کوشتنی مەلا یوسف!

هەڵکەوت حەکیم
  2025-04-05     386

پرۆفیسۆری موتەمەڕس لە زانکۆی پاریس

 

لە دێی گڵێجاڵ، لە خوارووی هەڵەبجە، ڕۆژێ، دەمەو چێشتەنگاو، مەلایەک لەسەر خۆی بەرەو حەوزە ئاوێکی  دێ دەچێ، بۆ دەسنوێژ گرتن. حەمە چەتەی خزمەتکاری ماڵی شێخ زاهیدی نەقشبەندی، بڕنەوەکەی شێخی بە دەستەوەیە و خۆی  لە پەنایەکدا حەشار داوە. دنیا کپ و ئارامە. لە نزیکەوە جریوە و جووکەی مەل دێ، لە دوورەوە دەنگەدەنگی مناڵ. لەم کاتەدا، پەنجەی حەمە چەتە لەسەر پیلکەی تفەنگ دەکەوێتە کار. گرمەی تەقە هەڵدەستێ. مەلا یوسف، پێش ئەوەی بگاتە لای ئاو دەکەوێ. ‌حەمە چەتەی لە دنیا نەزان و لە کوشتن شارەزا، بە برینی گولـلەوە ناوەستێ، دەچێتە سەر لاشەی مەلا و دەمارەکانی دەستی دەبڕی بۆ ئەوەی ئەگەر بڕنەوی شێخ بە تەواوی مەلای نەکوشت، چەقۆکەی خۆی ئیتر خوێنی لە لەشدا ناهێڵێتەوە.

        ئەم کارەساتە و لێکەوتەکانی بە شێوەیەکی وا لە کتێبی "مێزەری خوێناوی" پیشان دراون لە لایەن دکتۆر یاسین تەهاوە کە خوێنەر هەر لە سەرەتای کتێبەوە متمانەیەکی لا دروسست دەبێ بە گێڕانەوەی توێژەر و تا دێ بەهێزتر دەبێ. توێژەر دەزانێ کە لەسەر ڕووداوێکی هەشتا ساڵ لەمەوبەر دەنووسێ. ڕووداوەکەش بچووك و ئاسایی نیە : کوشتنی مەلایەک لە لایەن پیاوێکی شێخەوە بە تفەنگی شێخ، کە هیچ پشکنین و پرسینەوەی لەسەر نەکراوە لە کاتی خۆیدا. شێخ دەسەڵاتدار بووە و مەلا بێدەسەڵات. هیج بەڵگەنامەیەکی ڕەسمی نیە کە توێژەر دەری بێنێ و بیخاتە بەر دەستمان. تەنیا ڕێگای مێژوونووسی بۆ ماوەتەوە تاوەکو ڕووناکی بخاتە سەر ڕووداوێک کە وەخت و تاوانبار و ترس و عەقڵییەتی "دەست بەسەر کڵاوی خۆتەوە بنێ با نەیبا" کاری خۆیان کردبوو بۆ لەبیرچوونەوەی.

        لە ئاست ئەم واقیعەدا توێژەر پەنا دەبا بۆ بیرەوەری. پێش هەمووشی ئەوەی کەسوکاری کوژراو. یەکێکیان، بێ ئەوەی شایەتحاڵی کارەساتەکە بێ،خۆیەتی کە پاش هەشتا ساڵ، لەم کتێبەدا، "بە بێ زیاد و کەم دێنێتە پێش چاو" سەرنجی خوێنەر لە وێنەی کوژراو. ئەم بیرەوەرییە جووڵێنەر و داینەمۆی مەسەلەکەیە لای توێژەر. بەڵام بەوەوە نەوەستاوە و نەیکردووە بە بەڵگە. هەستاوە چاوپێکەتنی ئەنجام داوە لەگەڵ کەسانێک کە لە نزیکەوە ئاگایان لە مەسەلەکە بووە. بە گشتی 39 کەس کە 29یان شایەتحاڵی ڕووداوەکە بوون و دەیان مامۆستای ئایینی بوون و هاوفەقێی مەلا یوسف خۆی، لە هەڵەبجە. چاوپێکەوتنەکان ساڵانێکە کراون، تەسجیلەکان هێشتا ماون.

