بۆچی  دار و درەخت بۆ ژیان و ژینگە هێندە بایەخدارن؟

فازیل شەوڕۆ
  2024-07-04     300

لە وەتەی چاوم کردووەتەوە، دار و درەختەکانی دەوروبەرم بە چەند شێواز و ڕووخسار و سیما و دیمەنێک دێنە بەرچاوم؛ هێندێکیان بە قەد پەلە هەورێکی ڕەنگ سەوز، باڵیان بەسەر زەویدا شۆڕکردووەتەوە و خێوەتی گەورەی خۆیان لێ هەڵداوە و لەدووڕا دیارن. هێندێکیان وەک شۆخێکی باڵابەرزی قەد شەمشاد دەبینم، کە سەریان بۆ تۆقەڵەی ئاسمان هەڵبڕیوە و هەرگیز دەعییەیان نایە جارێ تەماشای بەر پێی خۆیان بکەن. هەیانە پتر لە چل دەستییان هەیە و هەر دەستێکیان بۆ لایەک درێژکردوە و نە مشتیان بە کەس پڕ دەبێ، نە ئەوانیش مشتی خۆیان بۆ کەس دەکەنەوە. زۆریان لە شەوگەرد دەچن، نەک هەر لە وەرزەکاندا، بگرە لە شەو و ڕۆژیشدا ڕەنگ و ڕوخساری خۆیان دەگۆڕن، هەر دەڵێی کچە نمایشکەرەکانی پۆشاکن، هەر وەرزێ ڕەنگێ دەپۆشن و پێشیان عەیب نییە، بە بەرچاوی خەڵکەوە خۆیان ڕووت و قووت بکەنەوە؛ هەشیانە، بە درێژایی ساڵ، یەک پۆشاکی سادە دەپۆشن و سۆفی ئاسا، تا نەچنە سەر تاتەشۆر، ئامادە نین پۆشاکی کەسکیان  لەبەرخۆیان داکەنن.

جا کە لە گۆرانی و حەیران و لاوکدا، ناوی دار و درەختم دەهاتە بەر گوێ، یان لە  دەقە فۆلکلۆری و شیعرەکاندا دەمخوێندنەوە، هەر شێوەی دارلوڕکە چوار مەتر بەرزەکەی حەوشی خۆمان و دارتووە گەورەکەی خانەقایەم دەهاتنە بەرچاو – ئەو دارتووەی  شەوێ برووسکە لێدا و سووتاندنی.

بەڵام، کە سەرم بە فەرهەنگی دار و درەخت داگرت و کەوتمە گەڕان و  سووڕان بە ناو دارستان و جەنگەڵ و بێشەڵانەکانیدا، نەک تێکڕای بیربۆچوون و تێڕامانەکانم، بۆ ئەو بونەوەرە پیرۆزە گۆڕا، بگرە بە قەد باوان و خۆشەویستەکەم، خۆشمویستن تا ئەو ڕادەیەیی ترسم لێ نیشتبوو،  لە دینم دەرکەن و بکەومە پەرستنی ئەوان. پاش عەیامێ،  درکم بەو کرد و تێگەیشتم کە دار و درەخت، واتا "سێبەری خودای بەخشندە و میهرەبان لەسەر زەوی."

ئەگەر پووختەی پێناسەی "ژیان و ژینگە" لە دار و درەختدا چڕکەینەوە، پێناسەکەمان منداڵانە نییە، خۆ ڕەنگبێ گەر بڵێین:"دار و درەخت خودی گەردوونە؛ نەک هەر زەوییەکەی ئێمە، بگرە  گەردوونیش بەبێ ئەوان دەچیتە نێو دەریای عەدەم، هەر ڕاستی دەبێژین". با قوولتر ڕووبچم بە ناخی مەزنایەتیی دار و دەرخت و  بڵێم:"نەک بە لەناوچوو  دار و درەخت، ژیان لەباردەچێت، بەڵکوو بە قڕکردنی هێندی میروولە و پێشوولە کە لەسەر یان لە ناو ئەواندا دەژین، ئەوا ژیان و بوونی ئێمە مەحف دەبنەوە."

