لەفەیسبوک {5.28}هەندێک پۆستم بەردیدە کەوت کە بەئەرێنی پێناسەی بڕیارەکەی یەکێتی بەبایکۆتکردنی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم دەکەن.
لەکن خاوەنی هەندێک، لەم جۆرە خوێندنەوەیە، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە تاسەر هیڵ ،دژی پارتین و تا ئێستاش لەدیدێکی جەلالیانەوە دەڕواننە پارتیو حسابی مەلایی بۆ ئەو حیزبە دەکەن. جا خاوەنی ئەم جۆرە بیرکردنەوانە، هەر هەنگاوێک یەکیتی دژ بەپارتی بهاوێت بەدەسکەتو سەرکەوتنی مەزن بۆ یەکێتی هەژمار دەکەن. هەشە کوێرانە داکۆکی لەهەر هەنگاوێکی نا دروستو بێ بایەخی یەکێتی دەکەنو دەیخەنە خانەی دەسکەوتی نەتەوەوو وڵاتەوە. دیارە ئەم جۆرە کەسانە زۆرینەیان مشەخۆری بندیوارنو پارەی مفتو بەلاش وەردەگرن ،بۆیە گەرەکە لەبەرامبەردا وەلاو دڵسۆزیان بۆ یەکێتی بەو جۆرە نیشانبدەن.
جۆرێکی دیکە هەن کە خاوەن بیروڕای تایبەتی خۆیانن و پەیوەست نین بە یەکێتیەوە، بەڵام بەهەڵە لێکدانەوە بۆ ئەو بڕیارەی یەکێتی دەکەن، وای بۆدەچن کە ئەمە تەنازل نەکردنی یەکێتیە لەسەر ڕەهەندە نیشتمانیەکان و هەنگاوێکە دەڕژێتە جۆگەی خزمەت بە خەلکی کوردستانەوە. پێدەچێت ئەم جۆرە خوێندنەوەیە لە کوورتبینی سیاسی و بەدحاڵیبوون بێت لە سیاسەت و مەرامەکانی یەکێتی ،بەتایبەت لە دوای ڕاپەڕینەوە.
بۆ ئەوەی بە دروستی و وەک خۆی لەو بڕیارەی یەکێتی تێبگەین ، گەرەکە بگەڕێنەوە بۆ ئەو ڕێکەوتنە ئیستراتیجیەی کە کاتی خۆی لە نیوان کۆچکردوو مام جەلال و کاک مەسعوددا ساڵی {2007}مۆرکرا ،کە خاڵە گرنگەکانی بە نهێنی لە نیوان ئەو دووکەسەدا مانەوە ،بەڕادەیەک ئەندامانی سەرکردایەتی هەردوو حیزب ، تا ئێستاش بێ ئاگان لێی.
ئەوەی لەو ڕیکەوتننامەیەدا گرنگەو جێگەی ئاماژەیە ، کە خاڵێکی جەوهەریە تێیدا مەسەلەی دابەشکردنی سەروەت و سامانی کوردستانە لە نیوان خۆیاندا.
بەهۆی ئەوەی پارە و بەرژەوەندی ئابووری داینەمۆ و بزوێنەری سەرجەم بزاوت و کایەکانی دیکەی سیاسەت و ژیانن، بەم هۆیەوە هەر ناکۆکی و ناتەباییەک لە نێوان یەکێتی و پارتیدا بێتە ئاراوە ، گەر لەسەر پارە نەبێت، ئەو بایەخەی نابێت و دەتوانن بە سانایی چارەسەری بکەن.
ئەوەش ڕاستە کە لەپاڵ ئەم ڕێکەوتنە ستراتیجیەدا ڕێکەوتنی جێگە نفوزیش کراوە کە ناکرێت سازشی لەسەر بکرێت.بەتایبەت گەر پەیوەندیدار بێت بە دەسەڵات و دەسکەوتەوە .
دەڤەری نفوزی هەریەک لەم دوو حیزبە دیارو روونە، بەم پێیە دەبینین هەر یەکێکیان بەپێی دەسەڵاتی ناوچەیی ،قۆرخی دەسەڵاتی کردوە ،باج و خەراج بۆ خۆی کۆدەکاتەوە و دەچێتە خەزێنەی حیزبەوە نەک حکومەت. کە ئەمەش بە پلەی یەکەم لە فرۆشتنی نەوت و پاشان دەسکەوتی خالە گومرگیەکاندا خۆی دەبینیتەوە.
