پێشەکی:
ئەو باس و خواسەی کە لە ئێستادا لەنێوەندی ڕۆشنبیری کورددا دەگوزەرێت دەربارەی ڕۆڵ و کاریگەری سەلاحەدینی ئەیوبی و تا چ ڕادەیەک کوردایەتی کردوە و ئەی بۆچی دەوڵەتی کوردی ڕانەگەیاندوە؟ و ئەو پیاوێکی خوێنڕێژبوە یان سەرکردە و کاریزمایەکی بێ وێنەی مرۆڤادۆستی بوە؟ئایا دۆست و دوژمنەکانی ڕێزیان لێگرتوە یان ھەموانیان دژی وەستاونەتەوە؟ ئەو مێژوونوسانەی کە باسیان دەربارەی کردوە ڕاستگۆبوون یان ئەوانیش بە لایەنگیری ئیسلامی و مەزھەبی و نەتەوەیی عەرەبی شۆڤێنی دەربارەیان نوسیوە؟ئایا ھەموو ئەو سەرچاوانە دەکرێت بکرێنە سەرچاوەی ڕاستودروست بۆ تێگەیشتن لە حەقیقەت دەربارەی سەلاحەدین یان نا؟سەلاحەدین بۆ کورد تێکۆشاوە یان بۆ فراوانکردن و چەسپاندن و توندوتۆڵکردنی پایەکانی حوکمڕانی ئیسلامی و خەلاقەتی ئیسلامی تێکۆشاوە؟ئایا دەکرێت ئەو مێژوەی ڕابووردوو بە تەرازوو و مەرج و پێوەر و تێگەیشتنەکانی ئەم سەردەمە بپێورێن؟یان وەک لۆژیک و وەکو ڕابووردوو لەسەردەمی خۆیدا خوێندنەوەیان بۆبکرێت و ھەڵبسەنگێرێت؟ئایا دەکرێت ئێستا و دوای نزیکەی ١٠٠٠ساڵ تازە بەتازە ڕۆشنبیرانی کورد نیشانەی پرسیاری گومان لەسەر ئەو سەرکردەیە دروست بکەن و کوردی لێبێبەری بکەن و ئەویش لە کوردبوون دابماڵن؟ئەرێ ڕۆشنبیرانی کوردی ئەم سەردەمە چییان لەو دژایەتی و بچوککردنەوە و ناشیرینکردنەی سەلاحەدین دەستدەکەوێت و مەرامی ڕاستەقینەیان چییە؟ئەرێ ھەر بەڕاست دەکرێت کە ھەموو کاریزما و سەرکردە و خەباتکارەکانی دوێنێ و ئەمڕۆی نەتەوەکەمان کە بونەتە سیمبول و جێگەی شانازی ھەمووان بچووکبکەینەوە و تەنھا لایەنە نەرێنیەکانیان ببینین؟ خۆشمان بەشەرمەزار بزانین؟ ئەرێ ئەو سەرکردانە تەنھا لایەنی ڕەش و تاریکیان ھەیە یان چەندین خزمەت و گیانفیدایی و دەسکەوتی گەورەشیان لەپاش بەجێماوە؟ دەیان و دەیان پرسیاری تریش...
