پرسیاری جەوھەری لە کاییەیی سیاسیدا ئەوەیە کە چۆن مرۆڤەکان بکەیتە کەرەسەی سیاسی ؟ لە ئێستادا ئێمە لە قۆناغێکی بێسەروبەری سیاسیدا دەژین ، ھەڵگری ھیچ جۆرە فورمێکی دیاری کراوی سیاسی نین ، تەنانەت کارکردن لەناو ھەر فۆرمێکی سیاسیدا لای ھاونیشتمانی ڕای گشتیدا ناوزەند دەکرێ بە کۆیلەی حیزبی سیاسی ، بابزانین کۆیلەبوونیش لە واتاو مەغزای ڕاستەقینەکەی خۆی لایداوە . چونکە پێناسەی کۆیلە بوون ، برتیە لە دلسۆزی و خزمەتکردنی خاوەن پێگەیەکی فیوداڵی و بنەماڵەیی یان خاوەن سەرماییەکی پێویستی بە دیارکراو ، لەبەر ئەوە پێویستە ووشەی کۆیلە و زۆر چەمکو تێزو مەفاھیمی سیاسی تر شرۆڤەی نوێ وجیاواز ھەیە لەناو کۆمەڵگای کوردیدا.
حیزبی کوردی شوناسی کۆیلە بوونیشی گوڕیەوە بۆ ھەندێ پێوەری تر، پرسیارە سەرەکیەکە ئەوەیە ، پێشتر سەرۆکی عەشیرەت یان خاوەن پێگەیەکی فیوداڵی یان سەرۆکی مافیایەک ھەمیشە لەناو کۆیلەو ڕەعیەتەکانیدا بەدوای باشترین و زیرەکترین کۆیلەو داردەستەکانی دەگەڕا بۆ ئەوەی بەرگری لێ بکەن ، بەڵام لە کوردستاندا بەدوای گێلترین و بچوکترین کاریکتەری ناو دیوەخانەکەدا دەگەڕین و دەیکەن دەمڕاستی خۆیان ، کەواتا بەپێ زانستی سیسۆلۆژی و دەرونناسی بێت ئێمە نەخۆشین پێویستیمان بە چارەسەر ھەیە ، چۆنکە پێچەوانی ھەموو پێوەرەکانی جیھانن .
جیاوازی سیستەمی کۆنترۆڵکردنی تاک لە خۆرئاوا و کوردستاندا بەوە دەناسرێتەوە ، لە سیستەمی سیاسی خۆرئاوادا ھەمیشە سیستەمە ئابووری وکاییەیی سیاسیەکە لە گەڕان و پشکنیندان بەدوای کەسانی خاوەن توانا و کەسانی چالاک بیرمەندو نووسەروخاوەن بڕوانامەی بەرزو لێھاتوو بۆ مانەوە و بەردەوام بوونیان لەناو دەسەڵات و سیستەمە سیاسیەکیدا ، بەڵام لە کوردستاندا پێچەوانەیە ، کاییەی سیاسی یان فوڕمی سیاسی ئەوەندە پێویستیان بە بەرھەمھێنانی کۆیلە و ڕەعیەتی پاشکەوتۆکانە، ئەوەندە پێویستیان بە ئەندامی چالاک و خاوەن توانا نیە ، بۆیە ھەمیشە کاییەی سیاسی لە کوردستاندا خەریکی گۆڕینی مرۆڤە بۆ کەرەسە یان بونەوەرێکی نابینا ، بیرنەکەرەوە ، بۆیە حیزبی سیاسی پێویستیان بە دروستکردنی ئەو جۆرە لە مرۆڤ نیە کە خاوەن توانا خاوەن بیری تیژو دیدگای جیاواز بێت.
کورد خاوەنی خەونی بەتاڵی سیاسەتە ، دەیەوێت لەرێگا پەیامی شاراوە و خەونی شاراوە کۆی پرۆسەی سیاسی ووڵات پڕبکەن بە دروشمی گەورەی پۆپۆلیستی و دروشمی نیشتمانپەروەری و گۆتاری دینی و تێکەڵکردنی پرۆسەی ریفۆرمسازی لەسەر بنەمای تێروانین و خواستی کاتی تاک لەناو کۆمەڵگادا .
چ سیاسیەک یان حیزبیەک ھەیە لە کوردستان و رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا کەڵکەڵەی وەرگرتنی خاوەن مەرجەعیەتو فیکری باڵا لەخۆیدا نەبینێتەوە، یان نەیەوێت کەسایەتی و ھێزو ڕابەڕ بوونی خۆی بەسەر کۆمەڵگاو حیزبەکەیدا نەچەسپێنی ، یان بەنیازی دروستکردنی ڕابەرێکی ڕۆحی گەورەی نەبێت.
ئەوەی لە ئەنجامدا دەبێتە وەڵامدەرەوەی پرسیاری ووتارەکەمان ئەوەیە ناوەرۆکی ھیچ ئایدۆلۆژیایەک بایەخی نیە لەناو کاییەی سیاسی کوردستان و بەشێکی زۆری رۆژھەڵات ، تەنھا دواجار ئەوەی کە دەیباتەوە لە گەمە سیاسەکەدا ھێزو پارەو دەسەڵاتی خۆسەپێنە ، دروشمو پەیامی حەماسی سەرۆک فیگەرە سیاسیەکانە نەک پرۆژەو دیدگای جیاوازو تێڕوانینی ڕەخنەگرانەی سیاسی ، ئەم تێزە و تێڕوانیەنە بەردەوام دووبارەو سەدبارە دەبێتەوە ، ئەم کێشەیە ڕەگوڕیشەیەکی قۆڵی ھەیە وە دەردێکی کۆشندەیە لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا لەبەر ئەوەی مرۆڤی کورد توانای ئازاد بوون فەردانیەتی خۆی نیە ھەمیشە دەیەوێت لەڕێگا کاریزمە سیاسیەکانەوە دەستەبەری ئازادیە تایبەتیەکان و گشتیەکان خۆی بکات .