بەشی یەکەم
ئەم باسە لەدوو بەش پێک دێت. بەشی یەکەم باس لە هۆکارەکانی قەیرانی چەپ ئەکات و باسی دووهەم لەسەر هەنگاوە فیکری و کردارییەکانە بۆ بوژانەوە و گەشەی چەپ لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
چەپی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە سی ساڵە لە قەیراندایە و هێشتا بەدەس ئەم قەیرانەوە ئەناڵێنێت. بەڵام بە خۆشیەوە کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستی رۆشنبیریەوە بەرەو پێش چووە و چاوەڕوانی برێارو وڵامی ئەم چەپە نەبووە. بۆیە سەرەڕای قەیرانی ریكخراوە چەپەکەیان واتە کۆمەڵە، نەک تەنیا کۆمەڵگای رۆژهەڵآت لە بیرو بۆچوونی چەپ و دادپەروەرانە دانەبڕاوە بەڵکوهەنگاوی کرداری باشیشی ناوە.
بە کورتی هۆکاری درێژەخایەن بوونی قەیرانی چەپی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەمانەن:
١. نەبوونی شوناس و پێناسەی چەپ
سەرەڕای ئەوەی ئەم چەپە سەربە بەرەی سۆڤیەت نەبوو بەڵام بەدوای رووخانی دیواری بەرلین لە ساڵی ١٩٨٩ هەتا ئێستا، ئەم چەپە نەیتوانیوە خۆی رێک بخاتەوە. رووخانی دیواری بەرلین و سۆڤیەت ئەو پرسیارانەی کە دەیان ساڵ بوو، چەپ بەگشتی خۆی لە وڵام دانەوەی ئەپاراست، زیندو کردەوە و ئەمیش وڵامی بۆ ئەو پرسیارە سەرەکییانە نەبوو. بۆیە سەرەڕای ئەوەی ئەم چەپە هێشتا داوای رووخاندنی سیستەمی کاپیتالیستی ئەکات بەڵام نازانێت ئەو ئامانجە سوسیالیستییە چییە کە خەباتی بۆ ئەکات و کۆمەڵگایەکی سوسیالیستی چۆنە و ئەبێت چۆن بەڕێوە بچێت.
ئایا هێشتا بەدڵ و بەگیان خوازیاری ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی، واتا رووخانی کاپیتالیزم و شۆڕشی کرێکارییە یا نە ئەمەی پێ ئەستەمە و تەنیا بۆ باشکردنی بژیۆو گوزەرانی هەنووکەیی چینی هەژارو زەحمەتکێشی کۆمەڵگا لە چوارچێوەی سیستەمی کاپیتالیستیدا خەبات ئەکات، بەواتەیەکی دیکە تەنیا خوازیاری چاکسازی و ریفورمە؟ ئەگەر خوازیاری سوسیالیزمە، ئایا پێی وایە ئەکرێت و ئەتوانێت بە تەنیا لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵگایەکی سوسیالیستی دامەزرێنێت؟
٢. دابڕان لە ژینگە و پێگەی کۆمەڵایەتی خۆی
کێشەیەکی دیکە، دابڕانێکی درێژخایەنی ئەم چەپەیە لە شوێن و جوگرافیای چالاکی و خەباتی خۆی واتە دوورکەوتنەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەمەش هەمووی لەدەستی خودی ئەم چەپەدا نەبووە، بەڵکو سەرکوت و کوشتارو تیروری کۆماری تیرور و سێدارەی ئیسلامی ئێران توانیوەتی بە ڕادەیەکی زۆر چالاکییەکانی ئەم چەپە لە رۆژهەڵات بەرتەسک بکاتەوە و ئەوانی لە شوێن و پێگەی خەباتی خۆیان دوور خستووەتەوە. رێژەی دووربوون و نزیک بوونی ئەم چەپە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، خۆی لە قوڵ یا سووک بوونی قەیرانی ئەم چەپە ئەبینێتەوە. ئەم دابڕانە لە خەباتی راستەقینەی کۆمەڵانی خەڵک، کارێکی کردووە کە پرسە لاوەکییەکان و پێوەندییە نێوخوییەکان، جێگای ئەرکە سەرکییەکانی ئەم چەپە بگرێتەوە و دوژمنە راستەقینەکەی دەرەوە، جێگای خۆی بدا بە کێشەی نێۆخۆی خۆیی کە ئەنجامەکەی دابڕان و لێکترازانی زیاتری ئەم چەپە بووە لە یەکتر.
٣. ئەم چەپە، چەپێکی کەم خوێندەوارو (بەداوای لێبووردنەوە) تا رادەیەکی زۆریش دواکەوتووە. هێشتا ئەم چەپە لە بنەما فیکری وفەلسەفییەکانی خۆی تێنەگەیشتووە و لێی نازانێت. ئەوەشی کە ئەو پێیوایە مارکسیزمە، بەس تێگەیشتن و لێکدانەوەی خەڵکانی ترە لە مارکسیزم و ئەم چەپە بەبێ چاوێکی رەخنەگرانە دەقاودەق وەری گرتووە. بە زۆری بنەما سەرکییەکانی فیکری ئەم چەپە، کاتی خۆی لە خوێندنەوەی وەرگێراوە فارسییەکانی "حیزبی تودەی ئێران" و دواتریش لێکدانەوە و تێڕوانینی رێبەرانی "سەهەند" و "یەکیەتی خەباتکارانی کۆمۆنیست" لە مارکسیزمەوە سەرچاوەی گرتووە.
