هەرسێ باڵەکەی کۆمەڵە (کۆمونیست، شۆڕشگێڕو زەحمەتکێشان) لەدوا کۆبوونەوەیان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، ملکەچی بڕیارەکەی ئێران بوون کە لەلایەن "قاسم الاعرەجی" راوێژکاری ئەمنی نەتەوەیی ئێراق لە ١٩ی مانگی ئاگوست دەرچوو، دروست پێش سەردانی بەناو سەرۆک کۆماری ئێران "پزیشکیان" بۆ ئێراق.
ئەو سێ لایەنە بەوە رازی بوون کە بە زۆرەملی ئۆردوگاکانیان بگوازرێننەوە بۆ کەمپی سورداش. بەمەش یەکێتی نیشتمانی، بڕیارەکەی ئێرانی لەسەر کۆمەڵەکان خستە بواری جێبەجێ کردنەوەو هەموو ئەندامان و بنەماڵەکانیان تا کۆتایی ئەم مانگە ئەبرێنە سورداش.
چەککردن و راگواستنی زۆرەملی هەر هێزێکی چەکدار لە هەر کۆییەک رووبدات ئەوپەڕی سوکایەتی کردنە بەو هێزە چەکدارە، جا ئەمەش هەموو کۆمەڵەکان ئەگرێتەوە. بەڵام یەکێک لە بەرپرسانی ئەم سێ رێکخراوە بە پێگەی "خەندان"ی وت کە: "نامانەوێت ئەوە بکەین کە کاریگەریی لەسەر ئەمنی قەومی کورد هەبێت لە نێوان رۆژهەڵات و باشور، بۆیە قبوڵمان کردوە ئەو شوێنانە بەجێبهێلین."
ئەم رێکخراوانە لەمێژە هیچ مەترسییەکیان بۆسەر ئێران نەبووە و نییە و مانەوەشیان لەم ناوچانە پێشتریش بە رەزامەندی ئێران بووە. کە واتە مەبەستی دوژمن لەم سوکایەتییە روون و ئاشکرایە، کپ کردن و لاوازکردنی دژایەتی ناوخۆی گەلی کوردە لە رۆژهەڵاتی کوردستان. بەو هیوایەی کە بەم کارە، خەڵکی پێ چاوترسێن بکات کە جارێکی دیکە بیر لە هەستانەوە و دژایەتی ئەم رژێمە نگریسە نەکەنەوە. خۆ ئەگەر لە سنەو سەقز و سابڵاخ سەرەڕای ئەو هەمووە کوشت و بڕە، هەتا ئێستا نەیتوانێوە سوکایەتی بە گەلی کورد لە رۆژهەڵات بکات، ئەوا ئێران شوکرانەبژێرە کە ئەم ئۆردوگانشینانە هەموو کات لەبەردەستدا بوون و هەن و هەرکات بیهەوێت لە رێگای بەرپرسان و دەزگای ئاسایشی یەکێتی یەوە سوکایەتی و بێڕێزی و نیفرەتی خۆی لە دژی گەلی کورد لە رۆژهەڵات هەڵبڕێژێت. ئەوەش کە ئەمڕۆ رووئەدات نە لە بەهێزی دوژمن بەڵکو بەرهەمی شکستی "سیاسەتی چاوەڕوانی"یە.
"چاوەڕوانی" ئەو نەخۆشییە کوشندەیە کە هەموو ئەو ڕێکخراوانە (نە تەنیا کۆمەڵەکان بەڵکو دێمۆکرات و ئەوانی تریش) بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە پێوە گیرۆدەن. چل و ئەوەندە ساڵە ئەم رێکخراوانە چاوەڕوانن کە تەقێ بە تۆقێ لە ئێران بکرێت و ئەمانیش بگەڕێنەوە بەڵام هەتا ئێستاش ئەم چاوەڕوانییە دەستکەوتێکی نەبووە بەڵکو بە پێچەوانەوە لە ماوەی چاوەڕوانی ئەوان، یەکێتی سۆڤیەت رووخاو چەندین وڵاتی لێ جیا بووەوە، "یۆگسلاڤیا" دابەش بوو بەسەر حەوت وڵات. "رۆژهەڵاتی تیمور" سەربەخۆیی لە "ئیندونیزیا" بەدەست هێناو "ئێریتریا" توانی لە "ئیتیۆپیا" جیا بێتەوە. ئەو هەمووە ئاڵوگۆڕە بەسەر ئەم جیهانەدا هاتووە بەڵام ئەم بەڕێزانە لەو ماوە دوورو درێژەدا هەر لە دەوروبەری "ئاشەکەی زەڕگوێز" خۆیان مت کرد، شەڕە جنێویان کرد، پەلاماری یەکتریان داو لەسەر دار وبلووکە سوتاو هەڵیان کوتایە سەر یەک و تەنانەت خوێنیان تێدا ڕژاند. ئەگەر ئێران لە رێگای یەکێتی یەوە لە "زەڕگوێز"و "زەڕگوێزەڵە"و "بانەگەورە" دەری نەکردبان، لەوانەشە بۆ هەتاهەتایە لەوێ بمایەتنەوە.
