لەکن ڕژێم و دەسەڵاتە دیکتاتۆرو تۆتالیتارو نادیموکراتیەکان ،هەر ڕەخنەیەک بە ئاراستەیان ،گەر گچکەش بێت،بە هێرش و دژایەتی وەری دەگرن.
جا بەهۆی ئەوەی وەرامی لۆژیکی و موقنیعیان بۆ ئەو ڕەخنانە نیەو دەستە پاچەن لە ئاستیدا ،بۆیە پەنا بۆ شێوازێکی قێزەوەن ، ناشارستانی ، ناڕاست ،بازاڕی دەبەن کە مەبەست بەئامانج گرتنی خاوەن ڕەخنەکەیە. حیزبەکانی دەسەڵات بەتایبەتی پارتی ، خەبیرن لەم بوارەدا،چۆنیان بوێت تۆمەت دادەتاشن ،چیرۆکی درۆ دەهۆننەوە،تەنانەت پەنا بۆ مەسەلەی ئەخلاقیش دەبەن،ئەمانە هەرهەمووی بەمەبەستی شکاندنی کەسایەتی ڕەخنەگر و بێدەنگکردنی.
یەک دوو وەسیلەی دیکەشیان هەیە و تاقیشیان کردوەتە ،ئەوانیش كڕینی ویژدانی ڕەخنەگرە و هەڕەشەو لێدانە، نمونەی ئەو شەڕوو ئاژاوانەی لەپەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان هەردوو حیزب ئەنجامیان دا.
لەیەکدوو ڕۆژی ڕابردوودا هاوڕێ بابی کاروان وتارێکی لەچەند ماڵپەڕێکدا بڵاوکردەوە،ناوەڕۆکی وتارەکەی بریتیە لە دەستنیشانکردنی ئەو قەیرانە قوڵەی لە هەرێمدا هەیە کە سەرجەم سەکتەر و بوارەکانی گرتوەتەوە و ژیانی خەڵکی هەراسان کردوە.
هاوکات هاوڕێ هاتوە بە لۆژیکی و واقیعیانە دەستنیشانی دەربازبوون و چارەسەری کردوە، بەهیچ جۆرێک سوکایەتی، بێ ڕێزی، هێرشی ناڕەوای لەخۆنەگرتوە،بگرە دوای تێکۆشانی مەدەنیانەو هێمنانەی کردوە بۆ گۆڕینی ئەو دۆخە تاڵە.
لەبەرامبەردا پارتی {لەبری دەسەڵات} و بەناوی خانمێکەوە[شیرین عەبدولڕەحمان دینۆ] هاتوە چەند دێڕێکی کاڵوکرچی ڕیزکردوە کە پڕە لە دەستەواژەی بازاڕی و تۆمەتی بێ بنەماو ناڕاست.
بەدووری نازانم کە ئەو قسانە هی کادێرێکی پارتی بن و بەناوی ئەو خانمەوە بڵاویان کردبێتەوە ،چونکە پارتی وەک دابەشکردنی ڕۆڵ پێشتر تاقی کردوەتەوە.
هاوکات ئەوەش بەدوور نازانم بۆ نووسینی ئەو وتارە بێ ئاستە ،زانیاریان لە کەسێکی دەرەوەی پارتی وەرگرتبێت کە دەخوازێت ئەبو کاروانیش وەک خۆی دەستەمۆ و بێ هەڵوێست بێت.
سەیرە و زۆریش سەیرە ئەم دەسەڵاتە،وەک ئەوەی ڕەخنە قەبوڵ ناکەن هاوزەمان ڕەخنەگریش وەک نەیار سەیردەکەن و هەوڵدەدەن لەکەسایەتی بدەن.
