ئەمریکا لەناوچە ستراتیژیەکان پاشەکشە دەکات
ئارام هادی
2021-08-06   447
لەم ڕۆژانە شایەدی کشانەوەی پێ بەپێی سەربازە ئەمریکیەکانین لە ناوچەکە، لە (ئەفغانستان) کشانەوه لە (عیراق) ڕۆڵەکەیان دەکرێته ڕاوێژکاری، (قسە هەیە لە بنکە سەربازیەکەی حەریری نزیک هەولێریش بکشێنەوە) لە ئایندەیەکی نزیکدا گەر لە چەند وڵاتێکیتری ناوچەکە نەکشێنەوە ئەوا تەنها لە چوارچێوەی ڕاوێژکاری دەمێننەوه، بە کشانەوە یان گۆڕینی هێزەکان لە شەڕکەرەوە بۆ ڕاوێژکاری لە هەر وڵاتێک، یەکسانە به کەمکردنەوەی هەژمونی ئەمریکا لە ناوچەکە بە قازانجی (ڕوسیا. چین. ئیران. تورکیا).
کشانەوە یان گۆڕینی ناونیشانی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە پەیوەندی بە ئیدارەی ئەمریکاوە نیە هێندەی پەیوەندیی بە سیاسەتی قوڵ (پشتی پەردە)ی شانۆگەریەکەوە هەیە، (دەکرێت کشانەوەی ئەمریکا پەیوەندی بەم هۆکارانەی خوارەوە بێت).
1. بە ڕوخاندنی یەکێتیی سۆڤیەت و مانەوەی ئەمریکا بە تاک جەمسەر، سیستەمە جیهانیەکە هاوسەنگی لە دەستدا و لە (1990- 2020) قورسایی جیهانی زیاتر لەسەر شانی ئەمریکا و ژمارەیەک لە ئەوروپیەکان بو، ئەمەش بارگرانی زۆری دەوێت، دەکرێت ئەمریکا و ئەوروپا لەگەڵ ئەو ژمارە لە وڵاتانی جیهانی کە دەوری پۆلیسی سیستەمەکەیان درابۆیە نەیانتوانی بێت جیهان بەڕێوەبەرن، ناچار گەڕانەوە بۆ دابەشکردنی کێکەکە بەسەر ڕکابەرەکانیان کە (ڕوسیا- چین)ە، بەو حوکمەی لە ڕووی داراییەوە چین تەنگی پێ هەڵچنیوە و لە پێشکەوتویی چەکیشدا ڕوسیا هێندەی نەماوە هاوشانی بوەستێت.
2. پەلاماردانی ئیران لەلایەن تورکیاوە ئەگەرێکی دوورنیە، لەبەر ئەوەی ئەردۆغان لە پێش هاتنە سەرکاری لە 2002 ئەو بەڵێنەی بە ئەمریکیەکان داوە، ئەمریکیەکانیش بەو مەرجە پاڵپشتیان لە هاتنە سەرکاری ئەردۆغان کرد، هەرچەندە ئەردۆغان لە بەڵێنەکەی پاشگەزبۆوە، بەهۆی تۆمەتبارکردنی ئەمریکا لە کودەتا شکستخواردوەکەی تەموزی 2016، بەڵام دەکرێت ڕێککەوتنی نوێ لە نێوانیان ئەنجام درابێت، لە ئەگەری ئەنجامدانی ئەم شەڕەدا ئەمریکا دەیەوێت لەناوچەی نزیک شەڕەکەوە دووربێت.
3. دوای شەڕی جیهانی دووەم بەریتانیا نەخشە و پلانی بۆ ئەمریکا دادەڕشت و ئەمریکاش بە تەکنیکە ئاست بەرزەکانی جێبەجێیکردوە و لە زۆربەشیاندا سەرکەوتو دەبو، بەڵام دوای ڕوخاندنی دەسەڵاتی دیکتاکتۆری (صدام حسێن) بەریتانیا هەنگاوی جدی هاوشانی ئەمریکا نەنانەوە، لە بەهاری عەرەبی و شەڕی داعشیشدا زیاتر فەرەنسیەکان دەرکەوتوبون!، چونکە ئەو ڕژێمانەی دەڕوخان دەستکردی بەریتانیەکان بون، گەر بەریتانیا هەنگاوێکیشی نابێت لە چوارچێوەی هەواڵگریدابوە، ئێستاش زیاتر هەست بە دوورکەوتنەوەی بەریتانیا لە ئەمریکا دەکرێت.
4. لێکەوتە خراپەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر جیهان و بەتایبەت ئەمریکا و ئەوروپا زیاتر لە شەڕێکی جیهانی زەرەری پێگەیاندن، بەجۆرێک زۆری دەوێت تا ژێرخانی ئابوری ئەمریکا بچێتەوە ئاستی پێش کۆرۆنا، لەگەڵ ئەوەشدا ڕایەکی جیهانی هەیە لەسەر ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێشکەوتوترین چەکی بایۆلوجی چینی بو بەدژی ئەمریکا بە پلەی یەکەم و ئەوروپا بە پلەی دووەم خستیە بازاڕەوە، چین بەم ڤایرۆسە ئەمریکا و ئەوروپای ناچار بە کشانەوەی کرد.
5. ڕای پێنجەم کە لە چوارچێوەی (سیاسەتی پشتی پەردە) دەخولێتەوە و ڕەنگە زۆرینەی خوێنەران بە خەیاڵ و خەو لێکدانەوەی بۆبکەن، ئەوەیە، کە "ئەمریکا ئاسمانی کۆنترۆڵکردووە و لە هەموو ئەو وڵاتانەی کار لە بۆشایی ئاسمان دەکەن پێشکەوتوترە" و بە ڕێککەوتن ئەو وڵاتانەی ناچار کردووە لە بواری بۆشایی ئاسماندا هاوکاری ئەمریکابن، لە بەرامبەردا ئەمریکا لەسەر زەوی بە شێوەیەکی لەسەرخۆ بە قازانجی ئەو وڵاتانە پاشەکشە لە زۆر ناوچەی ستراتیژی و گرنگ دەکات!.
دواجار ئەوەی ڕوودەدات کشانەوەی ئەمریکیەکان لە سەرەتای دەرکەوتنیدایە، کێ جێگەی دەگرێتەوە دیارە، بەڵام دوای دەرچونی ئەمریکا لە ناوچەکە جۆری بەڕێوەبردنی سیاسەتەکە چۆن دەبێت دیارنیه، ئەوەی بۆ ئێمەش گرنگە ئەوەیە ئایا کورد کە پێگە جوگرافیەکەی زۆر گرنگە، دەتوانێت کارتە بەهێزەکانی بە قازانجی سەرخستنی ئامانجەکانی بەدی بێنێت؟.