ئەمجار توێژەر روو دەکا لە نووسین و یادەوەریەکانی ئەوانەی باسی مەسەلەکە دەکەن. لە پلەی سێیەمدا شیکردنەوەی خۆی دەنووسێ، وەکو ئەوەی بیەوێ بڵێ : توێژەر تا خۆی دوور ڕاگری لە بابەتی لێکۆڵینەوەکەی ئەوەندە زانسستیانە و بابەتانە تێی دەگا و باسی دەکا. کاک یاسین لە هەموو باسێک و ڕستەیەک پشت بە سەرچاوەیەک یان زیاتر دەبەستێ. هەست دەکەین کە بە بەردەوامی لە ترسی ئەودایە شتێک بڵێ بێ سەرچاوە و ببێ بە عەیبە بۆ توێژینەوەکەی.

        هەر زوو پرسیارێ دێتە پێشەوە : بۆچی شێخ زاهیدی کوڕی شێخ عەلائەدینی بیارە، بڕنەوەکەی داوەتە دەست حەمە چەتە و ناردوویە مەلا یوسفی گڵێجاڵ بکوژێ؟

        ئەم مەسەلەیە یەکێکە لە بنچینەکانی کتێبی "مێزەری  خوێناوی". بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکەش، توێژەر بە بەڵگەوە دەست بۆ هۆکان دەبا.

بەشێ لە شێخەکان لە هەرکوێ نیشتەجێ بووبن هەوڵیان داوە ئەو شوێنە بکەن بە موڵکی خۆیان، بە ناوی تەریقەت و پێوەستیی فەقێ و مەرید و میوان و ڕێبوار بە خزمەت و خواردن. ئەم پەل هاوێشتنەی شێخەکان کێشەی دروست کردووە لەگەڵ جوتیار و گەیشتووەتە ڕادەیەک کە هەندێ مەلای ناوچەکە تاپۆکردنی زەویی جوتیاریان بەسەر شێخەکاندا حەرام کردووە. لە هەمان کاتدا مەلای واش هەبوە بە شەرعییان زانیوە. بێ گومان هەموو شێخەکان وا نەبوون. بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر، توێژەر بۆچوونی کەسایەتیەکی بنەماڵەی شێخان خۆیان و خەڵکی ناوچەکە دێنێتەوە، کە شێخانی هەورامان دەکەن بە دوو بەشەوە : شێخی زاهید کە خۆی لە موڵکداری دوور گرتووە و شێخی "بەرژەوەندیگەرا"، واتە ئەوانەی "دەستکەوتی دنیا بە دەست دێنن بۆ سوودی تەریقەت". لەناو بەشی دووەمدا، شێخی دەرەبەگ هەبوە کە هاوبەشی بەرهەمی جوتیاران بووە، بێ ئەوەی هاوڕەنج و هاوماندوویەتییان بێ. نازانین داهاتی ئەو تەملیک کردن و هاوبەشییە چەندی بۆ فەقێ و مورید و میوانی ماڵی خوا بووە و چەندی بۆ شێخ خۆی و خانەوادەکەی! بەڵام دەزانین کە بە هۆی ناڕەزایی لەسەر شێوازی خەرجکردنی پارەی وەقفی فەقێ، لە قوتابخانەی بیارە، کۆمەڵێک لە فەقێکان مانیان گرتووە.

توێژەر وای بۆ دەچێ کە "بەشێک لە هۆکاری پەلهاوێشتنی شێخەکانی هەورامان بەرەو زەویی جوتیار و گوندنشینەکان و تاپۆکرنیان لەسەر خۆیان" دەگەڕێتەوە بۆ فراوانبوونی ژمارەی خێزانەکانیان. وەک مودەڕس دەڵێ شێخ عوسمانی یەکەم 18 ژنی هەبوە، شێخ عومەر 13 و شێخ نەجمەدین 8 و شێخ عەلائەدین 6 ژن و 24 منداڵ. ڕاستە ئەمەش هەمووی مەسرەفی دەوێ...

