هەتا قەزافی مابوو، دەیان جووڵە و قسەی سەرسوڕهێنەری هەبوو، جیاواز بوو لەوانی دیکە ئەو (دیکتاتۆرێکی خۆشەویست) بوو، بەڵام بەم دەردەیان برد، ئیدی پشتی لەناوبردنی وەکو خراپترین دەسەڵاتی دیکتاتۆری ناوی دەهێنن. ئەو لە ڕەفتار و جووڵە و شێوازی ئاخاوتن و جلوبەرگ و هەتا شوێنی مانەوەشی لە سەرۆکەکانی دیکە جیاوازتر بوو.
تا نەیان مراند، دیکتاتۆرێکی قسەخۆش و لێزان و نموونەی نیشتمان بوو، کە کردیانە پەند، هەموو کەسێک بە قسە هەنجن هەنجنی کرد و نووکە پەندی زەمانەیە. لەبیرمە ساڵێک گوتی (بلدۆزەرەکەم بەکاردەهێنم و بەکاریشی هێنا دەرگای زیندانی پێ شکاند)، وەکو ئاماژە و نیشانەیەک بۆ نەهێشتنی زولم و زیندان، پێی وابوو بەم ڕەنگە دەبێتە سیمبولی نەهێشتنی زیندان و یاساپەروەر و پاڵپشتی مافی مرۆڤ دەبێت.
(بافل تاڵەبانی) سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەموو دەسەڵات و هێز بڕیارێکی لەنێو حزبەکەی لە دەستی خۆی کۆکردۆتەوە، بەناوی زیندووکردنەوەی (یەکێتی نوێ) هەرچی بەکۆن و ئێکسپایەر و قسەکەری بێکاری زانیبوون، لایبردن. ئەو دەسەڵاتی تاقانەی خۆی بەکارهێنا و خستنیە دەرەوەی (ئیرادەی یەکێتی). ئەم هەڵسوکەوتانەی (بافل تاڵەبانی) لە ئاخوڕی دیموکراسی سەرچاوەی گرتووە، مەبەستم لە ئاخوڕی دیموکراسی کۆبوونەوەی دەسەڵات و هێزێكی زۆر و سەرچاوە و توانایەکی بێ حیسابە لەچنگی یەک بەرپرس و لەیەک کارەکتەردا و ئەویش ئەم دەسەڵاتە وەکو سەرچاوەی ژیانەوە و بوژانەوە و هەڵسانەوەی یەکێتی وەسف دەکات، لەکاتێکدا ڕەفتارەکان لاوازیی و پاشەکشەی دیموکراسی دەگەیەنن. ئەمە هەقی خۆیەتی لەنێو حزبەکەی چ دەکات، ئەگەر ئەندامی حزبەکەی پێشوازی لەم پێنگاڤانە دەکەن، گلەیی لێکردنی دەبێتە تشتەکی زیاد، لەوانە:
یەکەم: دەیەوێت شتێک بکات بە مام جەلال نەکرابێت. جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کورستانی)یان بە بڕیارێکی خۆیانە و بە کاکەبرالەی نێوانیان هەڵوەشاندەوە و کۆتاییان بە بنەمای (بەرەیی کارکردن لەنێو یەکێتی) هێنا، (بافڵ)یش پاشماوەکانی هەموو ئەو بیرۆکە و ڕەفتار و کەسانەی پاککردەوە، کە پێیان وابووە (یەکێتی بە گەڕانەوە و دروستکردنەوەی شێوە کاری ڕێکخستنی بەرەیی بەهێز دەکەنەوە). ئەمەشی بە ئاسانی نەکرد، هێزی تاکڕەوانە و خۆسەپێنانەی خۆی بەکارهێنا و لە هەندێک دۆخدا (قەڵای تەخت کرد) و (خەڵکی سڕییەوە) و (ئەوانەشی لەبەردەم هەنگاوەکانی خۆی لادا، کە پێیان وابوو هێزی یەکێتی لە فکر دەبینین).
دووەم: ڕاستەوخۆ لە دیداری (مێری) گوتی: "بلدۆزەر بۆ تەختکردنی ماڵی پارتییەکان لە سلێمانی بەکاردەهێنم، ئەگەر...". ئەمە لەکردەوەدا سوود وەرگرتنە لە ئاخوڕی دیموکراسی و ئەو ململانێیە حزبییەی هەیە و کەسیش بەرپرس نابێت لە باش و خراپی و لەهەمان کاتدا ئاماژەشە بۆ بەکارهێنانی هێز دژی بەهاکانی دیموکراسی و بۆچوونی جیا و فرە بیرکردنەوە، یان هەر هەڕەشەیەک وەکو ئاماژەی بۆ دەکات دژی ئەوان لەناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حزبەکەیان ڕووبدات. ئەم ئاخاوتنە شتەکان بەرەو ئاقارێکی ئاژاوەگێڕی و بیرکردنەوە لە تووندڕەوی دەبات، نەک خاوکردنەوە.
