یەكێتی چۆن حكومەتێكی دەوێت؟

ئارام هادی
  2019-01-18   

یەكێتی بەبێ‌ ڕێككەوتنێكی سیاسی پێشوەختە لەگەڵ پارتی و بەشدارێكی ڕاستەقینە لەكابینەی نۆ ناچێتە ناو گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت, هاوكات سورن لەسەر ئەوەی بەیەك پاكێج چارەسەری كۆی گشتی پرسە هەڵواسراوەكانیان لەگەڵ ئەو حزبە بكەن كە بەشێكیان پەیوەندی بە بغداد و كەركوكەوە هەیە وەك مامەڵەكردنی پارتی لەگەڵ سەرۆككۆماری عیراق, كۆتایی هێنان بە ڕێگرییەكانی پارتی لەوەرگرتنی وەزارەتی داد لەلایەن یەكێتی یەوە و كاراكردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و دانانی پارێزگارێكی نوێ‌ بۆ شارەكە بەومەرجەی كاندیدەكەی لە یەكێتی بێت, هاوكات چارەسەركردنی گرژیەكانیتری هەرێم  و بغداد.
بۆهەرێمیش یەكێتی بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن و ڕەچاوكردنی وەك هێزێكی میللی و خاوەنجێنفوز مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و بەشدار و بڕیاربەدەست بێت لە كابینەكەدا ئەوكات بەجدی دەچێتە ناو گفتوگۆی پێكهێنانی كابینەی نۆ, ئەمە هەر قسە نیە بەڵكو تائێستاش وەك بڕیار لەناو یەكێتی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و كۆدەنگی ئەنجومەنی سەركردایەتیشی لەسەرە.
*ئەوەی پەیوەندی بە  پارتی یەوە هەیە  ئەم یەك پاكێجیەی یەكێتی ڕەد دەكاتەوە و پێی وایە هەرێم و بغداد دووشتی جیاوازن و پێویستە هەریەكە بەجیا قسەی لەسەر بكرێت تادەگەنە ڕێككەوتن,  ئەولەویەتی خۆشی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆ تەرخانكردوە و بۆئەم مەبەستەش لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان ڕێككەوتنیان كردوە و چاوەڕێی یەكێتی دەكەن. 
*بۆچی پارتی پێش یەكێتی لەگەڵ گۆڕان ڕێككەوت؟ 
پارتی لەپێكهێنانی كابینەی ڕابردوودا لە2013لەگەڵ گۆڕان ڕێككەوت و بەشێكی لاوەكی پۆستەكانی حكومەتی بە بەتاڵی بۆیەكێتی جێهێشت و كابینەكەی ڕاگەیاند, ئێستاش بەنیازی تاقیكردنەوەی هەمان سیناریۆیە, بەڵام ئەوەی وایكردوە سیناریۆ كۆنەكە سەرنەگرێت پەیوەندی بەیەك هەڵوێستی یەكێتی یەوە هەیە لەسەر بەشداریان لە حكومەت و  بەشێكیشی هەڵكشان و داكشانی دەنگ و كورسیەكانی یەكێتی و گۆڕانە كەئێستا پێچەوانە بۆتەوە.  


