ ئەو شەڕە و چوار ساڵی دووەمی خولی سەرۆکایەتیەکەی ترامپ (گەر بوەوە بە سەرۆککۆماری ئەمریکا) ئەو کارە ئەنجام بدات.
ئەگەریش هەیە هیچ ڕووداوێکیتری بەدوادانەیەت و بۆماوەیەک گرژیەکانی ئەمریکا و ئیران، وەک خۆی بمێنێتەوه، وەک دوای خستنە خوارەوەی فڕۆکە ڕوسیەکە لەلایەن تورکیاوە لەساڵی 2015، کە هەزاران سیناریۆ قسەی لەبارەوە کرا و ئەنجامیش پێچەوانە دەرچوو، پوتن لەڕابردوو زیاتر تورکیای بەلای خۆیدا ڕاکێشا و ئەردۆغانی بەجۆرێک لێکردوە، لەناتۆش بێمنەتی کردوە و ئەگەر هەیە دواجار تورکیا لەناتۆش بچێته دەرەوە.
دەکرێت لە داهاتوو ئەمریکا و ئیرانیش کاربکەن بۆ نەهێشتنی گرژیەکانیان و وردە وردە لێکنزیک ببنەوە.
ئەوەی پێویستە عیراق بە هەرێمی کوردستانەوە بیانکات، خۆ بەدوورگرتنە لەم ناکۆکیانە و بێلایەنیه، چونکە ئەمریکا وەک زلهێزێکی جیهانی و خاوەن سەرباز و بنکەی سەربازی فراوان لەناوچەکە و ئیرانیش وەک زلهێزێکی ناوچەیی، عیراق بەهەرێمی کوردستانەوە زەرەرمەندی یەکەم دەبن لایەنداری لە هەر لایەکیان بکەن، بەڵکو باشترین کارێک گەر پێیان بکرێت، خۆلادانە لەو کێشانە و بەتایبەتیش بۆ کورد، لەهەرکات زیاتر پێویستمان بە یەکگوتاریه لەئاست ئەو ڕووداوانەی ڕوودەدەن.