کاتیک، لە ئەفسانەی نەتەوەکان ورد دەبیتەوە، قەناعەتت دێ، کە لە گەمژەییان نەبووە، دار و درەختیان پەرستووە. بە درێژایی مێژوو، لە هەموو گۆشەیەکی ئەم جیهانەدا، مرۆڤ، دار و درەختی وەک بوونەوەرێکی پیرۆز ناسیووە.

لەوەتەی مرۆڤ چاوی کردووەتەوە، لەو بوونەوەرە مەزنە تێدەفکرێت و لە خەیاڵدانی خۆیدا لێکدانەوەی بۆ دەکات: ئەو هێز و برستە بێسنوورەی کە هەیانە بۆ ڕاوەستان لەسەر پێی و پێشمەرگانە سینەیان بدەنە بەر ڕەشەبا و زریان و گەرداو و لافاو و بەفر و باران. .. و نەشکەونە سەر زەوی. ئەو ڕگە قوول و درێژ و پەڕش و بڵاوی بەناو سینگی زەویدا بڵاویان کردووەتەوە و چەنگیان لە زەوی گرتووە و ماندوو نابن و پەنجەکانیان شل نابن.  ئەدی قەد و باڵا خۆڕاگر و جوانەکانیان، کە بە قەد ئاسمان ئەستێرەی گەڵایان لە باوەش گرتووە و هەمووشیان تێر دەکەن و ناهێلن برسی یان تینوو بن.  خۆ سەما و لەنجە و ناز و عیشوەی گەڵا و چل و پۆپە نازدارەکانیان و ورشە ورش و دەفزەنینیان، لە بە جۆشترین کۆنسێرتی ساز و سەنتور و بزق و شەمشال خۆشترە، ئاوازی تەیر و توار و دەنگی ئەو  بوونەوەرانەی، ئەو دار و درەختانە لە ئامێزیان گرتوون، ئەوا بە زمانی نۆتەی مۆزیکیش نانووسرێنەوە. زمانناسان، چرپەی سرووە و شنەی شەماڵ و گفەی با، بە زمانی دار و درەخت ناوزەند دەکەن. لە باسی تەمەنی نوحیشدا، دەبێ تەمەنی دار و درەخت بکرێتە  پێوەر و نموونە. دار و درەخت فریشتەی نوورانین، هەرچی سڕر و نهێنیی ئەم گەردوونە هەیە، لە سینەی ئەواندا شاردراوەتەوە.

لە بەرەبانی میژووەوە، مرۆڤ دار و درەختی وەک بوونەرە  ناسیوە: تۆ یان شەتڵ و نەمامیان لە خاکدا  پێدەگەن و گەورە دەبن و گەڵا دەردەکەن و دێنە بەرهەم و پاشان دەمرن و دەبنەوە بە خاک و خۆڵ. پتر لە مەیەش، ئەوان پێیان وابووە دار و درەخت، مرۆڤئاسا، گیانی هەیە؛ هەست بە ژان و ئازار دەکات، ئەوە نییە کە جەستەی بریندار دەکەی خوێنی لێ دێ. ئەوان خاوەن وزەیەکی ئەلەکتریکی بەهێزن، هەر کە دەچیتە نێو دارستانێک، هەست بە تەزووی ئەو وزەیە دەکەیت و ئیمڕۆ تەکنەلۆژیا ئامێری پێوانی وزەی دار و درەختی داهێناوە. ئەدی بۆ زۆربەی ڕەزەوان و باخچەوان و لیرەوانەکان، کە دەیانەوی بخەون، حەز دەکەم کۆلکەدارێک بخەنە ژێر سەریان؟ هەیانە دەڵێن، سەر نەنێینە سەر دار و درەختێ هەست بە ئارامیی ناکەین.