ئاخر ئەوی هاوڕێ ئەبوو کاروان ئاماژەی پێداون هەموو ڕاستین و لە بەرچاون و خەڵک بەرکەوتنی ڕۆژانەی هەیە لەگەڵیاندا ، بۆیە دەبوو لەبری باسکردنی شتی شەخسی ڕەخنەگر ، یا خۆ لێ دزینەوە لە دانپیانان لەبوونی قەیران ،هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانە بدەن و هەروەها دوای هاوکاری لە ڕەخنەگرانیش بکەن؟
گەر ئێوە بڕواتان بەو ڕەخنانە نیەو بە درووستکراوی دەزانن ،کەواتە منیش تەحەداتان دەکەم گەر بتوانن تەنها یەک خاڵی نووسینەکەی بەدرۆ بخەنەوە.
31 ساڵە جووت حیزب خەڵکی هەرێم بەهەمووجۆرێک دەچەوسێننەوە،سەرتاپای تەمەنی دەسەڵاتیان بریتیە لە گەندەڵی،کەمووکووڕی ،نادادپەروەری،کوورتهێنان،شکستی ،دزی،سەرکووتکەری،بێ بەرنامەیی،کە بەردەوام خەڵک و میدیاکان باسیان لێوەدەکەن .هەر بە هۆکاری ئەو قەیرانەوە لە ئێستادا هەرێم گەشتوەتە لێواری داڕمان،کەچی تا ئێستاش بۆتەنها جارێک بەرپرسێکی حیزبی یا ئیداری ئەو دوو حیزبەم نەدیت دان بە هەڵەیەک،کەمووکووڕیەک،مەزەنەیەکی هەڵە یا شکستیەکدا بهێنێت،وەک ئەوەی هەرێم لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندا شامی شەریف بێت و ژیانی خەڵک خۆش و بێ کێشە بێت و هەمووکەس بە کەماڵی ئیسراحەت بژی و زۆر زۆریش لە دەسەڵات ڕازین.
ئەوەی جێگەی شەرمە دەمێک یەکێک لەمانە ناچاردەکرێت باسی بوونی کەماسیەک یا شکستیەک بکات ،ئەوە بەردەوام پاساوی ناڕاست و نالۆژیک ئامادەیە وەک[خەتای مەرکەزە بووجەی نەناردوە،نرخی نەوت زۆر دابەزیوە،بوودجەی پێویستمان لەبەردەسدا نەبوو، کەرەستە گران بووە،ئاوهەوا خراپ بوو،ئەوە هەڵەی حسابات بوو،لە پلانماندایە چارەسەری بکەین و ئەوەش کاتی دەوێت ، ئەوە پەیوەندی بە وەزارەتەکەمانەوەنیە،ئێمە ئاگاداری ئەو مەسەلەیە نین ،بەرزمانکردوەتەوە بۆ سەرووی خۆمان تا ئێستا وەڵاممان وەرنەگرتوەتەوە، ،ئەوە لە دەسەڵاتی سەرووی خۆمانە و لە توانای ئێمەدا نیەبڕوامان بەو ڕاپۆرتانە نیەو بێویژدانی تێدایە بەرامبەر بەهەرێم ،ئێمە ڕێز لە مافی مرۆڤ و یاسا نێو دەوڵەتیەکان دەگرین،ئەوانەی ئەو قسانە دەکەن خۆشحاڵ نین بەو پێشکەوتنانەی لەکوردستان ڕوودەدەن و زۆر پاساوی دیکە]، بێشەرمانە هێندە ئەم پاساوانەیان چەندبارەکردوەتەوە بوونەتە جێگەی گاڵتەی خەڵک..
باشە گەر ئێوەی دەسەڵاتداران هەرگیز کەماسی و هەڵەتان نەبووە و نیە و پێرفەکتن ،کەواتە دەبوو ئێستا هەرێم وەک سویسرا بوایە،بەڵام لەواقیعدا هەرێمێکە بەتامی سۆماڵ و خراپتریش.
بڕێک شەرم لەخۆتان بکەن بەوەی گەر دۆخەکەتان بۆ چاک ناکرێت،گەر گوزەرانی خەڵکتان بۆ باشتر ناکرێت،گەر ناتوانن بە ئەدەبەوە وەڵامی ڕەخنەگران بدەنەوە کە سەرچاوەی دڵسۆزیە ،کەواتە باشترە بێدەنگ بن.