کارگەی تووانەوەی کوڕ و کچە هەژارەکان

فازیل شەوڕۆ
  2024-05-17     397

لە هەرزەییەوە، حەزم کردوە، بچمە نێو چین و توێژە هەژارە و ڕەش و ڕووت و بێدەرەتانەکان و لەگەڵیان دانیشم، لە قۆناغی دووی زانکۆ بووم لە بەغدا، کە ڕۆژێک لە ماڵی خزمێکمدا - کە پۆلیسێکی پلەداری نەجدە بوو لەوێ، باسی ئەوم بۆ کرد، چوومەتە چایخانەیەکی میللی لە فڵان گەڕەک و چاییەکم لێ خواردووەتەوە، ئەو خزمەم، هەستا سەر پێ و شێت و هار بوو، کە چۆن من چوومەتە ئەو جۆرە شوێنە. چونکە ئەو لە هەرچی کون و قوژبنێکی بەغدا هەیە  شارەزا بوو و نهێنییەکانی گەڕەک و گوڕەپانەکانی ئەوێی دەزانی، گوتی: "ئەم شوێنەی جەنابت چوویت و لێی دانیشتوویت، تاکە چایخانەی ئاڵوودەبووانی ماددەی هۆشبەرە  لە هەموو بەغدا و لە ژێر چاودێری چڕدایە. تۆ دەزانی ئەوەی بازرگانی بەو ماددە بکات، یان بیگوازێتەوە یان هاسانکاری بۆ بکات، یان  بەکاربەری بێ، بێ سێ و دوو، یەکسەر سزاکەی سێدارەیە؟ کێ دەڵێ ئێستا تۆیش چاودێریت لەسەر دانەندراوە  و پێنازانی... ."

خاڵە "نادر"م زەندەقی بردم.... .

جا بە خەونی شەوانیش نەمدەزانی کە دوای 37، من بابەتێک دەربارەی ئەو ئافاتە کووشندەیە دەنووسم؛ ئەوە بوو لە 2009، وەک یەکەم نووسەری کورد، لە گۆڤاری "ژیار"ی پەروەردەییدا بە 3 زنجیرە و لە 3 ژمارەی نەپساوەدا، بابەتێک بڵاوکردەوە لە ژێر ناونیشانی" لافاوێکی بێئامان بەرەو ئێرە بەڕێوەیە، ئاگادار بن.". ڕاستە، کەس کەس بە هاوارمەوە نەهات و سەلکە توورێکیان بە بابەتەکەم نەدا ، بەڵام ئەو کاتەیش، بە خەون و خەیاڵیش، لەو باوەڕەدا نەبوو، ڕۆژێ لە ڕۆژان، کار بگاتە ئەوەی،  ببینە خاوەن گەورەترین گارکەی وەبەرهێنانی حەبی هۆشبەر لە دەڤەرەکەدا.

مێژووی بەکار هێنانی ئەو حەبە نەفرەتییە "کبتاکۆن"، شەستەکانی سەدەی ڕابردووە کە وەک چارەسەرییەک  دەدرا بەوانەی بە دەست  خەمووکی یان دژەخەوەوە دەیان ناڵاند، لە هەشتاکان کڕین و فرۆشتنی لە جیهاندا قەدەغە کرا. بەڵام، دوای سەرهەڵدانی  ئەوەی پێدەگوترا  "بەهاری عەرەبی" لە سوریا، بەکارهێنانی ئەو حەبە دیسان ڕەواجی پەیدا کردوە، بە تایبەتی داعشەکان دەیان خوارد، گۆیا هێز و ورە و نەشوە و خۆشییان دەداتێ. دوای کزبوونی هێزی چەکداریی ئەو گرووپەش، ئەو حەبە لە نێو خەڵکانی بێکاردا بڵاو بۆە و بازاڕی گەرم بوو، تا کار گەیشتە ئەوەی کە دەوڵەتی سوریا هەم بۆ هاوڵاتییەکانی خۆی هەم بۆ بازاڕەکانی ناوچەکە و جیهان، کارگە و فابریقان دابمەزرێنت و ئەوەتا  سوریا یەکەمین دەوڵەتە لە جیهان لە زۆری وەبەرهێنانی هەموو جۆرە ماددەهۆشبەرەکان.

