ساڵی ١٩٨٨ پاش ئەنفالەکان، هەموو هێزی پێشمەرگەی حیزبەکان پاشەکشەیان کرد بۆ سەر سنوور. ئێمەش وەکو ئەوانی تر بە ناچاری ناوچە ئازادکراوەکانمان جێهێشت و لە دۆڵی شێنێ و قاسمە رەش، بە دیاریکراوی لە نزیک گوندی نۆکان گیرساینەوە.
رۆژگارێکی رەش و دۆخێکی زۆر سەخت بوو. ئەنفال و هەڵەبجەو کیمیابارانی ناوچە ئازادکراوەکان شۆڕش و پێشمەرگەیان تووشی شکستێکی گەورە کردبوو. کەس نەیدەزانی چارەنووسمان چی دەبێ.
ئێمە سەرباری هەموو ئەو کێشەو سەختیانە، دۆخی دارایشمان زۆر خراپ بوو. هەندێک پارەمان هەبوو (وابزانم نزیکی پێنج هەزار دیناری ئەو کاتە)، بەڵام نەماندەزانی ئەگەر تەواو ببێ روو لەکوێ و لە کێ بکەین؟
رۆژێک هەموومان تووشی شۆک بووین کە زانیمان پارەکەمان دیار نەماوە! لەو رۆژەدا ئەمە کارەساتێکی تر بوو دەچووە سەرباری هەموو کارەساتەکانی تر. کاتەکەیش رەمەزان بوو و زۆربەی پێشمەرگەکان بەڕۆژوو بوون. ئەوەی زۆرێکمان لێی دڵنیا بووین ئەوە بوو، کەس لەدەرەوە نەهاتبووە بارەگاکەمان ئەوەندە لامان بمێنێتەوە تا شکی ئەوە بکەین کەسێکی بێگانە هاتووەو دزیی لێکردووین. دیاربوو هەر کەسێکی ناو خۆمان بوو.
بەهەرحاڵ، هاوڕێیەکمان کە وەک ژمێریارو ئەمین سندووق وابوو، بە وردی چاودێریی هەموومانی دەکرد. تێبینیی ئەوەی کردبوو کە لە کاتێکدا ئێمە کەسمان پارەی کڕینی پاکەتە جگەرەی بەغدای کیس-مان پێ نەبوو، هاوڕێیەکمان دایم گیرفانی پڕ بوو، رانکوچۆغەی تازەی لەبەر دەکردو بۆ بەربانگ برنج وگۆشتی بۆ سەر سفرەی ئیفتاری پێشمەرگەکان دەکڕی! سفرەی ئەو رەمەزانەمان بە هۆی ئەوەوە بەردەوام رەنگین و رازاوە بوو! ماڵی ئاوا بێت زۆرێک لە پارە دزراوەکەی بۆ خۆمان خەرج ئەکرد!!!
بەهەرحاڵ، “تاوانبار دۆزرایەوەو لە ژوورەکەی سەرەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرا. پاش بێنەو بەردەیەکی زۆر دانی بە تاوانەکەیدا نا و، دان پێدانانەکانیشی لەسەر کاسێت تۆمار کرا. لەو رۆژەیشەوە تا ماوەیەک چەککراو وەک دەسبەسەر وابوو. بۆی نەبوو لە بارەگاکەمان بچێتە دەرەوە.
تا ئێرە، دەکرێ بڵێین ئاساییە! تاوان لە هەموو شوێنێک روو دەداو مرۆڤ لە هەر کوێیەک بێت و هەر چییەک بێت، دەشێت لە لەحزەیەکدا بەرامبەر پارە یان هەر شتێکی تر لاواز بێت و تاوان بکات. ئەوەی سەیرو سەمەرەو وانەیەیەک بوو بۆ من و هاوڕێکانم ئەوە بوو، پاش ماوەیەکی کەم لەو رووداوە، بەرپرسەکانمان نەک هەر لێی خۆش بوون (رەنگە ئێمەیش لەو رۆژەداو لەو دۆخە نالەبارەدا لێخۆشبوونمان بە بڕیارێکی راست دەزانی)، بەڵکو کردیان بە بەرپرسی ئیدارەی بارەگای سەرکردایەتیمان!!!
لەو رۆژەوە لەوە تێگەیشتم حیزب و سیاسەتمەدارەکانی ئێمە لە خوایان دەوێت خەڵکی خواروخێچیان دەستکەوێت. خەڵکێکیان دەوێت کە خاڵی لاواز بدەن بەدەستەوەو کلکیان لە ژێر دەستی خۆیاندا بێت. ئەم جۆرە خەڵکە بە کەڵکی ئەوان دێت، چونکە هەرچی بیانەوێ پێیان دەکەن، بێ ئەوەی ترسیان هەبێت لەوەی لێیان هەڵگەڕێنەوە. خەڵکێکیان بۆ چییە کە پاک و بێگەردو خاوەن مەبدەو و راستگۆ بن؟! ئەم جۆرە خەڵکە هەرگیز ئامادە نابن بۆ ئافەرینی سەرۆک و بەرپرسەکان لە قەناعەت و بیروباوەڕی خۆیان لا بدەن و تاوان بەرامبەر خەڵک بکەن. ئەمەش بەکەڵکی ئەوان نایەت، بگرەسەرئێشەیان بۆ دروست دەکات.
ئەمە ئەو دۆخەیە کە بە زەقی لە کوردستانی ئەمڕۆدا دەینینین. هەرچی راستگۆ و خاوەن باوەڕو دڵسۆز بوو، یا بە دڵشکاوی وڵاتی جێهێشت، یا کونجی قەناعەتی گرتووەو خۆی لە هەموو شتێک بەدوور گرتووە. بۆیە دەبینین زۆرێک لەوانەی ئەمڕۆ لەدەوری بەرپرس و دەسەڵاتدارەکانن، خەڵکی پاشەڵپیس و جێگەی گومانن. خەڵکێکن ئامادەن لەپێناوی حیزب و سەرکردەکاندا ئازادیخوازان و دڵسۆزان بدەنە بەر شەق و تەنانەت بیانکوژن ئەگەر فەرمانیان پێ بکرێ، چونکە بە ژیان و ئازادییان قەرزاری حیزب و سەرۆکەکانن. ئەمەش بۆ هەموو حیزب و دەسەڵاتدارەکان راستە، چونکە وەک ئەڵێن: مشتێک نموەنەی خەروارێکە.
بۆیە نەک هەر لام سەیر نیە، بەڵکو زۆر چاوەڕوانکراوە تۆمەتباری رووداەوکەی چەمچەماڵ، پێشتر چەندین تاوانی کردبێت بەڵام بە قودرەتی “قادر” لێی دەرچووبێ و تەسلیمی دادگا نەکرابێ. وەک چۆن تەقەکەرەکانی ١٧ی شوبات، بکوژانی سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، کاوەگەرمیانی، وەدادحسێن و ئەوانی تر تەسلیم نەکران و تەسلیم ناکرێن.
بۆیە هیچ هیوایەکم بە دەستگیرکردنی تاوانبارە داڵدەدراوەکان نیە.