بەکورتی ئەنجامی ئەم چاوەڕوانییەش بریتی بووە لەمانە:
١. کۆماری تیرور و سێدارە زیاتر لە چوارسەدو پەنجا پێشمەرگە و چالاکوانی کۆمەڵە و دێموکراتی لە باشوری کوردستان (هەتا ئێستا) تیرور کردوە.
٢. زیاتر لە دە پێشمەرگەی دێمۆکرات لەلایەن ئیسلامییەکانی باشوری کوردستانەوە بە ئێران فرۆشران و تیرەباران کران.
٣. دەیان چالاکوان و هەڵسوڕاوی رۆژهەڵاتی کوردستان لە شارەکانی باشوری کوردستان و بەتایبەت لە دەڤەری سلێمانی یان بێ سەرو شوێن کران یا لە لایەن دەزگای ئاسایشی یەکێتی یەوە رادەستی ئێران کران.
تەنانەت (تا ئەو جێگایەی ئاگاداربم) هیچ کام لەو تاوانانەی بەرپرسانی هەرێمی باشور دژ بە کوردانی رۆژهەڵات لەم ماوە دوورودرێژەدا، بە دێکۆمێنت نەکراون تا تاوانباران ڕادەستی یاسا لە وڵاتانی ئۆروپی (مەبەست ئەو وڵاتانەیە کە ئەو بەرپرسانەی باشور هەڵگڕی رەگەزنامەیانن) بکرێن تا بەڵکو لە ریگای دادگاوە بە سزای تاوانەکانیان بگەیەنرێن.
٤. کاتی خۆی پێشمەرگەی کۆمەڵە هێمای ئازایەتی و جەسووری و چاونەترسی لە شەڕ لە رۆژهەڵات بوو. کەسانێک کە تەنانەت لە باشوریش دەورێکی باشیان لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لە شاری سلێمانی و دەست بەسەراگرتنی دامو دەزگا سەرکوتکەرەکانی رژێمی سەدام لەو شارەدا گێڕا. بەڵام بەداخەوە زیاتر لە سی ساڵە لە دەڤەری سلێمانی سوکایەتییان پێ ئەکرێت و چڵکاوخۆرەکانی کۆماری تیرور و سێدارە لەو دەڤەرە، دنەی خەڵکی ناوچەکە ئەدەن کە هەر رۆژەو ناوو ناونیتکەیەکی نوێیان بۆ دابنێن.
بەڵام لە بەرانبەر هەموو ئەمانەدا، ئەم رێکخراوانەی رۆژهەڵات بەس لەبەر مانەوەی خۆیان لە زەڕگوێزەکان و کۆیە، تەنانەت نەیانتوانی و نەیانوێرا خاوەندارییەتی لە ئەندامان و لایەنگرانی خۆیان بکەن و بێدەنگییان لە بەرانبەر دەسەڵاتدارانی هەرێمی باشور هەڵبژاردو هەموو جارێک (وەک ئەمجارە) بێدەسەڵاتی و نەوێری خۆیان ناو لێنا، "پاراستنی ئەمنی قەومی کورد".
بەدوای پشکنینی بست بە بستی کەمپی سورداش لەلایەن سپای پاسدارانی ئێرانەوە، باڵەکانی کۆمەڵە بە زۆرەمەلی راگوێزی سورداش کراون و ئەکرێن. لەم دۆخە نوێیە پێویستە سەرنج بدرێتە ئەم خاڵانەی خوارەوە:
١. زۆربەی ئەوانەی نێشتەجێی سورداش ئەکرێن، کەسانێکن کە هیچ دەرەتانێکیان نییە. نە پارەیەکیان بەدەستەوەیەو نە خاوەن رەگەزنامەی وڵاتانی ئۆروپی و کەنەدان. بۆیە چارەنووسی ئەم مرۆڤانە لە هەموو شتتێکیتر بە بایەخترە.