 بە گوێرەی دواین ڕاپۆرەتی گۆڤاری Foreign Affairs، لە 12 نیسانی ئەمساڵدا؛ 3 بنەما، بە گشتی،  ڕێخۆشکەرن بۆ ڕەواجی ماددەی هۆشبەر: بیکاریی گەنجان،  بەڕەلایی و ئاشووبە و شەڕ و شۆر، لاوازی دەسەڵاتداریی و بێ یاسایی.

جا ئەم 3 بنەمایە، زەوییەکی بە پیت و بەرەکەت بوو بۆ گەشەسەندی ئەو بازرگانییە لە سوریا، با ئەو خاڵەشی بۆ زیاد کەین، لە 2011 ەوە، ڕژێمی سوریا گەمارۆیەکی ئابووریی جیهانی خنکێنەری بەسەردا سەپاوە و بە ئاستەم هەناسەی بژێوی لەبەر ماوە، جا دەسەڵاتداران، ئەمەیان قۆزتەوە بۆ وەدەستهێنانی سەرمایە و بوجەیەکی  زەبەلاح. هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئەو گۆڤارە، پێرار، دەستکەوتی حکوومەتی سووریا نزیکەی 6 ملیار دۆلار بووە لە بازرگانی کردنی ماددەی هۆشبەر. بۆیە ئەمریکا و ئەورۆپا ڕاستەوخۆ، چەندان سزایان بەسەر: سامر و وەسیمی دوو کووڕە خاڵی بەشار ئەسەد دا بڕیەوە.

سەرەتا بەرهەمەکانی سوریا بۆ تورکیا و لوبنان دەچوو، جا کاتێک بیروت و بەغدا، بە تەواوەتی کەوتنە ژێر ڕکیفی ئێرانی دۆستی نزیکی سوریا، ئەوا ماددەی هۆشبەر وەک نوقڵ و چوکلێت و نیسک و نۆک، ئازادانە، رۆژانە بە بار هەناردە دەکرێن. ئێستا عیراق و لوبنان بوون بە کانگای دابەشکردنی ئەو ئافاتە بۆ وڵاتانی کەنداو و ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ئەورپا. هەر بە گوتەی ئەو گۆڤارە، پارەکە، سعوودیە لەیەک شاڵاودا بای یەک ملیار دۆلاری، لەو ماددانە دەست بەسەر داگرتووە.

لە کەنداو، بەو حەبە دەڵێن "دەرمانی هەژاران"، گوایا کرێکار و پاڵە و حەماڵ و شۆفێرەکانی، بەبێ ئەو حەبە، لەبەر ئەو کەش و هەوا گەرم و تۆزاوی و خنکێنەرە ئیدارە ناکەن.

من کە لە 2009 بابەتەکانم لە گۆڤاری ژیار بڵاوکردەوە، لە سەرچاوەی باوەڕ پێکراو، زانیاریم دەست کەوتبوو، کە کچان و کۆرانی ئامادەییەکان لە نەجەف و کەربەلا، وەکو بنێشت و جگەر، زۆر بە ئاسایی، ئەو ماددانە دەکێشن و بەکاردەهێنن.

کاتێک تاوانەکانی بەکاربەرانی ئەو ماددانە، ڕۆژ بەڕۆژ لە هەڵکشان دابوو، درەنگ وەختێک، حکوومەتی عیراق بەهۆشهاتەوە و کەوتە ڕاودونانی بازرگان و بەکاربەرانی. ئەوان وایان دەزانی، هەر  ئێران و سوریا ئەو خێرو بەرەکەتەیان  بۆ هەناردە دەکەن، تا لە 16 تەمووزی پار، پۆلیسی "موسەنا" ئاشکرای کرد، کە توانیویانە دەست بەسەر کارگەیەک، لەو دەڤەرە، دابگرن کە پیشەسازیی ماددەی هۆشبەر دەکا. پێشتریش کەسێکیان گرتبوو، وەستای درووستکردنی کریستاڵی هۆشبەر بوو.  بەوە زانیان ئەو ملیونان دەنکە حەبەی لەو وڵاتەدا هەیە، بەرهەمی خۆماڵییە و کەمی هاوردە دەکرێ.

