بێ حساب قسەکردن
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دیموکرای (ئازادی ئاخاوتن و کۆڕ و کۆبوونەوە و بڵاوکردنەوەی زانیارییە بێ سانسۆر و نەمانی ڕۆڵی پۆلیسە لە چاودێری خاوەن بیروڕای جیاواز و تایبەت و فروانا بوونی و کارا بوونی گوتارە لە بەدیهێنانی مافەی گشتی و تاکە کەسییەکان). هەموو ئەو وڵات و دەسەڵاتانەی لە سنوورێکی بەرتەسکیش مافی ئازادی ئاخاوتنیان هەیە، شانازی بە دیموکراسی و سیستەمی باوی دیموکراسی دەکەن.
لە هەرێمی کوردستان پێش ڕاپەڕین بەشێوەیەکی گشتی خەبات بۆ بەدیهێنان و گۆڕینی عێراق بۆ سیستەمێکی دیموکراسی بوو، لەپێناو بەدەستهێنانی (ڕزگاربوون و ئازادی) دەخەبتن ، بەکارهێنانی ناوی کورد بۆ منداڵەکانیان و دوکان و شوێنە گشتییەکان بە سەربەخۆیی و بەهێزبوونی کەسایەتی و زمانی کوردی دەزانی. تا گەیشتە ئەوەی لە ماوەی ٣٤ ساڵی ڕابردوو، جوگرافیایەکی فراوان بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە و کۆڕ و کۆبوونەوە و ئازادانە ئاخاوتن و بەکارهێنانی زمانی کوردی لە دامەزراوەکانو زانکۆ و توێژینەوەی زانستی بڕەخسێت و دەستووری عێراقیش دان بە فەرمیبوونی بەکارهێنانی زمانی کورد شان بەسانی زمانی عەرەبی بدات، ئەمە دەستکەوت و هەنگاوی حیساب بۆ کراوە بوو. ئەم ڕەخساندنە پەیوەندی بەدوو شت هەیە:
یەکەمیان: کەلتووری کۆمەڵگەی کوردی خۆڕسکانە بریتییە لە کەلتووری میللەتێکی داگیرکراو، بۆیە حەزی لەکرانەوە و ئازادی و ڕزگاربوونە، ئەمانەش پێناسەن بۆ دیموکراسی و خودی کەسایەتییەکی سەرکتوکروی بەپاشکۆ بووی نیمچە کۆیلە.
دووەم: هەتا ئێستاش هاووڵاتیانی کوردستان بەیەکەوەژیانێکی ئاشتیانە بەڕێ دەکەن و لەڕووی ئایینی و نەتەوەیی و کەلتووریی کێشەیان لەگەڵ جیاوازیی و فرەیی و پاراستنی تایبەمەندییە رەسەنکەنای هیچ پێکهاتەیەک و زمانێک و ئاییةیک و نەریتێک نییە، ئەمەش لەکردەوەدا فۆرمێکی سەرەکییە بۆ دیموکراسی. دەتوانم بێژم کۆمەڵگەی لە حزب و گروپە سیاسی و هەندێک کارەکتەری ڕقهەڵگرتووی بەناوی سیاسی دیموکراسیترن.
بۆیە ناوم لێناوە ئاخوڕی زۆرگوتنی سیاسی و کەم بەرهەمێنانی بیناکردنی دیموکراسی، ئەمەش ڕاستەوخۆ بە حزب و گروپە سیاسییەکانەوە بەندە. ئیسلامییەکان نایشارنەوە دیموکراسی بانگەشەیەکی ڕۆژئاواییە و ئەگەر بوێرن و هەندێک هاوکێشە و هاوسەنگی سیاسی لێیان بگەڕێت ئەڤە بە (کوفر) هەژمار دەکەن و غلۆری دەکەنەوە بۆ دۆزەخ، لایەنە نەتەوەییەکان (پاراستن و پەرەپێدانی نەتەوە و هەرێمیان) لا پلە یەکە و لەبەر هەندێ نەتەوە هەندێک جار پێش دیموکراسی دێخن، نەک جۆری حکوومڕانییەکە.