ڕەچەڵەکی کوردبوونی سەلاحەدین
سەرەتا ھەموو لایەک بە دۆست و دوژمنانی سەلاحەدین کە ناوی ڕاستەقینەی (یوسف کوڕی ئەیوب کوڕی شادی کوڕی مەروان کوڕی یەعقوبی دوێنی تکریتی)و نازناوی سەلاحەدین ئەیوبی بوە، لە ساڵی (٥٣٢ ە / ١١٣٨ز) لەدایکبوە ولە تەمەنی ٥٥ساڵیدا و لەساڵی( ٥٨٩ە/١١٩٣ ز) کۆچی دوایی کردوە.و لەشاری دیمەشقی پایتەختی سوریای ئێستادا نێژراوە، ھاوڕان لەسەر کوردبوونی ئەو پیاوە مەزنەی مێژوو، ھەموانیشیان بە دۆست و دوژمنەکانیشەوە لە خاچ پیرۆزان و جوەکانیشەوە ڕێزیلێدەگرن و وەک دەڵێن بەخێر باسی لێوەدەکەن سەرەڕای کوشتوکوشتاری زۆر و زەوەندی نێوانیان.سەلاحەدین وەک سەرکردەیەکی سەربازی و دواتریش وەکو سوڵتانێکی سەر بەخەلیفەی عەباسی لە بەغداد و لەو دوورە دەستەی میسر و شام و فەلەستینەوە کە جوگرفیایەکی بەرفراوانی لەبندەستدا بوە و دەیان حوکمڕان و فەرماندە و دەستوپێوەندیشی ھەبوە کە ڕەنگە ھەریەکەیان وەکو ئێستا لەناوچە وژێر حوکمڕانی خۆیاندا بەکەیف و مەزاجی خۆیان ئیدارەیان دابێت و کای زۆر نەشیاو و دوور لە مرۆڤدۆستیان ئەنجام دابێت لە تیرۆرکردنی نەیاران وئازادیخوازان و گەندەڵی و سەندنی باج و خاوە بەزۆر و خزمخزمێنە و مەحسوبیەت و مەنسوبیەت لە ئیدارە و پێشێلکردنی مافەکان و نادادپەروەری و ...ھتد.کە ڕەنگە ھەموانیشیان لەسەر سەلاحەدین حسابکرابێت.
چۆن خوێندنەوە بۆ مێژوو بکەین؟
ئەوەی گرنگە ھەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی مێژوو بۆ ھەر قۆناغ و ھەر بوار و ھەر حوکمڕانیەک و سەرکردەیەک دەبێت بەپێودانی ئەو قۆناغ و سەردەمە بێت کە مێژوەکەی تیادا تۆمارکراوە و زانینی حەقیقەتی ئەو ھۆکار و فاکتەرانەی کە ڕووداوەکانیان ھێناوەتە بوون نەک بە چاویلکەی ئێستای سەردەمی دیموکراتی و ئازادی و نەتەوەپەرستی و دەمارگیری نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبی و نەک وەک دروشمە باقوبریقە بێناوەڕۆکەکانی ئەم سەدەی بیست ویەکە لە دیموکراتی و دادپەروەری و ئاشتی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی.کە خۆمان بەچاوی خۆمان دەبینین کە چۆن دەسەڵاتدارە خۆماڵیەکان خراپتر لە زلھێز و داگیرکار و کۆلۆنیستەکان گەلانی خۆیان بەڕێوەدەبەن کە زۆرجاران ئاوات بەسەردەمی داگیرکاریەکانی بێگانەکان دەخوازن.
کەواتە پێویستە مێژوو و وەکو خۆی بخوێنرێتەوە کە چۆن ڕوویداوە نەک وەک ئەوەی کە ئێستا ئێمە دەیخوێنینەوە و دەیخەینە ژێر میکرۆسکۆبی پێوەرەکانی ئەم سەردەمەمان.
سەردەم و قۆناغی فەرمانڕەوایی سەلاحەدین و لە ماوەی ساڵانی (٥٨٩-٥٦٧ ھـ / ١١٧٤–١١٩٣ ز) کە تەمەنی تەنھا ٣٥ ساڵ بوە لەچوارچێوەی دەوڵەتی ئەیوبی کە لە سەدەی دوازدەھەم و سیانزەھەمی زاینیدا (١١٧٤-١٢٥٠ ز) دامەزراوە و بۆ کۆتا جاریش ئەو دەوڵەتە لەناوچوە ،سەلاحەدین تەنھا بۆماوەی نزیکەی ٢٢ ساڵێک فەرمانڕەوایی کردوە، کە لەو سەردەمەدا ھیچ یەکێک لە بنەما و دروشم و بیروباوەڕەکانی نەتەوە و دیموکراتی و ئازادی و دادپەروەری و پێکەوە ژیان و یەکسانی و مافەکانی مرۆڤ و سەروەربوونی یاسا باویان نەبوە،بەڵکو لە ئەوروپای ئەو سەردەمەشدا کە لە سەدە تاریکەکانی خۆیدا دەژیا و تەنانەت تا سەردەمی ڕابوون و ڕۆشنگەریش لە سەدەکانی شانزە و حەڤدە و ھەژدەشدا ئەو بیر و چەمک و تێگەیشتنانە ھەر باویان نەبوە بەڵکو شێوازی حوکمڕانی تەنھا پاشایەتی ڕەھا یان ئەرۆستۆکراتی بوە و ئەوانیش تاکڕەو و دیکتاتۆریانەجەور و سەتمی زۆریان دەرھەق بەگەلەکانی خۆیان و وڵاتانی دراوسێشیان کردوە و ھەموو کات لە پێناو دەسکەوتە بنەماڵەییەکانیان و خانەوادە و کەسیەکانی پاشادا کاریان کردوە و شەڕ و جەنگەکانیان درێژە پێداوە و ئەوەی مانا و مەغزای نەبوبێت نەتەوە و دادپەروەری و یەکسانی و مافەکانی مرۆڤ بوە.
