دوو ساڵ وچوار مانگ بەسەر شەڕی نگریسی رۆژئاوا و روسیا لە ناو وڵاتی ئۆکرانیا تێئەپەڕێت. شەڕێکی کۆنەپەرەستانە و بێبەزییانە کە هیچ پەیوەندییەکی بە سەروەری و مافەکانی خەڵکی ئۆکرانیاوە نەبووە و نییە بەڵکو شەڕێکە لە سەر دووبارە دابەشکردنەوەی سەروەت و سامانی جیهان لە نێوان دوو جەمسەری نوێی جیهانی. ئەم شەڕە بەرهەمی سیاسەتی تاکڕەوی و پاوەنخوازی رۆژئاوایە کە لەدوای رووخانی دیواری بەرلین لە ساڵی ١٩٨٩ و هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١هەتا ئێستاش دژبە رکابەرە جیهانییەکانی بەردەوامە و ئامادە نییە جارێکی دیکە دوو یا چەند جەمسەری لە جیهان قەبووڵ بکات.
ئەم شەڕە لە بواری ئابووریشەوە بووەتە بیزنێسێکی گەورە بۆ کۆمپانیاکانی چەک و چۆڵ و دەسەڵاتدارانی مافیایی ئۆکراینی.
- بەبۆنەی ئەم شەڕەوە، کۆمپانیاکانی چەک و تەقەمەنی لە رۆژئاوا زیاتر لە هەموو کاتێک بازاڕی فرۆشیان گەرمەو پشکەکانی ئەو کۆمپانیایانە سەدا چل بۆ پەنجا زیادی کردووەو ئەویش بەهۆی بەکارهێنانی چەکوچۆڵێکی زۆر لە بەرەکانی شەڕو داخوازی لەڕادەبەدەری وڵاتانی دیکە بۆ کڕینی چەکە.
- دارودەستە مافیایەکانی دەسەڵاتدار لە ئۆکرانیاش دەرفەتیان بۆ رەخساوە کە بەهۆی ئەم شەڕەوە بەلێشاو پارە کۆ بکەنەوە. هەر چەند مانگ جارێک "کۆمیکەر"ی ئۆکرانیا واتە زلێنسکی ئەنێرنە وڵاتانی ئۆروپا، ئەمریکا و کانادا بۆ سواڵکردن و ئەویش لەوسەرەوە بە دەیان میلیارد یۆرۆ و دۆلار ئەگەڕێتەوە بۆ لایان. ئەم دزە چاوچنۆکانە بەمەشەوە نەوەستاوون، بەڵکو بەشێکی زۆر لە چەکە خەڵاتییەکانی رۆژئاوا لە بازاری رەش ئەفرۆشنەوە و بۆ ئەم مەبەستەش بەردەوام باس لە کەمی چەک لەبەرەکانی شەڕ ئەکەن.
بودجەی ئەم شەڕەش لە لایەن وڵاتانی رۆژئاواوە لە رێگای هەڵاوسان، گران کردنی خۆراک و شت و مەک، زیادکردنی کرێ خانوو، بەردنەسەری رێژەی سوو، گرانی وزەو کارەباو بەکورتی برسی کردنی هەرچی زیاتری خەڵکی دابین ئەکرێت. بۆیە بە پێی تێپەڕبوونی کات ئەم شانۆگەرییانەی رۆژئاوا و پیاوەکەیان زلێنسکی، بۆ رای گشتی ناشیرینتر و قیزەونتر ئەبێت، بە چەشنێک کە زۆرجار پەرلمانتارانی وڵاتانی ئۆروپا، هۆڵی پارلەمان لە کاتی قسەکردنی زلێنسکی بەجێ ئەهێڵن.
روخسارێکی دزێوی دیکەی ئەم شەڕەش، کوژران و برینداربوون و بێسەروشوێن بوونی سەدان هەزار سەربازی ئۆکراینی و روسییە لەماوەی ئەم دوو ساڵ و نیوەدا. سەربازگەلێک کە تا مردنیش نەیانزانی و نازانن بۆچی ئەبێت یەکتر بکوژن. پیاوانی تەمەن مامناوەند و گەنجانی ئۆکراینیش مافی جێیهێشتنی ئۆکرانیایان (ئەو جەهەنەمەی کە رۆژئاوا و روسیا بەناهەق بۆیان دروست کردوون) لێ زەوت کراوەو ناردونیانە بەرەکانی شەڕ بۆئەوەی لەوێ بکوژرێن. ئەندامانی خێزانەکانیشیان ئاوارەی وڵاتانی رۆژئاوا کروان و لەوێش رۆژانە زۆر نامرۆڤانە سوکایەتیان پێئەکرێت و وەک کەسانی سوک و هەرزە، کاڵای سیکسی و رابواردن چاو لە ژن و کچەکانیان ئەکرێت.