سێیەم : (بافڵ) یان دەبێت وەکو خۆی، نەک وەکو یەكێتی بیربکاتەوە تاکو ببێتە سەرکردەیەکی خودان بڕیار، یان دەبێت دەریچەیەک بۆ تێگەیشتن لە گەڵ پارتی و لایەنەکان بدۆزێتەوە. لەم دۆخەشدا پێیان وایە وەکو سەردەمی ڕابردوو ئەوان دەبنە قوربانی و پاندەکرێنەوە. چارەسەر ئاڵۆزە و ئاسان نییە، بۆیە دۆزینەوەی ڕێگاکان پێویستی بە ژیری دەستکردە.
چوارەم: لەم ماوەیەدا بینیمان و ئاشکرا بوو، کە (بافڵ) دەیەوێت کردە و ڕەفتار و نمایشێکی جیاواز لەوانی دیکە بکات، بەشێکی (کۆمیدیایە) و بەشێکیشی (سیاسەتی ناڕازیبوون و ڕەتکردنەوە و هەستکردن بە پلیقانەوەی خۆیانە) و (بەشێکیشی بەمەزەندەی خۆی هەڵوشانەوە و تێکدانی هاوسەنگییەکانە).
پێنجەم: ئەو بلدۆزرەکەی بۆ لێدان و ترساندنی پارتییەکانە، ئەم چەشنە لێدوانە نەک سوود وەرگرتنە لە ئاخوڕی دیموکراسی، نەخێر ڕووخێنەر و تەختکردنی ئاخوڕەکەیە. بۆ دەڵێم ئاخوڕ، چونکە هەرێمی کوردستان بۆ هەندێک لەڕووی سیاسی و دارایی و بەشداری لە پەرلەمان و بەڕێوەبردن وەکو ئاخوڕی لێهاتووە، هەر دەیانەوێت لێی بخۆن و هیچشی بۆ نەکەن و هەرچی دەیەوێت بگاتە ئەم پلە سیاسیانە، مەبەستی خواردن و بەدەستهێنانی دەستکەوتە کەسییەکانە، نەک خزمەت.
گوتاری بەکارهێنانی هێز (بلدۆزەر) (قەزافیمان) بیر دەهێنێتەوە، کە لەسەردەمی خۆیدا ئەو (بلدۆزەرەکەی) گوایە بۆ ئەوەبوو ئاخوڕی ئاسایش و ئارامی و مافی هاووڵاتیان لە بواری دیموکراسی سیاسی بینا بکات و بەرای گشتی دونیا بڵێت ئەو ڕەفتارەکانی حووکمڕانی خۆی نەرم و چاک کردۆتەوە، لەکاتێکدا بەشێکی وڵاتەکەی زیندان بوو. ئەوەی (بافڵ) جیاوازە. جیاوازیەکەی لەمەیە:
یەکەم: ئەو ڕاستەوخۆ ئاماژە بە بەکارهێنانی کردەی هێز بەڕاشكاوی و ڕاستەوخۆ دەکات، واتە هیچ ڕێگە و گفتوگۆیەک و دەرفەتێک بۆ چارەسەری کێشەکان نەماون، هەروەها لەجیاتی گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ، دەیەوێت هێز وەکو (ترساندن، فشار و پاشەکشەی بەرانبەرەکەی، نیشاندانی دەسەڵات و کەسایەتییەکی بەهێزی خۆی لەنێو خودی حزبەکەشی) نمایش بکات.
دووەم: گوتار بریتییە لە ڕاپەڕاندنی بەکردەوەی فکر و بۆچوون و بڕیار و ئاگاداریی و هەڕەشە و حووکم. دڵنیانیم چەند، بەڵام کەسانێک هەن سەرسام بوون بە ڕەفتار و جووڵە و نووکتە سیاسییەکانی (بافڵ) لەبەر ئەوەی ئەو پێی وایە بە هەڕەشە و (بلدۆزەرەکەی) دەتوانێت ئاخوڕی گەڕانەوە بۆ هێز بەشێوەیەکی بەهێز نیشان بدات و هێزی یەکێتی لەسەرووی دیموکراسی و لەیەکتر گەیشتن بسەپینێتەوە.
(بافڵ) لەم هەڵبژاردنەدا و ڕەنگە دواتریش بیەوێت بەهەمان فۆرم و شێواز و جۆر قسە بکات و ئیدارەی سیاسەتی یەکێتی لەنێوەخۆی و لەگەڵ پارتی و حکوومەت بکات. بلدۆزەریش هێما و نیشانەیە بۆ دوورکەوتنەوە لە لۆژیکی ئاخوڕی دیموکراسی، ئاخوڕی دیموکراسی پڕە لە نموونەی خراپی بەکارهێنانی هێزی (دیکتاتۆرانە، تاکڕەوانە، سەپێندراو، ترسێندراو، قرتێنراو، فریودراو، گەورەکردنی بابەت لەپێناو بچووکردنەوەی هەقیقەتی ناکۆکییەکان). لەبەر ئەوە لەسەردەمی دیموکراسی کە ئاخوڕی بیرکردنەوە و ڕەفتار و قەناعەت فرە و فرەهێز دەبێت، لە دیماهیدا دەبێتە هۆکاری ئەوەی زۆر لایەن و کەس دیموکراسیەت بەکاربهێنن، بۆ گوزارشت لە دۆخی نادیموکراسی و تووند و لەقووڕ چەقێنراوی دۆز و گرفت و قەیران و شتەکان.