ئەوەتا ڕۆشنگەر و فەیلەسوفێکی گەورەی سەردەمی ڕۆشنگەری سەدەی ١٧ و ١٨ ئەوروپای وەک ژان ژاک ڕۆسۆ کاتێک لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا(گرێبەستی کۆمەڵایەتی)دا باس لە سیستەمی حوکمڕانی کۆماری و دیموکراتی و ھەڵبژادن و پەڕلەمان و بەشداری گەل لە حوکمڕانیدا و ...ھتد.دەکات دەکەوێتە بەر لێشاوی ڕاوەدوونان و گرتن و دورخستنەوە و تا لەکۆتایشدا بەنەخۆشی و لە دورگەیەکی دوورەدەستدا سەردەنێتەوە. جا ئەوروپایەکی ئەو سەردەمە و قیبلەنومای ئێستای زۆرێک لە ڕۆشنبیران ئاوھا گوزەرانی کردبێت.گەرەکە لە کۆمەڵگایەکی عەرەبی و ئیسلامی و ئیمپراتۆریەتیەکی پانوپۆڕ و فراواندا کە دەیان نەتەوە و کەمینە و ئاین و مەزھەبی جیاوازی تیادا بوبێت و لەسایەی شەڕ و جەنگە بەردەوامەکانیشی لەگەڵ ناحەزانی ناوخۆ و دوژمنە دەرەکیەکانیشدا لە خاچ پیرۆزان و دەیان وڵاتانی ئەوروپی کە دەیانویست وڵاتانی ئیسلامی داگیربکەن و سەروەرییە لەدەستچوەکانی مێژوویان بگێڕنەوە،گەرەکە سیستەمێکی حوکمڕانی دیموکراتی عەیارە بیست و چوار و دادپەروەریەکی بێ وێنە و پێشێلنەکردنی مافەکان و تەواوی ئازادیەکانی تیا بەرقەراربوبێت.گەرەکە سەلاحەدین وەکو سەرۆک کۆماری فەڕەنسای ئێستا و ئەڵمانیای دیموکراتی و سویسرای بێ لایەن و ئیتالیای جوانی و بەریتانیای مەزنی و دەیان نمونەی حوکمڕانی ئەم سەردەمە حوکمی بکردایە.
ئەرێ وێنە گەورەکەی سەلاحەدین تەنھا ڕەش و تاریک بوە یانیش ڕۆشن و پرشنگداربوە؟
ئایا سەلاحەدین ئەو پیاوکوژە ڕەشەکوژە بێویژدان و دڵڕەق و بەدمەست و خۆشگوزەرانە بوە کە ھەندێک لە نەتەوە پەرستە عەرەبەکان و شۆڤێنیەکان و وەک جوینەوەی بیروڕاکانی ئەوانیش ھەندێک لە بەناو ڕۆشنبیرانی کوردیش دووبارەی دەکەنەوە ئاوھا بوە؟ ئایا ئەم بیروڕایەیان لەکوێوە و لە کێوە وەرگرتوە؟ئایا ئەو کەسانە متمانە پێکراو و تەواو ڕاستگۆ و بێلایەن بوونە لە نوسینەوەی ئەو تۆمارەدا؟و دەیان پرسیاری تریش..
