ســـووتانی قاهیـرە

فازیل شەوڕۆ
  2024-05-09     427

پشکنینە ئەرکۆلۆژییەکان دەریان خستووە نزیکەی دوو ملیۆن ساڵ دەبێ مرۆڤی Homo erectus ی باپیرە گەورەمان، بە لێکدانی بەرد و سووینەوەی داری وشک فیرە ئاگر کردنەوە بووە و 400 هەزار ساڵ دەبێ ئاگر بۆ چێشتلێنان و خۆگەرمکردنەوە بەکار هاتووە.

جا لەو ڕۆژگارەوە، ئاگرکەوتنەوە، بە درێژایی مێژوو هەبووە، لەگەڵ پێشکەوتنی زانست و دۆزینەوە و درووستکردنی ماددە و ئامرازی نوێی ئاگر کردنەوە، کێرڤی ئاگرکەوتنە لە جیهاندا، ساڵ دوای ساڵ لە هەڵکشاندایە.

بە گوێرەی ئامارەکان بێ، لە جیهاندا، لە ساڵی 2022، لە هەر 88 چرکەیەکدا خانووێک ئاگر گرتووە و لە هەر 53 خولەکێک کەسێک سووتاوە و لە هەر 3 دەمژمێریشدا سووتاوێک گیانی لەدەست داوە.

هێندێ ئاگری گەورە، لە مێژوودا، بەوە ناویان دەرکردوە کە بوونەتە هۆی گۆڕانکاریی گەورە لە کاتی خۆیاندا یان لە شار و دەڤەرەکانیاندا، وەک:

ئاگری ڕۆما، 64 پ. ز.

سووتانی کتێبخانەی ئەسکەندەریە، 283.

سووتانی لەندەن. 1666.

سووتانی نیویۆڕک، 1776.

ئاگری بۆستن، 1872.

سووتانی قاهیرە، 1952.

سووتانی کاتدراڵی نۆتردام، پاریس، 2019.

سووتانی قاهیرە، کە بە ڕۆژی شەممەی ڕەشیش ناسراوە، ئاگرکەوتنەوەیەکی مێژوویی بوو لە میسر، کە تاوەکو ئیمڕۆ، مشت و مڕی زۆری لەسەرە و نهێنییەکانی بە لێڵی و مەتەڵئامێزی ماونەتەوە.

لە 26ی کانوونی دووەمی 1952، لە دەوری دەمژمێری دوانزەو نیوی نیوەڕۆ، ئاگر لە ناوەڕاستی گەورەترین بازاڕی شاری قاهیرە کەوتەوە و بە خێرایی سەرتاپای دەڤەڕەکەی گرتەوە و تاوەکو نیوە شەو نەکوژایەوە.

گڕ و بڵێسەی ئەو ئاگرە بێئامانە 700 باڵەخانەی گەورەی لەو شارەدا کردە خۆڵەمێش و چەندان پاشماوەی شوێنەواری بەناوبانگی ئەو شارەی تواندەوە. 13 لە هۆتێلە هەر خۆش و کەشخەکان و 300 دوکانی بازرگانی و 73 چێشتخانە و بە دەیان کازینۆ و کافتریا و یانە و هۆڵی سینەما و بانک و مزگەوت و کلێسا لەسەر نەخشەی شارەکە کردە وێرانە.

دوای تێپەربوونی 72 ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوە، لە ڕۆژی ماتەمیندیدا، هەمیشە قسە و باسی نوێ دێتە ئاراوە، دەگوترێ کە ئاگرەکە بەدەستی ئەنقەست بووە و نەوت و بەنزین بەکار هاتووە. لەو ڕۆژەدا، پۆلیس و جندرمە لە شوێنی ئاگرەکە دوورکەوتوونەتەوە و خەڵکی دەست رەش و چەتە و لۆتی بە شێوەیەکی یەکجار چاوبرسییانە دەکەونە تاڵان و دزیکردن و شکاندنی دەرگا و پەنجەری کۆگا و شوێنە بازرگانییەکان و فەرهودیان دەکەن. ئەوەی ئەو خەڵکە ڕەوشت نزمە کردبووی زەرەو زیانی لە سووتانەکە کەمتر نەبوو. ناچار حکوومەت داوا لە سوپا دەکات کە کۆنتڕۆلی بارو دۆخەکە بکەن. هەموو دام و دەزگا و فەرمانگا و قوتابخانە و زانکۆکان دادەخرێن و قەدەغەی هاتووچۆ ڕادەگەێندرێ.

مستەفا نوحاس پاشا، کە ئەوکات سەرۆک وەزیرانی دەبێ، خۆی و حکوومەتیەکەی کە لە حزبی وەفد دەبێ، دەست لە کار دەکێشیتەوە، بەڵام ئەحمەد فوئادی دووەم، مەلیکی میسر سەرەتا قبوڵی ناکات بەڵام دوای ڕۆژێک ڕازی دەبێ و دووری دەخاتەوە.

