لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا، قسەکردن و زۆر بەکارهێنانی وشە و زۆر ئاخاوتن نرخی بانگەشە و بەکارهێنانی سۆشیال میدیا و تەلەڤزیۆن و ڕادیۆ لەسەر بەربژێرەکان زیادەکات، کەچی لە بانگەشەی هەرێمی کوردستان قسەکردن خۆڕاییە و لە خۆڕایە و پێ دەچێت هیچ باجێکی لەسەر نەبێت (سزادان و دەروونی). هەرچی زۆرترین ڤیدیۆ و وێنە و قسە بکات، کەمترین پارە دەدات. بە واتای ئەوەی هەتا قسە نەبێتە پارە، قسەکەران و خودانی گوتارەکان وشە و قسە بەپێی پێویست ناکەن و کورت ناکەنەوە و ڕەچاوی دەوروبەر و سزا و خۆسزدان و دۆخی دەروونی وەرگرەکانیان ناکەن.
کاندێد و ئەوانەی قسەدەکەن و دەئاخڤن بەرپرسن لە بەکارهێنانی زمان و ئەو وشانەی بەکاریان دەهێنن، نەک لەڕووی سیاسییەوە، بەڵکو لە لەبەردەم یاسا و ڕای گشتی لێپێچینەوەیان بۆ دەکرێت، کەچی لە هەرێمی کوردستان نەک هەر کاندێدی بێ بەرنامە و بەڵکو هەندێک لە بەرپرسەکانیش بەشێوەیەک دەئاخڤن، وەکو ئەوەی دەشت بێت و لێیان دەخوڕی و ئاوڕیان لە بنە پنچکێش نەدەدایەوە، نەک خودی مرۆڤەکان!. وەکو ئەوەی لە مەجلیسێکی عەشائیری پڕ لەئاژاوە بن، وەکو ئەوەی لە دەشتاییەک بن، تەنیا و تەنیا خودی خۆی بە تەنیای لێبێت و ڕاست و چەپ، بێ خۆبەستنەوە بە بەرپرسایەتی دەئاخڤن. وەها دەئاخڤن، فشەیان بە قەشمەری بێت.
گەلێک لەوانەی بانگەشەی هەڵبژاردنیان کرد هیچیان نەگوت، قسەکانیان بەهای سۆێکی سوتای نەبوو، بەڵام زۆر قسەیان کرد، نیشانیان دا کەسانی ڕەخنەگری جدین و دەیانەوێت بەڕاهێنانی گوێرەکانیان لەسەر بیرۆکەی تێکشکاندنی دەسەڵات دەرفەتی باشتر بۆ خۆ دروستکردنەوە دەسازێنن و مرخ لە سەرکەوتن خۆش دەکەن. لەکاتێکدا دروستکردن لەسەر گوفەکی قسە و ئاخاوتنی بێ بەهاکردنی بەها نیشتمانی و ئەخلاقی و سیاسییەکان و تێکشکاندن و داڕزاندن بینا ناکرێت. هەندێک لەوانەش ویستیان شێوازی نوێ لە هاندان و جووڵاندنی جەماوەرەکەیان بدۆزنەوە، ئەوانە زۆربەی ئەو کەشەی دروستیان کرد پڕ بوو (ئەکتەربوون و گۆڕینی واقیع بۆ ناواقیع و بە فەشەکردنی قسەکردن و بەگولەکردنی گوێرەکانیان و خۆ نمایشکردن تا دەگەنە ئاستی فەرهاد پیربال).
گوتار کار دەکات عەقڵ لای گوێر و وەرگرەکانی قسەکەر کارا و بەهێز بکات، نەک لە جیاتی عەقڵ (بێ عەقڵی و پاشکۆبوون و گیرفانسزیی و ژن بۆهێنان و دروستکردنی شوقە و ڕووخاندن) بێت، ئەمانە درۆی بەهەشتین. لەم هەڵبژاردنەدا خۆکاندێدکردن وەکو (کۆسە بەبارانێیە)، هەندێک لە ڕاستی پەرلەمان بە بازاڕی شێخەڵڵا تێگەیشتوون. ئەمە چ جەهالەت و کوێرەوەریی و بێ بەهاکردنی هەموو بەهایەکە.