ئەم شەڕە بێجگە لە زەرەرو زیانی گیانی و ئیش و ئازاری مرۆڤەکان، وێرانکاریەکی لەڕادەبەدەری بەسەر ئەو وڵاتە جوانەدا هێناوه بەچەشنێک کە بەشێکی زۆرلە شارو دێهاتەکانی ئەو وڵاتە کراونەتە وێرانەو تەنانەت ئەگەر شەڕەکەش هەر ئەمڕۆ بوەستێت، ئەوا ئەو خەڵکە ئاوارەیە شوێن و رێیەکیان نییە کە بتوانن رۆژی لە رۆژان بگەڕێنەوە ناوی.
لە بەرەی رەکابەر واتە روسیاش، هیچ ئاسۆیەک بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە بەدی ناکرێت. ئابووری روسیاش لەژێر گوشارێکی زۆری وڵاتانی رۆژئاواو هاوپەیمانەکانیەتی. روسیا هەتا دێت بەرەو وڵاتێکی توتالیتەر هەنگاو ئەنێت. دەسەڵاتدارانی کرێملین هەروەها توانیویانە لەژێر سێبەری ئەم شەڕەداو بە بیانووی شەڕ، پێگەی خۆیان بە زەبرو زەنگ و گرتن و کوشتن لەو وڵاتە بەهێزتر بکەن و هەموو چەشنە دەنگێکی ناڕازی ناو کۆمەڵگا بە دڕندانەترین شێوە سەرکوت ئەکەن و لە گرتن و رەشە کوژی، بێسەروشوێن کردن و ژەهرخواردکردنی نەیارانی خۆیان لەو وڵاتە پان و بەرینە سڵ ناکەنەوە.
لە ئاستی نێۆدەوڵەتیش، روسیا هەوڵەکانی چڕتر کردووەتەوە بۆ پەرەدان بە بەرەیەکی بەرفەراوان و بەهێز دژبە رۆژئاوا. لە پلەی یەکەمیش بە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین و باقی ئەندامانی بریکس (برازیل، روسیا، هێند، چین و ئەفریقای باشور). سەفەرەکەی ئەم دواییەی پۆتین بۆ کوریای باکوور و ڤێتنام درێژەی ئەو سیاسەتەی چەند ساڵی رابووردوی روسیایە.
بەرەی دژبەری رۆژئاوا، بەرەیەکی هۆمۆژێن و هاوچەشن نییە بەڵکو هەرکامە و ئەجیندای تایبەتی خۆیان لەدژایەتی لەگەڵ رۆژئاوا هەیە و ئەوەی ئەوانی بە گشتی کۆکردووەتەوە، دژایەتی قۆرخکاری و بێبەشکردنی ئەوانە لەلایەن رۆژئاواوە بۆ بەتاڵانبردنی سەروت و سامانی هەموو جیهان. بۆیە سەرەڕای لێکنزیک بوون، کۆنە قەرز، کێبڕکێ و تەنانەت پاشقول گرتن لە یەکتر لە نێوان ئەم وڵاتانە بەردەوامە.
ئەم بەرە دژبەرە نەک لە بەرەی رۆژئاوایی باشتر نییە بەڵکو بگرە بەکردەوە زۆر خراپتر و نامرۆڤانەترە. ئەم بەرەیە هەر ئێستاش پشت ئەستوورە بە هاوپەیمانی و هاوکاری لەگەڵ کۆنەپەرەستترین و دیکتاتۆرترین وڵاتانی جیهان وەک ئێران، کوریای باکوورو بیلاڕوس و هەروا ژنڕاڵە کودەتاچییەکانی وڵاتانی ئەفریقا وەک "چاد"، "مالی"، "نێجەر" و "بورکینا فاسۆ".
لە درێژەی شەڕی ئۆکرانیا، کێبڕکێکانی رۆژئاواو روسیا و چین پێی ناوەتە ئاستێکی مەترسیدارەوە. وڵاتانی رۆژئاواش بۆ بەرپەرچدانەوەی بەرەی دژبەر هەموو دام و دەزگای ئابووری، سیاسی، میدیایی و سەربازی خۆیان وەگەڕ خستووە و کۆبوونەوەی یەک لە دوای یەک سازئەکەن. رۆژێک کۆبوونەوەی "جی ٧"ە و رۆژێکی دیکە کۆبوونەوەی "ناتۆ" وهتد.
سەرپەرەشتیارو رێکخەری زۆرینەی ئەم کۆبوونەوانەش ئەمریکایە و کۆمیکێرو میوانەکەی ئەو کۆڕو کۆمەڵانەش زلێنسکی یە.
دواهەمین هەوڵی لەم چەشنەی رۆژئاوا دژبە روسیا، کۆبوونەوەکەی رۆژانی ١٥ و ١٦ی مانگی ژوێنی ئەمساڵ بوو لە ژێر ناوی "کۆنفرانسی ئاشتی ئۆکرانیا" لە وڵاتی سویس. بەڵام ئەنجامی کۆنفەرانسەکە ئەوە دەرنەچوو کە رۆژئاوا چاوەڕوانی لێئەکرد بەڵکو جارێکی دیکە ئەو دوو جەمسەرییە جیهانییە هێندەی تر زەق بووەوە و زۆربەی رۆژئاواییە ژیرەکان دانیان بە شکستی ئەو کۆنفرانسە گەورەیەدا هێنا چونکو:
- چین وەک هێزێکی گەورەی ئابووری و سەربازی جیهانی تەنانەت ئامادە نەبوو بەشداری تێدا بکات.