دەگوترێ، لەو سەردەمەدا ڕکەبەرایەتیی لە نێوان "قەسر" و "وەفد" زۆر توند دەبێ، لە لایەک مەلیک هێزێک لە پاسەوانی تایبەتی دادەمەزرێنی بۆ لێدان لە دەست و پێوەندەکانی حیزبی وەفد و وەفدیش گروپێکی چەکداری بە ناوی کەتیبەکانی کراس شینەکان دادەمەزرێنی. جا هەر یەکێکیان ئەوەی دیکە بە سووتانی قاهیرە تاوانبار دەکرد.

لە لایەکی دیکە کۆمەڵی ئیخوانی هێزی چەکداری بە خۆیان هەبوو، ئەوا جگە لە تاقمی ئەفسەرانی ئازادیخوازی میسری.

لە ڕەوشێکی نادیار و تاریکدا، تەقە لە مستەفا نوحاس پاشا دەکرێت و دواتر لە نزیک ماڵەکەی ئۆتۆمبیلێک دەتەقێتەوە و ئەمین عوسمان، وەزیری دارایی، کە سەر بە حیزبی وەفد دەبێ تیرۆر دەکرێ. ئیخوانەکان چەند کەسێک تیرۆر دەکەن و حکوومەتیش حەسەن بەنای ڕابەری ئیخوانی بە دەست پۆلیس دەکوژێ. هەر گرووپێک نەیارەکەی خۆی بە نوێژی نیوەڕۆ لە سەر شەقام بەرداوەتەوە، شار ببووە گێرەشیوێنی و گۆڕەپانی تۆڵە سەندنەوە.

هێندێ سەرچاوە، دەڵێن ڕۆژی 25 کانوونی دووەم، کە جەژنی پۆلیسی میسری بوو، پۆلیس ویستوویانە یادی ئەو بۆنەیە بکەنەوە، هێزی بەریتانی لەوێ پۆلیسەکانی شاری ئیسماعیلییە چەک دەکات و ئاشووب و هەرا هەموو وڵات دەگرێتەوە. دەبێتە شەڕ و پێکدادان، تۆپ و تانک و فڕۆکەش دێنە مەیدان، تەنانەی ئاویش لەسەر شاری قاهیرە دەبڕنەوە .

جا لە ناو ئەو گەرەلاوژە و تەپۆ و تۆزی شەڕ و تیڕۆر و تەقە و کوشت و بڕینە، هەر گروپ و تاقم و حیزبێک، نەیارەکەی بە سووتاندنی قاهیرە تۆمەتبار دەکات.

بەڵام، سەرنجڕاکێشترین، لوغزی ئەو ئاگرکەوتنەوەی قاهیرە، ئەو ڕۆژە ئاشکرا بوو، کە ئیسرائیل، لە دۆسییە نهێنییەکانی خۆیدا، دوای نزیکەی 50 ساڵ، ددانی بەوەدا هێنا، کە دەزگای هەواڵگەریی جوو، دەستی هەبووە لە هەڵگیرساندنی ئەو ئاگرە و سووتاندنی قاهیرە. ئەم چیڕۆکەش بەم شێوەیە بووە:

جوو دەڵێ: لە ڕێی پیاوانی خۆی، توانیویانە ئاگر لە بازاڕی قاهیرە بەربدەن، ئەوان بەرنامەیەکی تایبەتیان لە ڕێی ئیستگەی ڕادیۆی ئۆرشەلیم بە زمانی عەرەبی پەخش دەکرد، بەرنامەکە بە ناوی " لک یا سیدتی"، کە تایبەت بوو بە کەیبانووی ماڵ و چێشتلێنان. جا بە ڕەمز و جەفەنگی ئەو وشانەی لەو بەرنامەیەدا پێشکيش کراوە، پیاوانی بەکرێگیراویان فێر کردوە چۆن ماددە سوتێنەرەکان پەیدا بکەن و درووست بکەن و چۆن و کەی و لەکوێ ئاگرەکە بکەنەوە و بازاڕەکە بسووتێنن.

کەواتە هەموو ئەوانەی تیرۆرکران و کوژران و لە سێدارە دران، دوور و نزیک، ئاگایان لە ئاگر کەوتنەوەەکە نەبووە، بێ سوچ و تاوان بوونە قوربانی. حکوومەتی میسر ئەو کات ژمارەیەک لە ئیخوانەکان بە و تۆمەتە لە سێدارە دەدا.

مێژوو شاهیدە، کە سووتانی بازاڕ، شار، دێ، کارگە و گێلگە و دارستان، هێندێ جار وەک چەکی فشار، لەسەر یان لە دژی هێزی نەیار بەکار هاتووە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×