کاتێ شێخ زاهید، یەکێ لە 24 مناڵەکەی شێخ عەلائەدین، ویستوویەتی زەوی دێی گڵێجاڵ بە ناوی خۆیەوە تاپۆ بکا، مەلا یوسف ڕووبەڕوو پێی وتووە : "ئێمە موڵکی خۆمان نادەین بە کەس و دواییش باج و خەراج و موڵکانە و سەرانە بکەینە مشتیانەوە". ئەمە قسەی مەلایەک بووە کە لە سەردەمی فەقێتیدا لە بیارە لەگەڵ مانگران بووە و دژی شێوازی خەرجکردنی پارەی وەقفی فەقێ بووە!

وەک توێژەر پیشانی دەدا لە چل و پەنجاکاندا ناڕەزایی لە دەسەڵاتی شێخەکانی هەورامان هەڵەبجەی گرتبوەوە و تەنانەت گەیشبوە حوجرەی فەقێکانی بیارە خؤشی. مەلا عەبدولکەریمی مودەڕس دەڵێ ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵدانی شێخەکانی هەورامان بۆ تاپۆکردنی زەویی میری بە ناوی خۆیانەوە. ئەم ناڕەزاییە دابڕاو نەبووە لە فکر و بزووتنەوەی چاکسازی کە لە دنیای ئیسلامیدا لە دوا ساڵانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستدا هاتبوە ئاراوە. هەروا لەو جمومووڵەی کە حزبی شیوعی خسبوویە ناو فکری خەڵکەوە. مەلا یوسفی خاوەن فکری کراوە و ڕەخنەگر یەکێ بووە لەوانەی ئەم جۆرە بیرانە کاریان تێ کردووە. بە هەر حاڵ مانگرتنی لەگەڵ فەقێکانی بیارە و وەستانەوەی دژی تەملیک کردنی ئەرزی جوتیار لە لایەن شێخانی هەورامانەوە بەس بووە بۆ تۆمەتبار کردنی بە شیوعی. مستەفا زەڵمی دەڵێ : "لە ساڵانی چلەکان هەرکەس داوای مافی خۆی بکردایە یان هاواری بکردایە لە دەست ستەمکارێک پێیان دەوت شیوعی، بۆ ئەوەی داواکەی بێبایەخ بکەن". لە پاش ئەو تۆمەتەش یەکسەر مۆری کافری پێوە دەنرا...

مەلا یوسف وەک ئەو مەلایانە بووە کە هەستی تیژیان دژی زوڵم ڕێگای نەداون چاویان داخەن و زمانیان بگرن بەرامبەر بە دەسەڵاتی زاڵم، با ئایینیش بوایە. بڕوای بەوە بووە کە "هەژار و فەقیر لە شێخ زیاتر شایستەی زەکاتن". نەدەترسا ئەم بڕوایەی خۆی بە خەڵکی دێ بڵێ، ئەوێ کە ڕووبەڕووی کوڕانی شێخ وتوویە! ئەم بوێرە گەیشتووەتە ئەوەی بڵێ : "کۆکردنەوەی زەکات و باج لە لایەن کوڕی شێخ عەلائەدینەوە بە پێچەوانەی پرەنسیپی ئیسلامە"... ئیتر چۆن کوڕی شێخزادەی خاوەن دەسەڵات بڕیاری کوشتنی مەلا یوسف نادا؟

پاش ئەوەی شێخ زاهید مەلا دەکوژێ بە تفەنگی خۆی و پەنجەکانی حەمە چەتە، حەمە چەتە ون دەبێ و ئیتر کەس هەتا هەتایە کەس باسی نابیستی.