ھەموو ئەو ڕەخنانەی لە سەلاحەدین دەگیرێت بریتین لە:
ڕووخاندنی دەوڵەتی فاتیمی شیعە مەزھەب لەمیسر،سووتاندنی کتێبخانەی کۆشکی گەورە ئەسکەندەریە،دوورخستنەوەی پیاوانی فاتیمی لە ژنەکانیان بۆئەوەی نەوەی نوێ نەخەنەوە،قودسی بەشەڕ ڕزگارنەکردوە بەڵکو بە ڕێکەوتن بوە،دژی ئازادی و پیاوە ڕۆشنفکرەکان بوە.
من لە ئێستادا ئەو قۆناغ و سەردەمەی سەلاحەدین ئاوھا دەبینم ،کە سەرکردەیەکی سەربازی و سوارچاک وپاڵەوان و ئازا و بلیمەت و شارەزا و خاوەن سیستەمی سەربازی و بە ئەزموون بوە لە سەرکردایەتی سوپاکەی و پلە سەربازیەکانیشی وەکو خۆی بڕیوە تاگەیشتۆتە عەرشی سەڵتەنتەی ئەیوبی و دامەزراندنی دەوڵەتی ئەیوبی لە سەر جواگرافیایەکی پان و پۆڕ.ئەو ئەم دەسکەوت و سەرکەوتنانەی بە ئاشتی و دەستلەملانێی نەیارەکانی دەسنەکەوتوە ،ئەو گۆڕەپانی جەنگەکانی بۆ گوڵ ڕێژ نەکراوە کە بریتین لەو جەنگانە ( ھەڵمەتەکانی(٣و٥و٦و٧ )ی خاچ پیرۆزان بۆ سەر میسر کە ١٢ ساڵی خایاندوە،شەڕی گردی جەزەر،گەمارۆی کەرەک،شەڕی مەرەج عیون،شەڕی مەخازە یەعقوب،شەڕی کەوکەبی ھەوا،شەڕی فولە،شەڕی عەین جۆزە،شەڕی حەتین، گەمارۆی قودس،گەمارۆی ێور،گەمارۆی عەککا،شەڕی ئارسوف،شەڕی یافا،شەڕی شاخەکانی حەما) ،ئەو تەنھا یەک دوژمن و نەیاری نەبوە،بەڵکو تەنھا لە ھێرش و پەلامارە نەبڕاوەو بەردەوامەکانی خاچ پیرۆزانی ئەو سەردەمەدا کە دەیان ساڵی خایاندوە و دەیان سوپای بێشوماری بۆ ھاتوە بە چەک و تەقەمەنی ڕەنگە پێشکەوتوی ئەو سەردەمەشەوە بوبێت بەرەنگاری کردوە.ئەمە سەرەڕای ململانێ گەرم و نەبڕاوەکانی نێوان مەزھەبەکانی ئیسلام و بەتایبەتیش ھەردوو مەزھەبی سونە و شیعە کە ببونە ڕێگر و ھۆکاری خوێنڕشتنی بەردەوامی جەستەی دەوڵەتی ئیسلامی و لاوازکردنی و دواتریش جاسوسیکردن و خیانەتکردنی ئەو مەزھەب یان سەرکردە یان فەرمانڕەوایە و دەستتێکەڵکردنیان لەگەڵ دوژمنانی سەلاحەدین دا،ئایا ھەموو ئەمانە نابێتە ھۆکاری ئەوەی کە سەلاحەدینیش وەکو ئەوان خۆ ئامادەبکات و نەیار و تابوری پێنجەمی ناوخۆشی بھاڕێت لەپێناو پاراستنی دەسکەوت و سەرکەوتن و مانەوەی ئیسلامدا.وەک سەرکردەیەکی ئیسلامی نەک کورد. بۆیە بەم شێوەیە دەکرێت ڕەوایی بەو کار و کردەوانەی سەلاحەدین بدرێت گەر وێنەکە بەو شێوەیە پیشانبدرێت.