- برازیل لە باشوری ئەمریکا تەنیا وەک چاودێر بەشداری کرد و بەیانی کۆتایی کە خۆازیاری پاراستنی سنووری ساڵەکانی ٩٠ی ئۆکرانیا بوو، واژۆ نەکرد.
- وڵاتانی دەسەڵاتداری ناوچەیی دیکە لەوانە هێندوستان، ئەفریقای باشورو عەرەبستانی سعوودی ئەو بەیاننامەیان واژۆ نەکرد.
- بێجگە لە چین، ٦٨ وڵاتی دیکەش ئامادە نەبوون بچنە ناو کۆنفرانسەکەوە و بانگهێشتنامەکەی سویس یان رەت کردەوە.
- لەو وڵاتانەش کە بەشداری کۆنفەرانسەکە بوون، چەندین وڵات ئامادە نەبوون پاراستنی سنوورەکانی ساڵەکانی٩٠ی ئۆکرانیا وەک مەرج بۆ ئاشتی واژۆ بکەن، لەوانە کۆلۆمبیا، ئەندونیزیا، مەکزیک، تایلەند، لیبیا، ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ئەرمەنیا و تەنانەت ڤاتیکان و... بەکورتی کۆنفرانسێک کە بڕیار بوو پێگەی جیهانی رۆژئاوا دژبە روسیا (و ناڕاستەوخۆ دژبە چین) بەهێز بکات و فەرمانڕوایی و هێژمۆنی تاکلایەنەی رۆژئاوا لە هەموو جیهاندا بەسەپێنێت ،شکستی خوارد و ئەوەندەی دیکە دابەش بوونی وڵاتانی جیهان لە نێوان ئەم دوو جەمسەرییە نوێیەیدا وەدەرخست.
لەولاشەوە روسیا دەستەووەستان نەوەستاوە و تەنگی بە رۆژئاوا لە ناوەند و رۆژئاوای ئەفریقا هەڵچنیەوە وهەتا ئێستا، ئەمریکا و فەرانسا ناچار کراون کە پێگە سەربازییەکانی خۆیان لە "نیجەر" تا مانگی ٩ی ئەمساڵ بگوێزننەوە. هەمان بڕیاریش لەلایەن وڵاتی "چاد"ەوە دراوە. وڵاتانی "مالی" و "بورکینا فاسۆ"ش پێوەندییە لەمێژینەیە سەربازی و ئابوورییەکانی خۆیان لەگەڵ رۆژئاوا بچڕاندووەو هێزەکانی روسیا جێگای هێزە رۆژئاواییەکانی لەو وڵاتانە گرتووەتەوە. ئەمریکاش کە نایهەوێت بەتەواوی لە ناوەند و رۆژئاوای ئەفریقا وەدەر بنرێت هەموو هەوڵەکانی لەسەر وڵاتێکی وەک "گابوون" چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی هێزە سەربازییەکانی رابگوێزێتە ئەوێ.
مەترسییەکی دیکەش لەسەر بەرەی رۆژئاواش لەم کێبڕکێیە دژ بە روسیا، کێشە ناو خۆییەکانی ئەو وڵاتانەیە. کێشەی خەڵکی سەرشەقام لە رۆژئاوا نە هێژمۆنی رۆژئاوا و شەڕی ئۆکرانیا، بەڵکو گرانی، بێکاری، نەبوونی و چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکانیانە. بۆیە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلمانی ئۆروپا لە مانگی ٦ی ئەمساڵ، پاشەکشەی بەرەی راست و ناوەند، بەهێزبوونی بەرەی راستی توندڕەو و نەتەوەپەرەست و لەهەمان کاتدا چەپەکانی لێکەوتەوە. هەڵبژاردنەکانی فەرانسەو بریتانیاش بەڕیوەیەن و ڕاپرسییەکان هەتا ئێستا ئاماژە بەوە ئەکەن کە بەرەی راست و ناوەند پاشەکشە ئەکەن و پارتە نەتەوەپەرەست و پۆپۆلیستەکان بەهێزتر ئەبن. لەهەمان کاتدا هەڵبژاردنی مانگی ١١ی ئەمساڵ و ئەگەری بردنەوەی ترامپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، دۆخەکە بۆ رۆژئاواییەکان ئەوەندەی دیکە خراپتر ئەکات.
زەرەرۆمەنی یەکەمی کۆرت ماوەی ئەم دۆخەش، نە وڵاتانی رۆژئاوا بەڵکو خەڵکی بێدەسەڵات و سەربازو ژن و مناڵ و بەساڵاچوانی ئۆکراینی
ئەبن کە کراونەتە قوربانی فراوانخوازییەکانی رۆژئاوا.
ئێستا ئەبێت چاوەڕوان بین تا بزانین بیرۆمەندان و ستراتێژەکانی رۆژئاوا چۆن شکستی داهاتووی خۆیان پاساو ئەکەن.