پۆلیس و پسپۆڕانی شارەزای ماددەی هۆشبەر و بازرگانییەکەی، دەڵێن، کە یەک کیلۆ ماددەی هۆشبەر لە شوێنێک دەستی بەسەر داگیرا، ئەوە ئاماژەیە کە 8 کیلۆ ماوە، دەستی بەسەردا نەگیراوە.

ئیستا ئەمریکا و ئەوروپا و خوارووی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، کێچیان کەوتووەتێ، کە دەبێ چیبکەن تا ڕێگری لەو بازاڕە هەرمێنەی سوریا بگرن، بە ڕووی وڵاتەکانی خۆیاندا. جا ترسەکەشیان لەوەدایە، چۆن هەر فڕۆکەیەکی جەنگی تازەبابەت کە  درووست دەکرێ، یەکسەر دژەفڕۆکەیەکی بۆ درووست دەکرێ، ئەوانیش هەر ڕێگەیەک بگرنە بەر بۆ بەربەستکردنی ئەو لافاو و گەرداوە، زوو بازرگانەکانی، دژە ڕێگەیەکی باشتر دەدۆزنەوە بۆ خۆیان.

ئێستا ترسێکی دیکەش لە ئارادایە، ئەوەیش ئەوەیە، وڵاتی مەکسێک، کە بە دایک و باوکی بازرگانیی ماددەی هۆشبەر دادەندرێت، وا دێ ماددەیەکی خراپتر و کاریگەرتر و هەرزانتر دابهێنی و درووست بکات و بڵاوی بکاتەوە. هەر بە قسەی گۆڤاری Foreign Affairs حەبی "ميثامفيتامين" دێ ببێتە ڕکابەری حەبی "کبتاکۆن" و بازاڕەکان داگیر بکات. گۆڤارەکە دەڵێ: ئیمڕۆ جگە لە سوریا هەریەک لە "حزبوڵڵا و کتائیبی حزبوڵڵا، و عصائیبی ئەهلی حەق، بازاڕی ماددەی هۆشبەریان گەرم کردوە و بای 20 ملیار دۆلار، دەستکەوتیان هەبووە لە ساڵی 2021.

لە کۆتا قسەم، ئەمە دەگێڕمەوە:

پارەکە، لە دیدارێکی دادوەر و دادناسان ئامادە بووم لە هۆتێکی کەشخەی هەولێر، باس و خواس لەسەر گرتووخانە و نەوجەوان و یاسا و دادپەروەری بوو. حاکمێک گوتی:' شتی سەیر و سەمەر لەو گرتووخانانەی ئێمە دا هەیە و هەموومانیش بێدەنگین: ژنێکی فلیپینی؟؟؟ گیراوە، لە پریاسکەیەکی بچووک، یەک و دوو کەوچک، "ماددەیەکی" پێبووە. وا دوو ساڵە ئەو ژنە لە بەندیخانە ڕاگیراوە و لێپێچینەوەی لەگەڵ نەکراوە. کەس نازانێ ئەو "ماددە"ی ئەو ژنە پێیەتی چییە؟ شتە خراپەکانە یان نا؟ کەسیش ئامادە نییە بێ پشکنین بۆ ئەو "ماددە" بکات کە هەر لەناو پریاسکەکە هەڵیگراوە." لێرە گوتەی حاکمەکە کۆتای هات... .

دەڵێم، ئەگەر سزای یەک دووو کەوچک لە "ماددەیەکی نەناسراو"، دوو ساڵ زیندانی بێ بەبێ پرسینەوە، ئەدی دەبێ سزای کارخانەی گەورەی وەبەرهێنانی ئەو ماددەیە چی بێ؟ کە ڕەنگە هەزاران هەزار کوڕ و کچی هەژار وەک بەفر بتوێنێتەوە. لە کاتێکدا هەر 3 بنەماکانی گەشەسەندنی  بازاڕی ماددەی هۆشبەر، تا ڕادەیەک، لەم دەڤەرەشدا بەرجەستن: بێکاریی گەنجان، بەڕەلای و ئاشوب و شەر وشۆر، لاوازی دەسەڵات و بێ یاسایی.

خودا ڕەحم کات... .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×