ئێستا، با بڵێین ئەگەر حکوومەت بۆ هەر گوندێکی کوردستان دکتۆرێک و دەرمانخانەیەک بنێرێ، دەبێ گوندنیشیان چەندە دڵخۆش و سوپاسگوزاربن، لە کاتێکدا زانستییانە سەلمێندراوە، هەر درەختێک بۆ خۆی، لە هەر شوێنێک بێ، دکتۆرێک و دەرمانخانەیەکە بۆ ئەو شوێنە. لە نێوان ساڵانی 1900 – 2000 پێشوولەیەک لە ناوەندی ڕۆژاوای ئەمریکا بووە باعیزی لە ناوچوونی دار و درەختێکی زۆر لەو دەڤەرەدا، بینیان لەو ماوەیەدا نزیکەی 700 هەزار کەسی ئەوێ، تووشی کێشەکانی تەنگەنەفەسی و هەناسەدان بوون و 850 کەسیشیان هەر لێ مرد. دواتر زانییان کە بە لەناوچوونی درەختەکان، ڕێژەی نەخۆشییەکان لەو دەڤەرەدا هەڵكشاوە. لە توێژینەوەیەکی زانستیدا کە نزیکەی 20 ساڵی خایاند، دەرکەوت، نەک هەر ئەو کەسانەی لە نێو ڕەز و باخ و دارستان دەژین یان پیاسەدەکەن، بەڵکوو ئەو ماڵانەی پەنجەریان دەڕوانێتە ڕەز و باخ و دارستان و گوڵستان، تەندرووستتر و تەمەن درێژترن.

بیرۆکەی ئایین و فەلسەفەی پێکەوە گرێدانی ژیان و دار و درەخت، زۆر دێرینە، لە کتێبە ئاسمانییەکانیش، ئاماژەکان زۆرن. میسرییە دێرینەکان درەختیان کردبووە ڕەمزی خەلقبوون و زیندووبوونەوە. ئەفسانەکانیان، وەک هی زۆر نەتەوەی دیکە،  سەرەڕێژە لەو بیرۆکەیە.

لە وردبوونەوە لە بازنەی ژیانی دار و درەختدا، نهێنییەکی سەرسوڕهێنەر ئاماژەی پێداروە، کە دەڵێ، مرۆڤ و هەموو بوونەوەرکان لە ژیانیاندا هەڵە دەکەن، بەڵام دار و درەخت هەرگیز هەڵە ناکات و نەتوانراوە بچووکترین کەموکووڕی و کەمایەسی لەواندا بدۆزرێتەوە.  

لە ئەفسانەکاندا، دەگوترێ، جار بووە، لە بێ ئاویدا، جەنگاوەرەکان، خوێنی ئەسپەکانی خۆیان خواردووەتەوە تا لە تێنان نەخنکێن. ئەمە کتومت بۆ دار و درەخت دروستە. لە وەرزی پاییزدا، زۆربەی دار و درەختەکان، هەرچی گەڵا هەیە لە خۆیانی دەکەنەوە، تا بڕژێنە بەرپێیان و پاشان ببنە خواردن و پەین بۆ ژیانەوەیان و بەهێز بوونیان بۆ بەهاری ئایندە، تا دیسان دەست بکەنەوە بە درووست کردنی گەلای نوێ و بەخشینی بەرهەمی تازە و زیندووبوونەوەیان. بۆیە درەخت گوتویەتی:" گەڵاکانم کە بەردەبنەوە، بە ڕەقس و سەما کردن، بەرو زەوی دەچن و ماچی دەکەن، چونکە دەزانن، ئەوان تەمەنی من نوێدەکەنەوە و دیسان ڕۆحم پێ دەبەخشنەوە، منیش وەک وەفادارێک، جارێکی دێ لەباوەشیان دەگرمەوە."

