لە هەرێمی (دوو ئیدارەیی) کوردستانی عێراق سێ جۆر ڕاگەیاندن و، هەر بۆیەش سێ جۆر ڕۆژنامەنوس هەیە. ڕاگەیاندنی حیزبی جۆرێکە لە ڕاگەیاندن کە کەوادری حیزب وەک ڕۆژنامەنوس کاری تێدا ئەکەن. ئەم جۆرە لە میدیا ئەچێتە قاڵبی پڕوپاگەندەوە، نەک ڕۆژنامەگەریی. جۆری دووهەم ڕۆژنامەگەری سێبەرن، کە سەر بە حیزب و کەسایەتیین. جۆری سێهەمیش ئەهلین. هیچکام لەم ڕاگەیاندنانە بە شێوەیەکی ڕەها سەبەخۆ نین.
ڕاگەیاندن ئەوەندە ی دەسەڵات هەیە کە ئەتوانێت ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بگۆڕێت. بۆ نموونە ئەگەر کۆمەڵی دادگەری زمانحاڵێکی وەک (ئێن ئاڕ تی) هەبوایە، حەتمەن دەنگەکانی دوو ئەوەندەی نەوەی نوێ ئەبوو. ڕاگەیاندن ئەتوانێت سپی بە ڕەش و ڕەشیش بە سپی نیشانی خەڵک بدات. ڕاگەیاندن ئەتوانێت مێشکی خەڵک بشوات. هەربۆیەش بە ڕاگەیاندن ئەڵێن دەسەڵاتی چوارە م، چونکە بە فیعلی دەسەڵاتی هەیە. ئیتر وەک چۆن ویژدانی کەسێکی سیاسەتمەدارپێوەرە بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکەی چۆن بەکار ئەهێنێت، بۆ کەسی ڕاگەیاندنکاریش وایە. خەڵکی بێ ویژدان هەر بێویژدانە، ئیتر ئەگەر سیاسی بێت، بازرگان بێت یان ڕاگەیاندن کار یانیش مامۆستای ئاییینی، هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت.
با بەم بۆنەیەوە گلەییەکیش لە کاک باڤڵ تاڵەبانی بکەین. کاک باڤڵ ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردستانی قۆزتۆتەوەو لە پەیامەکەیدا وا ئەڵێ:
"بهڵام بهداخهوه له ساڵانی رابردوودا ههندێك ناوچهی ههرێمی كوردستان نهك تهنیا لهو رووهوه گهشهی نهكردووه، بهڵكو بووهته جێگهیهك بۆ كپكردن و زیندانیكردنی دهنگه ئازادهكان. تۆمهتی ناڕهوا بۆ رۆژنامهنووسان دروستدهكرێت و وێنهیهكی نهخوازراوی ههرێم پێشكهشی كۆمهڵگهی نێودهوڵهتی دهكرێت".
یەکەم: حەق نەبوو کاک باڤڵ ئەم یادە بەکار بهێنێت بۆ پڕوپاگەندەی سیاسی، چونکە ئەمە خۆی لە خۆیدا بێڕێزیە بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسان، چونکە سوئی ئیستیفادە لە ساڵیادەکە ئەکات بۆ مەرامێکی سیاسی. دووهەم: پێویستی نەئەکرد کاک باڤڵ بە جفرە قسە بکات. بۆچی ڕێک و ڕاست و ڕەوان ناڵێت: سنوری ناوچەی پارتی دۆزە خی ڕۆژنامەنوسانە، بەڵام لە زۆنی سەوزی یەکێتی هەرگیز لە گوڵ کەمتر بە ڕۆژنامەنوسان نەگوتراوە؟…
ساڵیادی ڕۆژناگەری کوردی لە هەموو ڕۆژنامەنوسانی ئازا و ماندونەناس و مەبدەئی پیرۆزە.