دەکرێت بپرسین ئەرێ سەلاحەدین بەبێ ھۆکار شەڕی بە خاچ پیرۆزان فرۆشتوە؟ئەوەی ئاشکرایە ھێزی سەلاحەدین نەیتوانیوە بپەڕێتەوە بۆ کەناری باکوری دەریای سپی ناوەڕاست لەبەری ئەوروپا،ئەوە ھەمیشە خاچ پیرۆزان بون کە ھێرش و پەلاماری ئیسلام و دەوڵەتەکەی سەلاحەدینیان داوە.بۆیە گەر ڕەوا بێت بۆ خاچ پیرۆزان بۆ ھێرش و پەلاماردان ئەوا بۆ سەلاحەدینیش ڕەوایە کە بەرگری و شەڕو کوشتاریشیان بکات.گەر ڕەواش نەبێت و بەکارێکی ناشیرین و قێوزەن دابنرێت ئەوا بۆ ھەردوولا وەکو یەکن.ھەربۆیە مێژوونوسانی بە ویژدان ھەموو ئەو ڕەخنە و تۆنەتانەی دەربارەی ێلاحالدین دەوترێت ڕەتکراوەتەوە و بە پێچەوانەوە بە سەرکردە و پیاوێکی زاھد و خۆبەدوورگر لە خۆشیەکانی ژیان و دەسەڵات بوە و لەگەڵ دوژمنەکانیشیدا و لەگەڵ دیلەکانیاندا زۆر جوامێرانە و مەردانە مامەڵەی کردوە و ھەرئەمەش بۆتە ھۆی بوون بە ئیسلامی ژمارەیەک لە سەرکردەی خاچ پیرۆزان و ھاتنە ناو سوپاکەیەوە و تەنانەت لەگەڵ سوپای فاتیمیەکانیشدا بە گەورەیی مامەڵەی کردوە و سووتانی کتێبخانەی کۆشکی گەورەش بەدەستی ئەو نەکراوە و تەنانەت لە قاسەی تایبەتەکەیدا لەدوای مردنی ١دیناری لەپاش بەجێماوە.ئەو لەلای عەرەب و دونیای ئیسلام (جگە لەھەندێک دەنگی نەشاز)تا ئێستاش بە ڕزگارکەر و پیاوی گەورەی مێژوو و دروستکەری مێژووش ناودەبرێت.
نەتەوەی کورد و بیری کوردایەتی و سەلاحەدین
بابەتی نەتەوەی کورد و بیر و بزوتنەوەی کوردایەتی ودەوڵەتی کوردیش،ھەر لەو چوارچێوەیەدا ھەڵدەسەنگێنرێت،کە ھیچ کات باس و خواسی نەتەوە و کوردایەتی و کوردبوون بەو ڕادە و تێگەیشتن و چەمکە نوێیانەی ئێستا ھەرنەبوون.تا سەلاحەدین کەموکوڕی ھەبوبێت و کەمتەرخەمی کردبێت.ئاشکرایە بیری نەتەوەیی لەدوای سەلاحەدین بە دە سەدەش ئەو کات و لە کۆتایی سەدەی نۆزدەھەم وسەرەتای سەدەی بیستەوە سەری ھەڵداوە لە سایەی خەلافەتی نادادپەروەری عوسمانیدا و کوردیش بەھەمان شێوە بیرۆکەی نەتەوەپەرستی و ڕێکخستنی گروپ و کۆمەڵە و حیزبی سیاسی کوردی و بیری کوردایەتی لا گەڵاڵە بوە وەکو گەلانی تری ناوچەکە لە عەرەب و تورک و فارس.ئیتر چۆن دەکرێت ڕەخنەیەکی ناڕەوای ئاوھا ئاڕاستەی سەلاحەدین بکرێت کە ئەو کۆمەڵە چەمک و تێگەیشتنانە باویان نەبوە.ئەوەی ھەبووە تەنھا و تەنھا بیری پان ئیسلامی و دەوڵەتی ئیسلامی و یەکسانی ھەموان بوە وەک نەتەوە لەناو ئەو ئیمپراتۆریەتەدا.