*یەكێتی بۆچی وادەكات و چی دەوێت؟ 
"گەرجارێك هەڵخەڵەتام خوا سەبەب كارەكەم بگرێت, گەر دووجار هەڵخەڵەتام خوا خۆم بگرێت"ئەمە ئەو پەندە كوردیەیە ڕەنگە دەیان جار بەسەر یەكێتی دا چەسپێندرابێت و پێدەچێت یەكێتی پەندی لە ڕابردووی لەگەڵ پارتی وەرگرتبێت و نەیەوێت جارێكیتر بەبێ‌ ڕێككەوتنێكی سیاسی و كراوە بەشداریبكات, هاوكات ناشیەوێ‌ وەك ڕابردوو تەنها بەشداری حكومەت بكات و خاوەن بڕیارنەبێت, ئێستاش یەكێتی داوای ئەم ڕێككەوتنە سیاسیە لە پارتی دەكات باشە, بەڵام لەو باشتر ئەوەبو لەگەڵ گۆڕان ڕێككبكەوتایە و بەیەك پاكێج و یەك وەفد و لەسەر یەك مێزی گفتوگۆ لەگەڵ پارتی ڕێككەوتنایە, بەمەش كۆتایی یان بە یاریەكانی پارتی دەهێنا كە هەمیشە لەو بۆشایی یەی نێوان یەكێتی و گۆڕان دەیكات. 
*بزوتنەوەی گۆڕان چی بكات؟ 
باشترین كار گۆڕان پێی هەستێت گرتنەبەری ئۆپۆزسیۆنە كە ئەمە لەقازانجی خەڵك و بزوتنەوەكەشە گەرواش نەكات پێش پارتی ڕێككەوتنیەتی لەگەڵ یەكێتی, ئەم سوربونەی گۆڕان و لەسەر بەشداریكردنی لە حكومەت گەرهات و لەڕێككەوتنێكی یەكێتی و پارتیدا بە هەوادا چوو, دەبێتە خنكاندنی یەكجارەكی بزوتنەوەكە, هەرچەندە دواجار گۆڕان كام ڕێگە دەگرێتە بەر ئەوە پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە. 
*دواجار
لێدوانی بەشێك لە سەركردایەتی هەردوو حزب و بەدەنگەوە نەچونیان بۆداواكاریەكانی یەكتر و هاوكات خەمساردیان لەمەڕ پێكهێنانی كابینەكە گەر قسەی فەرمیشی لەسەر نەكرابێت, ئەوا مەترسی دووئیدارەیی هێناوەتە بەرباس, ئەوەی وایكرد ئەم مەترسیە زیاتر ڕەنگبداتەوە كاردانەوەی پارتی بو لەتۆڵەی گرتنی كادیرێكی لەزۆنی سەوزدا كە لەسەر كەیسێكی كۆمەڵایەتی و بەفەرمانی دادگا گیرابو لەبەرامبەردا چەند كادرێكی یەكێتی بە بارمتەگرت!!. 
بەڵام یەكێتی و پارتی دەبێت بەهەر جۆرێك بێت بگەنە ڕێككەوتن بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆ كە زیاتر لە 100ڕۆژە بەسەر هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەدا تێپەڕبوە و تائێستاش نازانرێت چەندیتر دەخایەنێت!!, گەروابڕوات "هێڵەكانی دێگەڵە" تۆختردەبنەوە و دەرگای هەرێم لەئێستا واڵاتردەكات لەبەردەم دەستوەردانی دەرەكی و هەوڵەكانیش بۆ چاكسازی لەسیستەمی حوكمڕانی هەرێمدا بە هەوادا دەبات و كوردیش لە بغداد زۆر لەئێستا لاوازتردەكات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
یەکێتی و نەوەی نوێ لە دادگای فیدراڵیی سکاڵایان لە دانیشتنی پەرلەمان تۆمارکرد
سەرۆکی میت نەخشەڕێگای ئەنقەرە بۆ چارەسەری پرسی کورد ئاشکرا دەکات و پەکەکەش داوای هەنگاوی کرداری دەکات
مه‌سرور بارزانی: له‌گه‌ڵ تۆم باراك هاوڕابوین كه‌ ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم به‌ یه‌كگرتویی بمێنێته‌وه‌
کۆڕەک تیلیکۆم لە دادگای فیدراڵی دۆڕاندی و دەستەی گەیاندنی عێراق بردیەوە
فوئاد حوسێن وردەکاریی سەردانە نهێنییەکەی عەلی زەیدی بۆ تاران و هەوڵەکانی ڕاگرتنی جەنگ ئاشکرا دەکات
نێچیرڤان بارزانی لەسەر داوای ئەردۆغان دەچێتە تورکیا
لە وێستگەکانی ئاوەوە بۆ ساردکەرەوەی فرۆشگاکان؛ نهێنییەکانی گرووپی سایبەری "شەهید کاوە" و پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانەوە ئاشکرا دەکرێت
ئیکۆ عێراق وردەکاریی زیانە داراییەکانی کێڵگەی کۆرمۆر و لێکەوتەکانی لەسەر کەرتی کارەبا بڵاودەکاتەوە
حوسییەکان بۆ شەرع: لە بری شەڕی یەمەن، وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل بدەنەوە
1. لێکەوتەکانی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر؛ کەمبوونەوەی کارەبا و گرانبوونی بازاڕ ژیانی رۆژانەی لە سلێمانی قورس کردووە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×