پاش ئەوەی لاشەی مەلای کوژراو دەبەن بۆ هەڵەبجە، بە پێی محەمەدی مەلا کەریم : "تەرمەکەی مەلا یوسف سێ ڕۆژ لە هەڵەبجە ماوەتەوە بێ ئەوەی پزیشکی داد یان کەسی تر بچێ بە لایدا، چونکە دژی شێخەکان وەستاوە".  

خەڵکی دێ زانیویانە کێ مەلای کوشتووە. بۆیە هێڕش دەبەنە سەر کەپری شێخ زاهید لە هەوارگە و ئاگری تێ بەر دەدەن. باوکی مەلا یوسف ژن و کوڕەکەی شێخ دەرباز دەکا و نایەڵێ زەرەریان پێ بگا. شێخان و پیاوەکانیان "خەبەرێکی گەورە" بڵاودەکەنەوە کە لە کەپرەکەی شێخ زاهید قورئانی پیرۆز سووتێنراوە، دەبێ تؤڵەی بکەنەوە! لە ڕاستیشدا کەپر هەر دەغڵ و دانی تێدا بووە، کە ئەویش لە ئاوایی کۆکراوەتەوە بۆ شێخ!

بە گێڕانەوەی مەلا عومەر عەبدولعەزیز، شێخانی بیارە داوای یارمەتی لە مەلا عەبدولعەزیز دەکەن، ئەویش بە توندییەوە پێیان دەڵێ : "مەلایەکی دوانزە عیلم کوژراوە، ‌هێشتا ماوە بچنە سەریشیان!" کە نائومێد دەبن لە مەلا عەبدولعەزیز، دەچن لەشکری تاڵانکردن لە کوردستانی ئێرانەوە دێنن. بە تەواوی گڵێجاڵ تاڵان دەکەن. نە ئاژەڵ و نە دەغڵ و دان هیچی تیا نا‌هێلن. تەنانەت مریشک و جووجەڵەکانیش لەگەڵ خۆیاندا دەبەن. بە ڕێکەوت یەکێ لە چەتەکان مامێکی مەلا یوسف دەناسێتەوە و دەیەوێ ڕزگاری بکا. بەڵام دەکەوێتە بەر گولـلەی هاوڕێکانی خۆی و دەکەوێ. بۆیە لەشکری تاڵان دەشڵەژێ و دەکشێتەوە. لە کاتی هێڕشی تاڵانکەران، خەڵکی دێ هەڵدێن و دەڕۆن. هی وایان هەبووە تا ساڵانێک نەیوێراوە بگەڕێتەوە شوێنی باوباپیرانی خۆی.

بەڵام زوڵم لەوێ نەوەستاوە. مامێکی مەلای کوژراو، قادری مەلا یوسف، گیراوە و لە زیندان کۆچی دوایی کردووە و تەرمەکەی نەدراوەتەوە کەسوکاری! بۆ شاردنەوەی بەڵگەی ئەشکەنجەدان! کەس نەبووە لە ترسی شێخانی هەورامان بوێرێ یارمەتی ئەو سێسەد گوندنشینەی گڵێجاڵ بدا... کە قایمقامی هەڵەبجە، شاکر فەتاح، ویستوویەتی شتێکیان بۆ بکا، شێخان لە بەغا شکاتیان لێ کردووە. باوکی مەلا یوسفیش هەر ئەوەی بۆ ماوەتەوە شکات بکا لە شێخ زاهید. بەڵام دەوڵەت هیچی بۆ نەکردووە. ساڵی 1946 چووەتە بیرەوەری خەڵکی ناوچەکە وەک "ساڵی هەراکە". ئەگەر ئازایەتی و کاری زانستیی د. یاسین تەها نەبوایە، پاش ماوەیەک مەلا یوسفیش لە بیر دەچوو. بەڵام لەمەودوا، لە ڕیزی کوژراوانی ڕێگای مافی هەژارانە و ناوی لە مێزەری خوێناوی نابێتەوە...

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×