یەکێک لە رەشترین ڕۆژەکانی ئازادی ڕادەربڕین ئەو قۆناغەی ئیستایە کە پارتی شەرمی نەماوە لە پەلاماردان و گرتن و رفاندنی رۆژنامەنوسان ، لەپاڵ ئەمانەیشدا سزادانی رۆژنامەنوسان بە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئاميرەکانی پەیوەندیکردن و یاسای سزادانی عێراقی هاوتەریب لەگەڵ دروستکردنی سیناریۆی ساختە بۆ رۆژنامەنووسان بەردەوامی هەیە، تا ئیستاش شیروان شیروانی و هاوڕیکانی بە ناحەق و بە نایاسایی لە زیندانەکاندا توند کراون لەکاتیکدا هیچ بەڵگەیەک نیە بۆ تاوانبارکردنیان و دۆسیەکە ئەوەندەی سیاسییە یاسایی نیە ، من دڵنیام ئەمجۆرە لە سەرکوتکردنی رۆژنامەنوسان و دەستیوەردان لە کاروباری دادگاکان تاسەر بۆ پارتی ناچیتەسەرو کۆمەڵگاش بەم فۆڕمە لە سەرکوتکاری کۆنترۆڵ و چاوترسێن ناکرێت.
رۆژگاری ئیستا رۆژگارێکی تاریکە بۆ رۆژنامەنوسان ، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە لەناو ئەم رۆژگارە تاریکەدا سەدان رۆژنامەنوس و چالاکوانی گەنج لە شەقامەکانی کوردستان و لە دونیای دەرەوەدا هاتونەتە مەیدان و بەوپەڕی ئازایەتی و بوێرییەوە ڕەخنە دەگرن و داکۆکی لە ئازادی ئینسانەکان و لە مافی موچەخۆران و لە گیراوانی بادینان دەکەن و دژ بە پێشێلکارییەکان دەجەنگن ، حاڵی حازر ئێمە دیمەنی چالاکی و خۆپیشاندان و دەنگی ناڕەزایەتی لە شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دەبینین و ساڵانە یادی تیرۆری رۆژنامەنوسان ئەنجام ئەدرێت و پرسی شیروان شیروانی و چالاکوانانی بادینانیش پرسێکی زیندووە لە کوردستان و لە دونیای دەرەوەدا لەلایەن کۆمەلگای نیودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ چاودێری دەکرێت .
سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان ژێنگەیەکی پڕ لە مەترسی بۆ خەڵکی کوردستان بونیاد ناوە، دادگایکردنی چەندجاری (شێروان شێروانی) و گیراوانی بادینان پرسیاری قورسی ئەخلاقی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی دادوەری دروستکرد :
یەکەم ؛ دەسەڵاتی دادوەری نابێت بەهیچ شێوەیەک رێگه بدات هیچ دەسەڵاتێکی تر دەست تێوەردانی پڕۆسەی دادوەری بکات .
دووەم ؛ ئەو کەیسانەی کە ڕای گشتی لەسەر دروستدەبێت و میدیایەکان تیشکی دەخەنەسەر پێویستی بە وەستانێکی جیدییە ، بەتایبەت دۆسیەی گیراوانی بادینان کە دەبێ بە پێی یاسای ژمارە (٣٥) ساڵی (٢٠٠٧) مامەڵەی لەگەڵدا بکریت ، نەک یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن یان یاسای سزادانی عیراقی .
سێیەم ؛ کەمی دادوەرو نەبوونی ڕۆڵی داواکاری گشتی و رۆتینیاتی بەردەم دادگاکان و بنکەکانی پۆلیس و بەڕێوەنەچوونی رێکكارە یاساییەکان ، لەپاڵ شێوازی رەفتاری هەندێک لە دادوەران و داواکارانی گشتی و لێکۆڵەرە دادوەرییەکان کە بێ رێزی پێوە دیارە لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ ناگونجێت.
نان و ئازادی دوو پێداویستیی گرنگ و سەرەکیی ژیانی مرۆڤە ، مرۆڤ بۆ دابینکردنی ئەم دوو پێداویستییه گرنگەی ژیان بەردەوام لە ململانێکی سەختدا بووە لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسیدا، حەزرەتی مەسیح لە لوتکەی گەشەکردنی ئیمپراتۆریەتی رۆمانیدا دەیگوت؛ مرۆڤ تەنها بە نان ناژی ! لە پاش دوو سەدە بیرمەند و فەیلەسوفانی رۆژئاوا قسەکەی حەزرەتی مەسیح یان پێچەوانە کردەوە و گوتیان “ مرۆڤ تەنھا بە بەڵێنی چوونە بەھەشت ناژی !” لە سەرەتاکانی سەدەی ٢١ لە هەناوی وڵاتە کۆمەنیستیەکاندا چەندین بیرۆکەو فەلسەفەی جیاواز لە “ کارڵ مارکسەوە بۆ ئەنگڵس و لینین و ترۆتسکی و ماوتسی تۆنگ تا کاسترۆ “سەری هەڵدا و ئەمانیش گوتیان “مرۆڤ تەنیا بە ئایدۆلۆژیا ناژی و پێویستی بە نان و ئازادیە” . لە کۆتایی دا دەمەوێ بڵێم ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەبەردەم کۆمەڵێک تەجروبەی خراپدا وەستاوین کە پایەکانی تاکڕەوی حیزبی و بنەماڵەیی بەهێزتر بووە و مەترسی جدی لەسەر “نان و ئازادی” ئینسانەکان زیاتر بووە، بە پلەی یەکەم ئەو جوگرافیا سیاسییەی کە لەژێر قەڵەمڕەوی پارتیدایە بەهەشتێكە بۆ خەونی خێزانێکی سیاسی کە دانیشتوانەکەی بکاتە ژێردەستە و مافی ئازادی قسەکردن و رەخنەگرتن و خۆپیشاندانی پێ ڕەوا نەبینێ .