٤. مارکس ئەڵێت، کولتورو فەرهەنگی چینی دەسەڵاتدار، کولتورو فەرهەنگی زاڵی کۆمەڵگایە. ئەمەش ئەکرێت درێژ بکرێتەوە بۆ نەتەوەی بندەست و باڵادەست. واتە فیکرو کولتوری نەتەوەی باڵادەست لە وڵاتێکی فرەنەتەوە (لێرەدا ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان)، ئەبێتە کولتوری زاڵ ئەو کۆمەڵگایە. ئەمەش راست کێشەیەکی دیکەی ئەم چەپەیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان. بۆیە چەپی کورد هەتا ئێستاش نەیتوانیوە و نەیوێراوە سەربەخۆ لە چەپی ئێرانی، خاوەنی گوتاری خۆی بێت. هەموو کات چەپی ئێرانی لە خۆی پێ ژیرتر و تێگەیشتووتر و زیاتر بووە و بووەتە شوێنکەوتووی بەرەیەک لەم چەپە. ئەمەش کاریگەری نیگاتیڤی لەسەر زۆر پرسی رۆژو سەرەکی داناوە لەوانە بەتایبەت هەڵوێستی لاوازی ئەم چەپە سەبارەت بە پرسی کورد و خەباتی نەتەوایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
٥. بەڕۆژنەبوونی چەپ بە گشتی و چەپی کورد بە تایبەتی
کاتی خۆی، خاڵی بەهێزی مارکسیزم، لە پێشەوەبوون و بەڕۆژن بوونی ئەم رێچکە فیکرییە بوو. مارکس و ئینگێلس بۆ سەلماندنی بۆچوونەکانی خۆیان پشتیان بە زانستی وەک بیرکاری، کیمیا و فیزیکی سەردەم ئەبەست. بۆیە مارکسیزم وەکو بیرێکی زانستی هەتا ئێستا ماوەتەوە. بەڵام چەپی ئێستا و چەپی کورد بە تایبەتی، تێگەیشتنێکی دوگم و نازانستییانەیان لە مارکسیزم هەیە. ئەمانە مارکسیزم نەوەک میتودێکی زانستی بۆ ناسینی کۆمەڵگا و هەوڵ بۆ گۆڕانی، بەڵکو وەک ئایین و رێچکەیەی دینی بە کۆمەڵێک یاسا و رێسای وەستاوو نەگۆر، چاو لێ ئەکەن.
کاتێک کە مارکس لە ژیاندا بوو، تەنا ٦٢ یا ٦٣ "پێکهاتەی کیمیایی" (Chemical elements) هەبوو، بەڵام ئێستا و دوای ١٥٠ ساڵ، ١١٨ "پێکهاتەی کیمیایی" هەن. نە ماکس پلانک "فیزیکی کوانتۆم"ی داڕشتبوو و نە ئاینشتاین "تیوری رێژەیی". نە کێشەی ژینگە ببووە کێشەو پرسی گشتی و نە باسێک لە شۆڕشی دیجیتاڵی لە ئارادا بوو. کەواتە ئەگەر ئەوەندە زانست و تێکنۆلۆژیا ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتەوە و ئەم چەپە بێئاگایە لە کاریگەرییەکانی ئەم ئاڵوگۆڕانە لەسەر کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی، چۆن ئەتوانێت وڵامدەری کێشەکانی مرۆڤی ئەمڕۆیی بێت؟
٦. نوستالژی چەپی کورد
نوستاڵژی و ئاخ و ئۆف هەڵکێشان بۆ رابوردوو، بووەتە لەمپەرێکی گەورەی دیکە بۆ چەپی کورد. ئەوەندەی چەپی کورد بیر لە رابوردوو کە چەی کردووە و چۆن بووە، ئەوەندە لەسەر داهاتوو تێنەفکراوە، نەیوتووە و نەینووسیوە. ئەوەندە کە بە خۆیدا هەڵوتووە و باسی لە شانازییەکانی رابوردووی کردووە، ئەوەندە باسی لەوەی کە ئێستا چی هەیە و چی ئەکات و پلانی بۆ داهاتوو چییە، نەکردووە. هەربۆیەش نەیتوانیوە لە پێشەوەی رووداوەکان بێت بەڵکو رووداوەکان ئەویان لەدوای خۆی پەلکێش کردووە. ئەنجامەکەشی بووەتە ئەوەی کە ئەم چەپە چاوەڕوان، دەستەوەستان، ڕاڕا، دوودڵ و لە لێکدانەوەی رەوتی رووداوەکان لاواز بێت. بەڵام لە بەرانبەردا، هیچ کێشەیەکی لەگەڵ رابوردوو نییە چونکە ئەنجامەکەی لەمێژە بۆ هەمووان روونە و پێویست بەبیرکردنەوە ناکات. بۆیە بەهەڵە، رابوردووەکەی خۆی پەرەستش ئەکات و لای پیرۆز ئەبێت و تەنانەت بەرگەی رەخنەگرتنێکی دۆستانەش لەو رابوردووە ناگرێت. زوو هەڵئەچێت و هەرچەشنە رەخنەگرتنێک یا پێداچوونە لەو رابوردووەش بە کارێکی دوژمنکارانە لێک ئەداتەوە.