ئەوەتا، ئێڵی "سینگۆی" لە مالیزیا، خۆیان بە وەچەی دار و درەخت دادەنێن و ڕەچەڵەکی هەر خانەوادەیەک دەچێتەوە سەر درەختێک. ئەوان دەڵێن لە تۆی هەر درەختێکدا، منداڵێکی وان لە دایک دەبێ،. درەختێش بەو چاوە تەماشا دەکەن سێ جیهانی هەیە: ڕەگی، جیهانی ژێرەوەیە؛ قەدی، جیهانی سەر زەوییە، چڵ و پۆپ و گەڵاکانیشی بەرەو بەهەشتی ئاسمان هەڵدەکشێن.

هەرچی خێڵی "مەیان"ە، دەڵێن:"گیانی ئێمە لە گوڵێکی سپییەوە خەلق بووە، دارەکەی پێی دەگوترێت " سیبا"ی پیرۆز. گیانی مردووەکانیشمان دەچیتە نێو ڕەگی ئەم درەختەوە پاشان دەبێتەوە گەڵا و بەر و تۆ... .

لە ئیعتیقادی  دێرینی ئەڵمانەکاندا هاتووە:"مرۆڤ لە درەختەوە خەلق بووە، بۆیە زۆر پێکهاتەیان وێکدەدەچی."

سوێدییەکانیذش، وەک چۆن ئێمە چاوزار، بۆ دوورخستەوە چاوی پیس و بەدوو، هەڵدەواسین، ئەوان درەختێک لە مال دەڕوێنن و پەروەردە دەکەن پێی دەڵێن" واردنیز"، گۆیا ئەو درەختە ماڵەکەیان لە هەموو خراپەییەک  و خراپەکارییەک دەپارێزێت.

لە فۆلکلۆری ئێرلەندی و ئینگلیزیدا، لە هەر شوێنێک سێ جۆر دار کە پێیان دەڵین: خۆڵەمێش و بەڕوو و  هاوسۆن پێکەوە گەشەیان کردبێت، ئەوا ئەو شوێنە دەپارێزرێت لە خراپەکاران. ئەوان وەک چاوزاری لای خۆمان تەماشای ئەودارە دەکەن و دەڵێن  گەر ژن بە شەونمی گوڵی داری هاوسۆرن دەموچاوی خۆی بشوات جوان دەبێ و پیاویش ژییر و بلیمەت.

بوداییەکانیش  بە چاوی ڕێزەوە تەماشای  درەختی بۆدی دەکەن – کە  جۆرێکە لە دار هەنجیر و گەڵاکانی لە شێوەی دڵە. دەڵێن بودای پیامبەریان، 49 ڕۆژ لە ژیر دار "بوودی" دا چووەتە خەڵوەتەوە و لە 49 یەمین ڕۆژ، نوێژی شوکرانەبژێریی بۆ ئەو درەختە کردوە کە سێبەری خۆی پێبەخشیوە. جێنەزەرگەی ئەو دارە، گۆیا دوایین خاڵ دەبێ کە ڕۆژی پەسڵان وێران دەبێ و یەکەمین شوێنیش دەبێ، کە خالقی جیهانەکەی دی، لە نوێ خەلقی دەکاتەوە... .

هیچ بوونەرەرێکیش نییە تەمەنی بگاتە تەمەنی دار و درەەخت، هەندێکیان تەمەنیان دەگاتە چەند هەزار ساڵ. دارەکان نزیکەی ٣٧٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر پەرەیان سەندووە.

ژمارەی دارەکان لە جیهاندا، بەپێی خەمڵاندنێکی ساڵی 2015، 3 ترلیۆن و 4 ملیار دارە دەبێ.

 لەم ژماژمارەیە (46%)ی  لە ناوچە گەرمەکان یان ژێر گەرمەکانن؛ لە  (20%)ی  لە ناوچە مامناوەندەکان، و لە  (24%) لە باقی شوێنەکانی سەر زەوین.