گروپە سۆشیال دیموکراتەکان و ئەو لایەنانەی بانگەشەی مەدەنیەت و بەڕۆژئاوابوون دەکەن لە کردەوەدا کێشەی خۆ بەپاشکۆزان و خۆ لەبیرکردنیان هەیە، بۆیە پێچەوانەی دیموکراسی و بانگەشە بۆ ئەوروپایی بوون، لەکردەوەدا خۆیان ساخ نەکردۆتەوە لەنێوان کەلتووری خۆیی و کەلتووری بیانی بە چ پێنگاڤێک بەرەو پێشەوە بچن، ئەمەش وایکردووە دۆخی (ئاخوڕی دیموکراسی، نقوومی گێژاوی بێ متمانەیی و هەڵچوون و داچوون نیمچە گەمژیەکیش لە تێفکرین و هزراندن بێت).
گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان، کە لەڕاستیدا سیفەتی ئۆپۆزسیۆنیان نییە، بەڵکو تەنیا خاوەنی (قسەی گەورە و هێرش و ڕەخنەیی پیرەژنانەن، نەک پڕۆژە و بەرنامەی بیناکرانە)، لە هەستکردن بەلاوازیی و بەردەوامی و مانەوەی هێزەکانی دەسەڵات، بەناوی دیموکراسی و ئازدانە ئاخاوتن) ئامادەن سازش لەگەڵ هەموو لایەنێک دژی هەرێم بکەن و خۆشیان بە قسە، تەنیا بەقسە بەڕەوا و هەقدار بزانن).
ئەم ئاخوڕی قسەکردن و هێرش و ئاژاوەی هەیە، لە ڕاستیدا جۆرێکە لە ناشیرنکردن و لاوازکردنی پێگە و بنەما تۆکمەکانی دیموکراسی، چونکە ناکرێت (دیموکراسی تەنیا وەکو خۆراک و ئۆکسجین) بێت، بەکاربهێرنێت و بەرهەمهێن نەبێت.
دیموکراسی هەر ئەوە نییە مافی قسەکردنی بێ سنوور و دوور لە بەرپرسیاریەتیت هەبێت، دیموکراسی لەسەر ڕێزگرتنی هاوسەنگ و یەکسان و پاراستنی مافی بەکارهێنانی (وشە و ئاخاوتن و گوتن) لەپێناو خوولقاندنی زەمینەی گفتوگۆیەکی بەرهەمهێن گەشە دەکات.
دیموکراسی کەلتوور و ڕەفتار و پەروەردەیە لەئاستی تاک و کۆمەڵگە، دیموکراسی بانگەشەی سیاسی و خراپ وێناکردنی ئازادی تاک نییە. کەسانێک هەن لەنێو ئاخوڕی دیموکراسی لەسەر (زۆر بەکارهێنانی وشەی بێ لێپرسینەوە، بێ ڕەچاوکردنی ڕێزگرتنی ئەوی دیکە و پێشێلی مافی جیاواز بوون) هەڵسوکەت دەکەن، دیموکراسی دەسەڵات و کەلتوورە لەپێناو پاراستنی جیاوازییەکان و ڕێزگرتنی ناکۆکییەکان و ڕکابەری بەشێوەیەکی ئاشتیخوازنە و بەکارهێنانی (وشە) یە، بەپێی ئەو پێوەرانەی ئازادی بەهێز دەکات. ناکرێت مافی قسەکردن وەکو ئاخوڕی بێ حیساب و نا یەکسان و نا هاوسەنگ بێت، کێ بەهێز بوو، کێ زووتر پێڕاگەیشت و کێ ئارەزووی کرد، بێ سنوور وشە بەکاربهێنێت، ئەوەی مافیش پێشێلکرا، وەکو کەسێکی خەسێنراو، یان تاوانبار، یان سووکراو و ناشیرنکراوی پاشکۆ و کۆیلە نمایش بکرێت.