لە ئەمەریکا هیچ کاندێک و بەرپرسێک بە جەماورەکەی ناڵێت (ژنت بۆ دەهێنم) و (شوقەت بۆ دروست دەکەم) و (موچەت دەدەمێ)، هیچ کاندێدێک و بەرپرسێک نایەوێت ئەمەریکا بڕوخێنێت، هیچ یەکێکیشیان درۆیەکی هەقیقی لەپێناو شاردنەوەی ڕاستییەکی پەلوپۆ شکاو ناکات. لە ئەمەریکا هیچ کەسێک و ئاخێوەرێک ناوێرێت شکاندی وڵاتەکەی بە سەرکەوتن وەسف بکات، چونکە پێس ئەوەی دەستوور و یاسا سزای بدەن، دەنگدەر سزای دەدەن.
کاندێدێک لە ئەمەریکا نادۆزمەوە بۆ ئەوە هاتبێت، وڵاتەکەی بشکێنێت و داکۆکی لە دوژمنەکانی وڵاتەکەی بکات و دروشمەکانی شکاندن بێت و گالتە بە هەڵبژاردن بکات و فشە بە سیاسەت بکات و نوێنەرایەتی و پەرلەمان و ناوچەیەک بە درۆزنانە بکاتە دۆزەخ بۆ تێکشکاندنی کەسایەتی و ناسنامەی نیشتمانی، خۆشی سوکایەتی و زمانی سوکایەتی و بێ بەهاکردنی هەموو شتیك پەیڕەو بکات. کەچی لای ئێمە (فشەخانەیەکە بوو ئەو سەری دیار نەبێت!!!. کاندێدەکانمان، بەرپرسە یەکەمەکانمان دەیانەوێت لەڕێگەی سوکایەتی بە ناوچەکان و شارەکان و بێ بەهاکردنی هەموو بنەمایەکی سیاسی دەنگ کۆ بکەنەوە، ئەویش لەڕێگەی بە گەمژە کردنی دەنگدەر. یەکەمجارە بزانم "بە کاول نیشاندانی وڵات و تڕۆکردنی بنەما ئەخلاقییەکان و بانگەشەی شۆڕشکردن کردن و هاوارکردن بۆ لەسێدارەدانی ڕکابەرەکان و دەسەڵات و ڕووخاندن دەنگ کۆ بکرێتەوە". هەندێک لە خاوەن گوتارەکان جیاوازیان لەنێوان گوتاری دەنگدانێکی مەدەنی و شۆڕشێکی خوێناوی نەکرد.
هەیە قسە دەکات و لە ئەرک و مانای قسەکردن نازانێت، هەیە هەڕەشە دەکات و دەکوژێت و ناشارێتەوە، کەچی دەکڕوزێتەوە و باسی غەدرلێکراوی خۆی دەکات، هەیە خەڵک لە سێدارە دەدات، کەچی بانگەشەی ڕێزگرتنی مافی مرۆڤ و ئازادی و یاسا دەکات. هەیە جیاوازی لەنێوان گوتاری شۆڕش و گوتاری هەڵبژاردن ناکات. کارەساتە سیاسییەکان سیاسی نەبن، نوێنەرەکانی پەرلەمان، مەسەلەکە بە قۆشمەچیەتی و پەستێکی پەنچەر و بازاڕی مریشک فرۆشتن بزانێت و هەشبێت ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات لێکجیا نەکاتەوە و دەسەڵاتیش ئامۆژگاری خەڵک بکات دادپەروەر بن.
بەزەیم بە گوتاری هەڵبژاردنی هەندێک دێتەوە، کە پێی وایە بە تڕۆکردن و بەکەرکردنی سیاسەت و بە گەمژە کردنی دەنگدەر هێزێکی متمانەداری بەهێز دروست دەکات، یان بە بەکارهێنانی زمانی سادی و زمانی سێرک دەتوانێت هێز بۆ خۆی بگێڕێتەوە، جیاوازی لە نێوان زمانی فەرمی و زمانی سۆشیال میدیا نەکات، هەژارییە لە گەیشتنە زمانێکی کۆمیدیی خودان فەلسەفەی بیرکردنەوە، بۆیە دەتوانم بڵێم هیچ هێزێکی بێ عەقڵ و لۆژیک ناتوانێت گوتاری هێزێکی هەقیقی کاریگەری وەبەرهێن دروست بکات، بۆیە هیچ گوتارێک، کە هێزی لۆژیکی نەبێت، سەرکەوتوو نابێت. لە کردەوەدا ئەمجارە بانگەشە و گوتاری هەڵبژاردن کۆمیدیی بوو، زۆریان هیچیان نەگوت و زۆریش قسەیان کرد.