ڕووبەری  دارستانەکان  لە جیهاندا بە 400   هەزار پارچە زەوی  دەخەملێندرێت. جێگەی داخە کە ساڵانە نزیکەی ١٥ ملیار دار دەبڕدرێتەوە،  بەڵام   نزیکەی ٥ ملیار نەمامێک  دەچێنرێت. لە ماوەی ١٢ هەزار ساڵدا، لە سەرەتای دەستپێکردنی کشتوکاڵی مرۆڤەوە، ژمارەی دارەکان لە سەرانسەری جیهاندا، بە ڕێژەی   (46%) کەمی کردوە.

  تا ئێستا ناوی نزیکەی   64 هەزار  جۆری درەختی ناسراوە لە جیهاندا و تۆمارکراوە. پشکی شێرێش کەوتووەتە ئەمەریکا.

لات سەیر نەبێ، گەر بڵێین درەختەکان، وەک مرۆڤ،  سۆز و هەستیان هەیە، بەڵگەی زانستیی سەلمەناندوویەتی، کە ئەوان دەزانن درەختێکی درواسێیان لاواز و بێهێز دەبێ و توانای بەخێوکردنی خۆی نییە، دەچن ڕگەکانی خۆیان  ژێر زەوی کە لێیان نزیکن، لە ڕگەکەی دەئاڵێنن و خواردن و ئاوی خۆیانی پێدەدەن تا نەمرێت.

نامانەوی قسە لە ڕۆڵی دار و درەخت بکەین لە پارێزگاریکردن لە زەوی و خۆشکردنی کەشوهەوا. دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگەهەواوە لادەبەن و بڕێکی زۆر کاربۆن لە شانەکانیاندا هەڵدەگرن.

خۆتان دەزانن، دار و دارستانەکان ماڵی زۆربەی باڵندە و گیاندارانن.  سایە و سێبەریان  و شوێنی حەوانەوە و سەیرانگا و کارکردنن. خۆ ئەوان نەبن، نە ئێمە نە هیچ گیاندارێک، خواردنی دەست نادەکەوێ لە مێشوولەیەکەوە بگرە تا فیل و نەهەنگی دەریا. ئەو هەموو میوە و سەوزە و بەربوومەی ڕۆژانە میوەفرۆشەکان، بە درێژایی وەرزەکانی ساڵ نمایشی دەکەن، بەرهەمی ئەوانن.

ئەوا سوود و قازانجی دارو درەخت لە پیشەسازی و سنعەت و بیناسازیدا هەر باس ناکرێ. تەنانەت دولکەڵی دارە سووتاوەکانی سوودیان زۆرە بۆ گەردوون.

هەیە وائەزانێ ڕەگی دار و درەخت، هەر خواردن لە زەوی وەردەگرێ و دارەکان بە پێوە ڕادەگرن، لە کاتێکدا ڕەگەکان ماڵ و گەوەڕی سەدان جۆرە بوونەوەری ورد وردن. شانەی کۆکردنەوە و هەڵگرتنی وزەن لە ناخی زەویدا. ڕۆڵی ماسوولکە دەبینن لە بەستەوەی خاک و خۆڵی زەوی و ناهێڵن هەڵتەکێ و ببێتە گەرد و تۆز. لەوێدا تۆی هێندێ لە درەختەکان هەڵدەگیرێن و لە نوێ دەڕوێنەوە. ئەو ڕەگانە بەرهەمهێمەر و پارێزەری چەندان توخمی سەرەکین لە هەوا و لە زەویدا، ئەوا ڕەکی درەختەکانە کە بەرگری دەداتە دارەکان و ناهێڵی تووشی نەخۆشی بن. ئەوا جگە لەوەی کە ڕەگی دار، ئاو هەڵدەمژێ و هەمیشە زەوی بە شێداری دەهێڵێتەوە، بەوەش ڕێگر دەبێ لە گەرمبوونی توێکڵی سەرەوەی قۆزاغەی زەوی.