٢. بەرپرسانی ئەم رێکخراوانە هەتا ئێستاش، ناوەرۆکی رێککەوتنە ئەمنییەکەی ساڵی ٢٠٢٢ لە نێوان ئیران و ئێراقیان نەدیووە. بۆیە ئەبێت رێبەرانی ئەم رێکخراوانە وڵامی ئەم پرسیارانە بە بنەماڵەی ئەو کەسانەی کە نیشتەجی ئەو کەمپە ئەکرێن بدەنەوە: لە دوای چوونە سورداش چی روو ئەدات؟ چ زەمانەتێک هەیە یا چ رێککەوتنێکیان لەگەڵ یەکێتی و ئێراق کردووە کە سبەینێ، یەکێتی هەر بەو لۆریانە کە ئێستا ئەندامان و بنەماڵەکانی کۆمەڵەکانی راگوێزی سورداش ئەکات، جارێکی دیکە کەمپەکەیان راگوێزی بەندیخانەکانی ئێڤین، قزڵحەسار، دیزڵئاباد و .. لە ئێران نەکات؟ کێ ئەڵێت کە ئەمە یەکەم هەنگاو نییە لە پیلانێکی گەورەترو مەترسیدارتر؟ ئەگەر سبەی هێزێکی کۆماندۆی یەکێتی یا ئێران هەڵیان کوتا سەر سورداش، ئەوان چۆن ئەتوانن پارێزگاری لەم کەسانە بکەن؟
تەنانەت زەمانەتی نووسراوەیی ئێراق و یەکێتی بۆ چارەنووسی ئەم مرۆڤانە بەس نییە. ئایا ئەم رێکخراوانە چ زەمانەتێکی نێودەوڵەتیتان بۆ مانەوە لە سورداش وەرگرتووە؟
٣. ئاشکرایە کە یەكێتی لەگەڵ ئێرانە بووە و هەیەو بڕیارەکانی تاران جێبەجێ ئەکات و ئەمە شتێکی نۆی نەبووە و نییە و زیاتر لە چل ساڵە رێبەری یەکێتی ئەو سیاسەتە پێڕەو ئەکات. بۆیە گلەیی و بناشت لە رێبەری ئێستای یەکێتی ئەوپەڕی گەمژەیی و گاڵتە بەخۆ کردنە. چونکو لە کۆنەوە وتراوە گلەیی لە دۆست ئەکرێت. بۆیە ئەبێت کۆمەڵەکان و دێمۆکرات لەو راستییەوە دەست پێبەکەن کە لە ئێستادا ئێران لە دەڤەری سلێمانی زۆر بەدەسەڵاتترە تا لە شارو شارۆچکەکانی رۆژهەڵات.
٤. سەرەڕای نیگەرانی لە چارەنووسی ئەم مرۆڤانە و بێزاری و توڕەیی لەڕادە بەدر دژبەم کردوەیەی یەکێتی، گرنگە کە هەموان، ریزی شەقامی باشور لە دەسەڵاتی باشوری کوردستان جیابکەنەوە. گەلی باشور لەگەڵ ئەم هەمووە سوکایەتی و ئازاردانی هاوڵاتیانی بێدەرەتانی رۆژهەڵات لە باشور نەبوون و نین. داگیرکەرانی کوردستان هەرچەندە توانیویانە جیاوازییەکی زۆر لە زمان و کولتور و .. لە نێوان بەشەکانی کوردستان دروست بکەن، بەڵام هەتا ئێستاش هاوسۆزی و هزری نەتەوەیی، هاوخەباتی و یەک بوون لەناو خەڵکی هەموو پارچەکان هەروا بەهێزە و وەک خۆی ماوەتەوە. بۆیە ناکرێت تاوانەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم و دەزگا ئەمنییەکانیان لە باشور، بخرێتە مل هەموو خەڵکی باشور و دەرفەت بە دوژمن بدرێت تا لە توڕەیی و بێزاری گەڵی رۆژهەڵات کەڵک وەربگرێت بۆ چاندنی تۆویی جیاکاری و تێکدانی هاوچارەنووسی گەلی کورد لە رۆژهەڵات و باشور.