لەگەڵ ئەوەشدا سەلاحەدین وەکو باسدەکرێت گەلێک دەسکەوتی بۆ کوردانی ئەو سەردەمەش لە میسر و شام و فەلەستین و سودان و ئوردون و یەمەن و لوبنان و سوریا و...ھتد.دابینکردوە لە گفتوگۆکردن بە زمانی کوردی و شایی و ھەڵپەڕکێ و گۆرانی و کەلتوری کوردی بڵاوکردۆتەوە و کوردانی بە دونیای ئەو سەردەمە ناساندوە و تائێستاش بوونی کوردان لەو وڵاتانەدا بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە و زۆرێک لە سەرکردە و فەرمانڕەوای سوپا و دەوڵەتەکەی لە کوردان بوون،وەکو دەوترێت ڕەنگە وەک چۆن کورد لەم سەردەمەشدا و لەھەرچوار پارچەکەدا مەحکوم بێت بە ھۆکار و فاکتەرە ناوخۆیی و دەرەکی و ناوچەییەکانەوە و ناتوانێت خۆی ڕزگاربکات و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی دابمەزرێنێت ئاوھاش سەلاحەدینیش جۆرە پابەندیەک و ڕێگریەکی ھەبوبێت.بۆیە ھەق نیە بەناڕەوا ڕەخنە و تۆمەتی خزمەتنەکردنی کوردی بخرێتە پاڵ.
سەلاحەدین و دەوڵەتی فاتیمی شیعە مەزھەب لەمیسر
دەربارەی ڕەشەکوژی و لەناوبردنی دەوڵەتی فاتمی شیعە مەزھەب لە میسر کە ٢٦٢ساڵ( ٩٠٩-١١٧١ز) دەوڵەت و خەلافەتیان ھەبوە.کە ھەمیشە دژایەتی ناوەندی بڕیاری خەلافەتی عەباسی سونە مەزھەبیان کردوە لە بەغداد. ئیدی لە قۆناغێکی وا گەورە و بەھێزبوونی سوپای دەوڵەتی خەلافەت و ڕووکردنە شام و میسر و ڕزگارکردنیان لە حاچ پیرۆزان و دواتریش لەناوبردنی دەوڵەتی فاتیمی دژبەریان،بۆدەبێت بە تاوان و قەتڵوعام و جینۆساید و بێویژدانی و پیاوکوژی حساب بکرێت بۆ سەلاحەدین لەکاتێکدا ئەو وەکو سەرکردەیەکی سەربازی خەلافەتی ئیسلامی تێکۆشاوە بۆ فراوانکردنی خەلافەتەکە و نەھێشتنی دوژمنەکانی کە بەدڵنیایی فاتمیەکان دوژمنی گەورەی فراوان بوون و ڕێگربوون لە چوونی ئیسلام بۆ ڕۆژئاوای ئێستای وڵاتانی عەرەبی بەبەھێزی و ڕووکردنە کیشوەری ئەفریقیا و ...ھتد.خۆئەگەر فاتمیەکان سەربکەوتنایە بەسەر خەلافەتی عەباسیەکان لە بەغداد و سوپاکەی سەلاحەدیندا ڕەنگە لە سەلاحەدینیان خراپتر بکردایە.کەواتە جەنگ و قۆناغی جەنگ نە ویژدان و نە یاسا و نە وەفا و نە گوڵ پێشکەشکردنە بەڵکو بریتیە لە دۆخی ڕق و قین و تۆڵەسەندنەوە وکوشتن و بڕین و تاڵانکردن و سووتاندان و ھەتکردنی ناموس و ھەموو کارە قێزەونەکان کە لەھەموو جەنگە کۆن و نوێکانی ئێستاشدا بە قێزەونترین شێواز دووبارە دەبنەوە.کە بەداخەوە مێژووی ئیسلام سیخناخە لەو جەنگ و خوێنڕشتنانە ھەر لەسەردەمی خەلیفەی ڕاشیدینەوە تا ئەمەویەکان و عەباسیەکان و دواتریش مەمالیک و فاتمی و تورکەکان و عوسمانیەکانیش.