دار و درەخت، وەک مرۆڤ، بەرگری لە ژیانی خۆیان دەکەن، ئەو بەرگەی دەوری قەدی دارەکانی داوە، ڕۆڵی پێست جەستەی مرۆڤ دەبینێت، هەیان دژە بەکتریا  و کەڕوو و مێشوولەی کووشندەن، هەیان دژە نەخۆشین، هەیانە دەژە ئاگرن، یان بۆنی ناخۆشیان هەیە تا گیاندارە ڕووەکخۆرەکان لێیان دووبکەونەوە.

دەزانیین هەموو ئەوانەی لە نەخۆشانەکان و ژووری نشتەرگەری کاردەکەن، هەمیش پۆشاکەکانیان، سەوزە، چونکە زانستی ئەزمووندار سەلماندوویەتی، ڕەنگی کەسک بەرگریی نەخۆشی و میکرووبەکان دەکات وناهێڵی گەشە بکەن. ئەوە لەبەر ئەو هۆیەیە، خودا، ڕەنگی سەوزی بەخشێوە بە گەڵای دار  و دەرخت و گیا و گۆڵ، تا زەوی و ئاو و هەواکەمان پاک و پارێزراو بێ، خاڵێ بێ لە نەخۆشی و بوونەوەرە میکرۆسکۆبییەکانی نەخۆشی هەلدەگرن.

ئێمە هەر چۆلەکە و ڕیشۆلە و کۆترەباریکە و شالۆر و حاجی لەقلەق و قەڵەڕەش و بنزگزەرد و فندەگولە... لە ناو دار و درەختەکان بە چاو دەبینین، نازانین پتر لە دوو هەزار جۆر لە بوونەوەرە وردەکانی بە چاو نابینرێن، ماڵیان لە ناو دار و درەختەکانە. تەنها  لەسەر دار بەڕوو نزیکەی 284 جۆر مێروولە و پێشوولە و وردە بوونەوەر دەژین.

جگە لەوی دارەکان سەرچاوەی خەڵۆز و ئاگرن بۆ ژیانی ڕۆژانەی ئێمە، زۆری ئەو نەوت و گازەی لەناو زگی زەویدایە، خوێنی دار و درەختە، بە ملیۆنان ساڵ بووەوتە ئەو نەوت و گازەی ڕۆژانە بەکاری دەهێنین.

ئەوان نەک هەر سەرچاوەی هەنگوین و گەزۆ و شەکر و شیریینین بۆ ئێمە، سەرچاوەی ئیلهام و تێڕامان و داهێنانیش بۆ هونەرمەند و شێوەکار و پەیکەرتاش و  شاعیر و ئەدیب و مۆزێکژەن و گۆڕانبیبێژان... . کەرەستەی خاوی دەیان پیشە، لە جیهاندا دار و درەختە.

بە دەیان جۆرە داودەرمان، ئیمڕۆ سەرچاوەکەی دار و دەرخت و گژ و گیایە بە هەموو جۆرەکانیانەوە. ئیمڕۆ دار و درەخت هەیە تەنها بۆ دەرمان، نەک بۆ خواردنی بەرکەی، دەچیندرێت و پەروردە دەکریت. ئەسپرین و دژە شێرپەنجە لە ڕوەک وەردەگیڕێن، وەک نموونە.

خۆ لە پیشەسازی گەشتیاریدا، خۆشترین هەوارگە، ناو دارستان و چەنگەڵەکانە، کە بەداخەوە نزیکەی 8 هەزار جۆرە دار و درەخت ئێستا مەترسی لەناوچۆنیان لەسەرە، گەر ئەقڵمەندانە نەیانپارێزین.

{دەستنووسی کتێبی "دارە ناودارەکانی کوردستان"}

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×