کەرکوک پێگەیەکی گرنگە بۆ هەردوو لا ، ڕاستە کە جێگە نفوزو دەسەڵاتی یەکیتیە بەڵام پارتیش بەشی خۆی لەو [کێکە ڕەشە ]بەرکەوتووە و لە ڕابردوودا خاونی چەندین بیرە نەوت بووە.
جا ئەم ئاریشەیەی ئێستا کە لە بایکۆتکردنی یەکێتی بۆهەڵبژاردنی سەرۆکی هەریمدا خۆی بینیەوە ، چ سەرانی یەکێتی و چ خەڵکانێکی دیکەی مشەخۆری یەکێتی دەخوازن بە دەستکەوت بە خەڵکی هەرێمی بفرۆشنەوە.
لە واقیعدا مەسەلەکە نە پەیوەندی بە هەڵویستی نیشتمانی و نەتەوەییەوە هەیە ،نە بە پاراستنی پرەنسیپ و مەبادئی حیزبی و بیروباوەڕو نە بە دڵسۆزی بۆ خەڵک هەیە، چونکە ئەم جۆرە خیتابانە لە کن هەردوو حیزب هیچ بەهاو پێگەیەکی نیەو نەبووە.
بەڵکو بەکوورتی و کوردی پەیوەندی بە کێشەی ناوخۆی یەکێتیەوە هەیە، کە بڕێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی کە پێدەچێت زۆرینە بن ، ناخوازن فەرەیدون عەبدولقادر ببێتتە پارێزگاری کەرکوک کە ناوبراو لە ڕیزەکەیاندا نەماوەو تارادەیەک لە پارتیەوە نزیکە . ئەمانە دەخوازن کەسێک بکەنە پارێزگاری کەرکوک کە لە خۆیان و لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا بێت، چونکە کەرکوک گرنگی خۆی هەیە لە کن یەکێتی، بەوەی جێگە نفوزیانە، جگە لەمە چاوەڕێی ئەوە دەکەن گەر پارێزگار لە خۆیان بوو ،ئەو دەمە بەقاچاخ یا بە ڕێکەوتنی ژیر بەژیرە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێراقدا بەشێک لەو نەوتە بۆخۆیان بفرۆشن.
بەڵام لە حاڵەتێکدا گەر پاریزگار لە خۆیان نەبێت ،ئەو کارە ئەستەم دبێت . پێدەچێت پارتی بە ئاگاو بەمەبەست فەرەیدون عەبدلقادری بۆ ئەو پۆستە پێشنیار کردبێت ،چونکە گەر سەریبگرتایە فەرەیدون دەبووە پارێزەری بەرژەوەندیەکانی پارتی ،بەتایبەتی مەسەلەی نەوت کە بەلای پارتیەوە لەسەرووی هەموو بەرژەوەندیەکانەوەیە.
هەندیک ئەم پاشگەزبوونەوەی یەکێتی لەو ڕێکەوتنە {کەمن بۆ خۆم دڵنیام ئەو ڕێکەوتنە لەگەڵ کۆسرەتدا کراوە. } بەفشاری ئیرانی دەزانن.ڕاستە لەسیاسەتدا هەمووشتێک ممکنە ،ئەوەش ڕاستە چ ئیران چ تورکیا ناخوازن سەقامگیری لە هەرێمدا بەرقەراربێت ،بەڵام بەشبەحاڵی خۆم دەستی ئێران لەم مەسەلەیەدا بەدور دەزانم، بەڵکو وەک پێشتر ئاماژەم پێدا ، ئەمە فشارێکی ناوخۆی یەکێتیە بەتایبەتی مەڵبەندی کەرکووک .
سەبارەت بە پیرۆزباییەکەی قوباد تالەبانی کە ئاراستەی نێچیر بارزانی کردووە . گەرەکە ئەمەش لە چوارچێوەی باڵباڵێنەکانی نێو یەکێتیدا پێناسە بکرێ ، بەتابیەتی لە ناو حیزبێکی وەک یەکێتیدا کە فرە مەرجەع و فرە ناوەندی بڕیار هەن کە نامەی یەکتر ناخوێننەوە . پێدەچێت ئەم پیرۆزباییەی قوباد پەیامێک بێت ئاراستەی پارتی وەبەتایبەتی بنەماڵەی بارزانی کردبێت بەوەی کە ئێمە وەک بنەماڵەی تالەبانی ،دۆخی نیوان هەردوو لا هەرچۆن بێت و لە چ ئاستێکدا بێت پابەند دەبین بە ڕێکەوتنە ستراتیجیەکەوە و دەخوازین بەشەکەمان لە داهاتی نەوت وەک خۆی بەردەوام بێت.