تیرۆرکردن لەسەردەمی سەلاحەدیندا
بابەتی تیرۆکردن و کوشتنی بەناھەقی زانا و پیاوچاکان و داھێنەر و خاوەن بیروڕا جیاوازەکانیش لە نمونەی سەھروەردی(١١٥٥-١١٩١ز) و ...ھتد.ئەویش بەھەمان شێوە دەچێتە چوارچێوەی ھەڵسوکەوت و سلوکی حوکمڕانی ئەو سەردەمەوە و ململانێ ئاینی و مەزھەبی و فەلسەفیەکانەوە.کە بۆخۆم لەگەڵ کوشتن و تیرۆرکردنی ھیچ دەنگ و ڕەنگێکی ئازادیخوا و پێشکەوتووخوازدا نیم.بەڵام خۆ سەلاحەدین یەکەم سەرکردە و خەلیفە و سوڵتانی ئیسلامی نەبوە کە کارێکی وایکردبێت،دیاردەی تیرۆرکردن لە ئیسلامدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خەلیفە ڕاشیدینەکان و تەنانەت ٣ لە خەلیفەکان بۆخۆشیان تیرۆرکراون(عومەر و عوسمان و عەلی) و دواتریش لەسەردەمی ئەمویەکاندا بەقێزەونترین و بێ بەزەیترین شێواز درێژەی ھەبوە تا گەیشتۆتە سەلاحەدین و بە ئێستاشەوە،ئەوەتا ئیمام ئەحمەدی کوڕی حەنبەل(١٦٤-٢٤١ە) کە یەکێکە لەڕابەری چوار مەزھەبەکەی ئیسلام لەلایەن خەلیفەکانی عەباسیەوە ٢٨ مانگ گیراوە و لەناوبراوە و دەیان نمونەی تریش.بۆخۆشی سەلاحەدین دووجاران لەسەردەستی فاتیمیەکانەوە ھەوڵی تیرۆرکردنی دراوە لەدەستپێکی بوونی بە وەزیر لە میسردا.
لەکۆتایدا ھەق نیە ڕۆشنبیرانی کورد بە قسەوباسی درۆزنانە و بریقەداری بەناو ڕۆشنبیرانی عەرەب و تورک و فارس، سیمبول و سەرکردە و ڕابەرەکانی ڕابوردوو و ئێستای کوردایەتیمان لەبەرچاو بخەن و بچوک و بێ ئەرزشیان بکەن ـچونکە لەکۆتایدا تەنھا وتەنھا مێژوو و ڕابووردووی نەتەوەکەمانی پێ لەکەدار دەکەن و دڵی دژمنان خۆش و دڵی نەوەکانیشمان کرمێَ دەکەن دەربارەی باو وباپیرانمان.ھەربۆیە سەلاحەدین وەک سوڵتان و سەرکردەیەکی سەربازی و بۆ قۆناغی خۆی و دوای ١٠٠٠ساڵ ھەر پیاوە ئازا و سەرکردە نەمر و فەرماڕەوا ئیسلامیە بە ڕەچەڵەک کوردەکەیە و بە ڕەخنە و ئاڵۆزباڵۆزی کەمینەیەک وێنە پرشنگدارەکەی لێڵ و لیخن نابێت.ز دەڵێم گەر مێژووی نەتەوەکەمان بەدەستی خۆمان خاڵی بکەینەوە لەو سیمبول و سەرکردە و کاریزما و زانا و ھەڵکەوتنە،ئیدی چ شتێکی ڕۆشن دەمێنێتەوە کە شانازی پێوەبکەین لەبەرامبەر نەتەوە نەیار و داگیرکارەکانی کورد و کوردستاندا،بۆیە ھەق نیە بەدەستی خۆمان خۆڵ بکەین بەسەر خۆماندا.بەپێچەوانەوە گەرەکە ھەموان سەرقاڵی زیندووکردنەوە و کنە و پشکنین بین بۆ دۆزینەوەی ئاسەوار و پاشماوەی شارستانێتیە کوردیەکان و سەلماندنی بەڵگەدار بۆ کوردبونیان و تۆخکردنەوە و گێڕانەوە و نوسینەوەی مێژووی دزراوی ھەزاران ساڵەمان.